دواڕۆژ
سەندنەوەی شاری ڕەققەی سوریا لە ژێر چنگی ڕێکخراوی دەوڵەت، ئاماژەیەکی جیایە لەو جەنگەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دژی ڕێکخراوەکە سەرکردایەتیی دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا چەندین پرسیار دەورووژێنێت سەبارەت بە ئاییندەی بوون و مانەوەی ئەمریکا لە سوریا و ئاستی جدییەتی واشنتۆن لە پابەندبوونی بەرامبەر هاوپەیمانە هەرە دیارەکەی کە کوردەکانە، بەتایبەت دوای ئەوەی بواری کردەوە بۆ حکومەتی بەغدا تا شاری کەرکووک لە دەستی هێزە کوردیەکان دەربێنێت.
بە پێی قسەکانی عەقید ڕیان دیلۆن وتەبێژی سوپای ئەمریکا، ڕێکخراوی دەوڵەت 87% ی ئەو ناوچانەی لەدەستداوە کە پێشتر کۆنترۆڵی کردوون و دوا پێگەیان لە دێرزورە کە ئێستا هێزە نیزامیەکان لە پێشڕەویدان بۆ گرتنەوەی.
رۆژنامەی واشنتۆن پۆست پرسیارێکی دەربارەی ئاییندەی ڕەوشی سوریا ورووژاندووە، بەتایبەت دوای ئەو هەواڵانەی کە باس لە پێشڕەویی هێزە نیزامیەکانی سوریا، بە پشتگیریی هاوپەیمانە ڕوس و ئێرانیەکانی، دەکەن بەرەو دوا پێگەکانی ڕێکخراوەکە لە دێرزور. ئاماژەی بەوەیشداوە ویلایەتە یەکگرتووەکان هێزەکانی سوریای دیموکراتی سەرپشک کردووە لەوەدا کە دەیانەوێت بەردەوام بن لە پێشڕەوییەکانیان لە دوای ڕەققە یاخود بوەستن، ئەو هێزانەی کە کوردەکانی سوریا سەرکردایەتیی دەکەن.
واشنتۆن پۆست دەڵێت تا ئێستایش ئەوە نازانرێت کە ئاخۆ ئیدارەی ترەمپ ئامادەی مانەوەیە لە باکوری خۆرهەڵاتی سوریا بۆ دابینکردنی پارێزگاریی لە هاوپەیمانە کوردەکانی یاخود دەکشێتەوە، پاشان دەستبەردەریان دەبێت بۆ ئەوەی بکەونە بەر هێرشی هێزەکانی ڕژێمی سوریا وەک ئەوەی لەگەڵ کوردەکانی عێراقدا کردی کاتێک حکومەتی واشنتۆن ڕێگەی دا بە حکومەتی ناوەند لە بەغدا، هەتا شاری کەرکووک لە دەستی هێزە کوردیەکان وەربگرێتەوە کە فەرمانڕەوای شارەکە بوون؟.
پێشتریش چەندین بەرپرسی ڕژێمی دیمەشق نیازی خۆیان بۆ ئەوە ڕایانگەیاندووە دەستبگرنەوە بەسەر هەموو ئەو ناوچانەدا کە ئەسەد لە هەموولایەکی وڵاتەوە لەبەردەم ئۆپۆزیسیۆندا لەدەستیداوە، بەو ناوچانەیشەوە کە لەژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سوریادان.
نیکۆلاس هیراس، شرۆڤەکاری ئەمنیی ئەمریکایی، وایدەبینێت کە مەسەلەکە کارەساتاوی دەبێت ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکان بڕیاری پاشەکشە بدات لەو ناوچانەی سوریا کە لەژێر دەسەڵاتی کوردەکاندان.
ئەنجومەنی مەدەنیی کە لە عەرەب و کورد پێکهاتووە، ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی شاری ڕەققەی سوریا لە ئەستۆ دەگرێت، دوای ئەوەی کۆنترۆڵ کرایەوە. بەپێی وتەکانی حەسەن حەسەن (لە سەنتەری نووسین لە واشنتۆن پۆست) پێویستە لەسەر کۆمەڵی نێودەوڵەتی پارەی پێویست تەرخان بکات بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوەی شارە وێرانبووەکە. هەروەها دەڵێت نەبوونی سیاسەتێکی ڕوون و ڕاشکاوانەی واشنتۆن بۆ باکوری خۆرهەڵاتی سوریا، ڕەنگە ببێتە هۆی لەبارچوونی هەموو ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستا بەدەستهاتوون.
حەسەن، هەروەها دەڵێت :کەس بڕوای بە ئەمریکیەکان نییە، تەنانەت کوردەکانیش. ئەگەر سەرکەوتوو بوو لە پشتگیریی کوردەکان لە تێکشکاندنی توندڕەویدا، دەبێت مامەڵە لەگەڵ دەرەنجامەکانیشیدا بکات. مەسەلەکە تەنیا بۆمباران نییە بەڵکو دەبێت ئەرکەکە درێژە پێ بدات.
ئەو هێزانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانییان دەکات، ڕایانگەیاندووە بە تەواوی کۆنترۆڵی شاری ڕەققەی پایتەختی ڕێکخراوی دەوڵەتیان کردووە، ئەمەیش ئاماژەیەکە بۆ کۆتایی نفوزی ڕێکخراوەکە لەو پێگانەیدا کە وەک ڕەمزێکیان وابوون. لەهەمانکاتدا چەندین پرسیاریش دەورووژێنێت دەربارەی جدییەتی ڕۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئاییندەی سوریا و پەیوەندییەکانی بە کوردەکانەوە.
و: لوقمان محەمەد ڕەشید[1]