وەرزی چاندنی #گەنم# نزیک بووەتەوە، #وەزارەتی کشتوکاڵ#یش پێشبینی دەکات ئەمساڵ زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی بەگەنم بچێندرێ، بەڵام بەهۆی دابیننەکردنی بودجەوە، ئەمساڵ نەیتوانیوە هیچ بنەتۆیەک بۆ جووتیاران دابین بکات.
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە هەشت ساڵی ڕابردوودا ڕووبەری چاندراوی گەنم لە هەرێمی کوردستان ساڵ بەساڵ بەرەو هەڵکشانە، بە جۆرێک لە ملیۆنێک و 937 هەزار دۆنمەوە بۆ سێ ملیۆن و 552 هەزار دۆنم زیاد بووە.
فاروق عەلی، بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی دانەوێڵە و پەسەندکردنی بنەتۆ لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان بە (رووداو)ی گوت: ئەگەر تا ناوەڕاستی کانوونی یەکەم بارانی پێویست ببارێ، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ زیاتر لە 3 ملیۆن دۆنم زەوی بەگەنم بچێندرێ.
بۆ چاندنی ئەم ڕووبەرە پێشبینیکراوە، جووتیاران پێویستیان بە زیاتر لە 97 هەزار تۆن بنەتۆی گەنمە، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵ تا ئێستا هیچ بنەتۆیەکی بۆ جووتیاران دابین نەکردووە.
فاروق عەلی هۆکارەکە ڕووندەکاتەوە و دەڵێت: بەهۆی دابیننەکردنی بودجە بۆ کڕینی بنەتۆ، ئەمساڵ ناتوانین هیچ بنەتۆیەک بەسەر جووتیاراندا دابەش بکەین.
گوتیشی: وەک هاوکارییەک بۆ جووتیاران، ئەمساڵ نزیکەی 3 هەزار تۆن گەنممان بەنرخی پاڵپشتی 75% بۆ جووتیاران پاک کردووەتەوە، تا وەرزی چاندنیش لەوانەیە 3 هەزار تۆنی دیکەش پاک بکەینەوە، بەنیازبووین لە دهۆک و سلێمانیش گەنم بۆ جووتیاران پاک بکەینەوە، بەڵام بەهۆی کەمیی بودجەوە نەمانتوانی.
پارێزگای سلێمانی لەڕووی ڕووبەری چاندنی گەنمەوە لە دوای پارێزگای هەولێر بەپلەی دووەم دێت، ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک دۆنم زەوی بەگەنم و جۆ لەو پارێزگایە دەچێندرێ.
رزگار محەممەد، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکە، پارێزگای سلێمانیش ئەمساڵ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ تەرخان نەکراوە، بۆیە ئەمساڵ ناتوانین هیچ بنەتۆیەک بەسەر جووتیاراندا دابەش بکەین.
بەڵام ڕزگار محەممەد دەڵێت: وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیاران پڕۆژەیەکمان بۆ پاککردنەوە و دەرمانکردنی گەنمی جووتیاران هەیە کە لە بەرامبەر پاککردنەوە و دەرمانکردنی هەر تۆنێک گەنم تەنیا 20 هەزار دینار لە جووتیار وەردەگرین، بەڵام بەهۆی درەنگ ڕەزامەندیدان و دابینکردنی پارەکە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە، تاوەکو ئێستا پرۆسەکە دەستی پێنەکردووە، ئەمە لەکاتێکدایە وەرزی چاندن نزیک بووەتەوە و جووتیارانیش ئامادەکاریان کردووە بۆ چاندنی ڕووبەری زیاتر لە 850 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم و 250 هەزار دۆنم بە جۆ.
باشترین کات بۆ چاندنی گەنم لە هەرێمی کوردستان 15ی تشرینی دووەمە، بەڵام ئەگەر باران تاوەکو نیوەی یەکەمی مانگی کانوونی یەکەمیش دوابکەوێ، کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەم نابێت.
سەلیم محەممەد، جووتیارێکی پێشکەوتووی ناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێرە، ساڵانە نزیکەی 500 دۆنم زەوی خۆی و جووتیارانی دیکە لەگوندەکانی کەردز و پاڵانی بە گەنم دەچێنێ و ئەمساڵیش ئامادەکاری بۆ چاندنی گەنم کردووە و دەڵێت ئامادەکاریم بۆ چاندنی 500 دۆنم زەوی بە گەنم کردووە، بەڵام لە ئێستاوە ترسمان هەیە دووبارە حکومەتی عێراق بیانووێک بدۆزێتەوە و گەنمەکەمان لێوەرنەگرێ یان پارەکە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو دوابخات و تووشی زیان ببینەوە.
سەلیم محەممەد، گوتی چاندنی گەنم قازانجی نەماوە، بەڵام جووتیاری بووەتە پیشەمان و ناتوانین دەستبەرداری ببین. گوتیشی ئەگەر حکومەت بەرهەمەکەمان بە نرخی پاڵپشت لێنەکڕێتەوە و ناچاربین وەک ساڵی ڕابردوو لە بازاڕ بیفرۆشین ئەوە دووبارە تووشی زیانی زۆر دەبینەوە، چونکە پەیین و بنەتۆ و گاز گرانە و بەرهەمەکەش بەهۆی زۆری لەکاتی پێگەیشتن وەک پێویست پارە ناکات.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 550 هەزار دۆنم کەمتر زەوی بەگەنم دەچێندرێ، ئەمە لەکاتێکدایە لە ساڵانی پێشتر ڕووبەری چێندراو بەردەوام لە هەڵکشاندابوو.
سەلیم محەممەد دەڵێت ماوەی سێ ساڵە حکومەتی عێراق بەشێوەی پچر پچر پارەی گەنمی جووتیارانی کوردستان دەدات و بڕی وەرگرتن و نرخەکەشی کەمکردووەتەوە، بۆیە جووتیاران جۆرێک لە ساردبوونەوەیان لە چاندنی گەنم پێوە دیارە. سەلیم محەممەد گوتیشی بەشێک لەو جووتیارانەی زەویەکانیان بیری تێدایە لە جیاتی چاندنی گەنم ئێستا فێر بوون زەوییەکانیان بە کرێ ساڵانە دەدەن بە خەڵکی دیکە بۆ چاندنی سەوزە، بەشێکیشیان بە بەیار دەیهێڵنەوە.[1]
29-10-2017