لەکۆتایی هەفتەی ڕابردوودا نرخەکانی #نەوت# لە بازاڕەکاندا، بۆ بەرزترین ئاستی دوو ساڵی ڕابردوو بەرزبوەوە و نەوتی خاوی برنت بەربەستی 60 دۆلاری تێپەڕاند، نەوتی خاوی ئەمریکاش لە 54 دۆلار نزیکبووەوە.
نرخەکان لەسەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی دەرکەوتنی ئاماژەکانی ڕێکخراوی هەناردەکارانی نەوت (ئۆپێک) و بەرهەمهێنەرە سەربەخۆکان بەتایبەت (روسیا) بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی 1.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لە مانگی ئازاری 2018 نرخەکانی نەوت ڕوو لە هەڵکشان بوون.
لەمانگی ئەیلولی ڕابردوودا تێکڕای نرخەکانی نەوت 56 دۆلار بوو بۆ بەرمیلێک، بەراوردیش بە مانگی ئەیلولی 2016 بەرێژەی 20% بەرزبوەوە.
رۆڵی ئۆپێک:
مانگی ڕابردوو بەرزبونەوەی نرخەکانی نەوت هاوکات بوو لەگەڵ زیادبوونی بەرهەمی نەوتی ئەمریکا و هەڵکردنی زریانەکانی ئەمریکا کە زیانی زۆری لێکەوتەوە، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ئامارەکان دەریانخست، کە تێکڕای بەرهەمی نەوتی ئەمریکا لە 9.5 ملیۆن بەرمیلەوە زیادیکردوە بۆ 10.1 ملیۆن بەرمیل، لە کاتێکدا پێش زریانەکان بەرهەمی نەوت ئەمریکا 12 ملیۆن بەرمیل بوو، بەوەش پێش عەرەبستانی سعودیە کەوتەوە.
بوژانەوەی بازاڕەکانی نەوت و بەرزبونەوەی نرخەکەی، هیمایە بۆ ئەوەی کە ئۆپێک لەتوانایدا هەیە کۆنترڵی بازاڕ بکات، بەمەرجێک ئەندامەکانی پابەندی ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت ببن.
محەمەد بارکیندو، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ئۆپێک سەرەتای هەفتەی ڕابردوو ئاشکرای کرد کە هەر یەک لە ڕوسیا و عەرەبستانی سعودیە، پاڵپشتی تەواوی خۆیان ڕاگەیاندوە بۆ درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان لە مانگی ئازاری داهاتوودا، ئەوەش گومانەکانی ڕەواندۆتەوە.
محمەد بن سەلمان، جێنشینی پادشای سعودیەش ماوەیەک لەمەوبەر ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پشتگیری لە درێژکردنەوە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن و وەزیری نەوتی قەتەریش بەهەمان شێوە پشتگیری بۆ ڕێککەوتنەکە ڕاگەیاندوە.
بەڵێنی پابەندبوون بە ڕێککەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، فاکتەرێکی گرنگە بۆ نەوت کە تێکرای نرخەکانی ساڵی ڕابردوو (45 و 55) دۆلار جێبهێڵێت و پێشبینش دەکرێت کە تا کۆبونەوەی 30 تشرینی دووەم نرخەکانی نەوت لە نێوان 50 بۆ 60 دۆلار بێت.
کوردستان و کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی نەوت:
تێکچون و دروستبوونی گرژی لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک و کەمبونەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت هەبوو.
رۆژی 16ی تشرینی یەکەم هێزەکانی سوپای عێراق هێرشیان کردە سەر شاری کەرکووک دەستیان گرت بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی شارەکەدا، بەگشتی و هەردوو کێڵگەی ئاڤانا و بای حەسەن بەتایبەتی کە لەلایەن حکومەتی هەرێم بەرێوەدەبران و ڕۆژانە نزیکەی 350 هەزار بەرمیل نەوتیان بەرهەم دەهێنا و هەناردەی دەرەوە دەکرا.
کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی هەردوو کێڵگەی نەوتی ئاڤانا و بای حەسەن کاریگەری لەسەر بازاڕەکان هەبووە و بەره و بەرزوبوونەوەی بردوە.
بۆ چارەسەری ئه و کەمبوونەوەیەش ئاژانسی هەواڵی بلومبێرگ بڵاویکردۆتەوە، کۆمپانیای نەوتی باکور ڕێککەوتنێکی لەگەڵ کۆمپانیای کار کە پێشتر کێڵگەکەی بەڕێوەبردوە کردوە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت له و دوو کێڵگەیە.[1]
30-10-2017