کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان
کادیرو ئۆرگانەکان و ئەندامان و جەماوەری #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان
ئەنجومەنی ناوەندی لەم قۆناغە هەستیارو چارەنوسسازەدا وەک ئەرکی سەرشانی خۆی و بۆ تێپەڕانی ئەم دۆخە ناهەموارەو بەمەبەستی هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی قۆناغی ئێستاو دانانی بەرنامەیەکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی، لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا کە بۆ ماوەی (9) نۆ کاتژمێر بەردەوامبوو، سەرەنجام هەڤاڵانی ئەنجومەن بەگیانێکی بەرپرسیارانەو هەڤاڵانەو هێمنانەو وە دوای ڕاڤەکردنێکی وردی دۆخی هەرێم و ناوچە دابڕێنراوەکان و دۆخی ناوخۆی یەکێتیی، بەکۆی دەنگی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ئەم ڕاگەیەندراوەمان پەسەندکرد کەپێک دێت لەدوو بەش:
بەشی یەکەم: خاڵە گشتییەکان
1- هەرێمی کوردستان یەک یەکەو قەوارەی دەستورییە بەدەسەڵاتەکانییەوە پاڵپشت بە ماددەی (117) بڕگەی (1) ی دەستوری عیراقی، واتە ڕەتکردنەوەی هەموو شێوازەکانی دوو ئیداری و دوو بەرەکی، وە پێمان وایە کە یەکڕیزی و تەبایی گەلی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کلیل و زامنی سەرکەوتن و تێپەڕاندنی ئەم دۆخە نەخوازراوەن.
2- پێکهێنانی وەفدی هاوبەشی پێنج لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستان کە دەستبەجێ و بەپەلە سەردانی بەغداد بکەن بۆ چارەسەکردنی کێشەکان و کردنەوەی دەرگای گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ زامنکردن و پاراستنی مافە دەستورییەکانی گەل و هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان بەسودوەرگرتن لە خەڵکانی شارەزاو پسپۆڕو بەگەڕ خستنی کوتلە پەرلەمانییە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.
3- پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی خۆیان بگێڕن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
4- ئەنجومەنی ناوەندی هیوادارە کە سەرۆکی پەرلەمان و فراکۆسیۆنەکانی گۆڕان و کۆمەڵ بگەڕێنەوە پەرلەمان و بەڕۆڵی خۆیان هەستن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
5- ئەنجومەنی ناوەندی داواکارە کە ئەنجومەنی باڵای سیاسی کوردستان هەڵبوەشێتەوەو، لە ئەگەری هەڵنەوەشاندنەوەی نوێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەو ئەنجومەنە بکشێنەوە.
6- بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەباری دوزو دەوروبەری و ناوچەکانی تر پێویست دەکات دەست بەجێ لیژنەیەکی باڵا لەئەندامانی پەرلەمانی عیراق و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا پێکبهێنرێت بۆ قسەکردن لەگەڵ لیژنەی ئاسایی کردنەوە، بۆ ئاسایی کردنەوەی ڕەوشی ناوچەکە.
بەشی دووەم: خاڵەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
1- ئەنجومەنی ناوەندی جەخت لەسەر یەکڕیزی و تەبایی ناو یەکێتیی دەکاتەوە لەچوارچێوەی ڕێبازی چەپکە گوڵەکەی مام.
2- ئەنجومەنی سەرکردایەتی پێویستە دەستبەجێ و بەپەلە کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات بۆ داڕشتنی چوارچێوەی سیاسەتی ی.ن.ک لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گرفتەکان، لە ئەگەری ئەنجامنەدانی کۆبوونەوەکان تاکو 1/11/2017 ئەوا ئەنجومەنی ناوەندی جارێکی تر کۆدەبێتەوەو هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت.
3- ئەنجومەنی ناوەندی لەو باوەڕەدایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەبێ بەستنی کۆنگرە ناتوانێت لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەدابێت کە کەوتۆتە سەرشانی، بۆیە ئەنجومەنەکەمان جەخت دەکاتەوە لەسەر پێویستی بەستنی کۆنگرە کە لەمانگی شوباتی 2/2018 تێنەپەڕێت و لەو بوارەدا ئامادەیی هەماهەنگین لەگەڵ ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان بۆ بەستنی کۆنگرە.
4- هەر ڕێککەوتنێکی چارەنوسساز کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامی دەدات و دەچێتە چوارچێوەی ماددەی (39) بڕگەی (7) لە پەیڕەوی ناوخۆ پێویستە لە ئەنجومەنی ناوەندی پەسەندبکرێت ئەگەر نا کاری پێناکرێت.
5- ئەنجومەن داوادەکات کە هەڤاڵانی یەکێتی خۆیان بەدووربگرن لە لێدوانی نابەرپرسانە کە دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە یەکڕیزی ناو یەکێتی و هەر هەڤاڵێک پابەند نەبێت بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
6- ئەنجومەنی ناوەندی تۆمەتی هەموو ئەو لایەنانە ڕەتدەکاتەوە کە ئاراستەی یەکێتی و هەڤاڵانی کراوەو خوێنی شەهیدان گەواهی ئەو ڕاستیەن کە کێ لەسەنگەری بەرگریدایە.
7- ئەنجومەنی ناوەندی دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدان و سڵاو بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و خەڵکی بەشەرەفی ناوچە دابڕێنراوەکان و خۆبەخشەکان دەنێرێت، کە سونبولی قارەمانییەتی و بەرخودانن بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و خاکی پیرۆزی کوردستان.
ئەنجومەنی ناوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
23-10-2017