وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ڕەوشی دەوروبەری کەرکووک دوای ئەوەی هێزەکانی عێڕاق هێرشییان کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە ناحیەی پردێ.
ئەمەش دەقی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکایە:
ئەمەریکا زۆر نیگەرانە سەبارەت بە هەواڵی کەوتنەوەی توندوتیژی لە دەوروبەری ئاڵتون کۆپرێ لە باکووری عێراق. ئێمە لە نزیکەوە چاودێری ڕەوشەکە دەکەین و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین چالاکییە سەربازییەکانیان بوەستێنن و ئارامی بپارێزن.
بۆ دوورکەوتنەوە لە هەڵە تێگەیشتن و پێکدادانی زیاتر، داوا لە حکومەتی ناوەند دەکەین ڕەوشەکە ئارام بکاتەوە بەوەی سنورێک بۆ جووڵەکانی هێزە فیدڕاڵییەکان دابنێت لە ناوچە جێناکۆکەکاندا تەنها بۆ ئەوانەی کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا ڕێکخراوە.ئێمە پشت قایمین بەو ڕێنماییانەی سەرۆک وەزیری عێراق عەبادی داویەتی بە هێزە فیدڕاڵییەکان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی کوردستانی عێراق و ئەنجام نەدانی کاری وروژێنەرانە کە ببێتە هۆی پێکدادان.
کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان لەلایەن هێزە فیدڕاڵیەکانەوە بە هیچ شێوەیەک پێگەی ئەو شوێنانە ناگۆڕێت و هەر بە ناوچە جێناکۆکی لەسەرەکان دەمێننەوە هەتاوەکو بەپێی دەستووری عێراق پێگەکەیان یەکلایی دەکرێتەوە. هەتا لایەنەکان دەگەنە چارەسەرێک، ئێمە داوایان لێدەکەین بەتەواوەتی ئاسایش و بەرێوەبردنی ئەو ناوچانە ڕێکبخەن. بۆ گەیشتن بەوەش، هەموو لایەنەکان دەبێت ئێستا دەست بکەن بە گفتوگۆکردن بەپێی بنەماکانی دەستووری عێراقی، وەکو چۆن سەرۆک وەزیری عێراق عەبادی پێشنیاری کردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە ئاشکرا قبوڵی کردووە.
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەند دەمێنێتەوە بە عێراقێکی یەکگرتووی فیدڕاڵی دیموکراتی یەکگرتووەوە و هەروەها پابەندیش دەمێنێتەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە وەکو پێکهاتەیەکی سەرەکی وڵاتەکە. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردنمان لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێمدا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دوورکەوتنەوە لە پێکدادانی زیاتر و هانی گفتوگۆکردن دەدەین.
هەروەها سوورین لەسەر تەواوکردنی شەڕی دژ بە داعش لە عێراق و داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین هەوڵەکانی دووهێندە بکات لەگەڵ هاوپەیمانێتی جیهانیدا هەتاوەکوو ئەرکەکە تەواو دەبێت.
21-10-2017