بەناوی خانەوادەو بنەماڵەی خوالێخۆشبوو مامۆستا (#عەلی عەبدوڵڵا#) سوپاس و پێزانینی زۆرمان ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و وەزیرەکان حکومەتی هەرێم و سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کوردستان و سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و کادیرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و تێکڕای سەرکردە و نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و کەسایەتیە ئایینی و کۆمەڵایەتیەکان و ڕۆشنبیر و تێکۆشەر و خەباتکارانی گەلەکەمان دەکەین کە ئەرکیان کێشا لە کاتی نەخۆشکەوتن و بەشداریانکرد لە بەخاکسپاردن و ڕۆژانی پرسەی باوکی ئازیزمان، ڕێزو ڕێزوپێزانینی تایبەتمان بۆ دامودەزگا حکومی و ناحکومیەکان و دامودەزگا ئەمنییەکان و تەواوی چین وتوێژەکانی کۆمەڵگەو هاووڵاتیانی خۆشەویست، سوپاسی گشت خزم ودۆست و هاوڕێ و ئازیزانمان دەکەین، بەڕاستی هاوسۆزیی و دڵنەوایی گشت لایەک لە خەم و پەژارەمانی کەمکردەوە، داواکارین لەخوای گەورە پاداشتی هەموو لایەک بداتەوە و لە دەردوبەڵا و کۆست بەدوور بن.
خوالێخۆشبوو مامۆستا (عەلی عەبدوڵڵا) تەواوی تەمەنی خۆی بۆ خەبات و قوربانیدان تەرخان کرد، هەر لە سەرەتای دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە وەک تێکۆشەرێکی دڵسۆزوخۆراگر، بەدرێژایی ئەو کاروانە هەمیشە مکوڕ و بەردەوامبووە لەسەر کوردایەتی و ڕێبازی بارزانی و پارتایەتی، لە مێژووی بەرزونزمی نەسرەوتن و کۆڵنەدانیدا جێگەوپێگەی دیاروبەرچاو بوو لە خزمەتگەیاندن بەدۆزی ڕەوای گەلەکەمان و بەدیهێنانی ئامانجەکانی، بەشداری بەرفراوان و هاوخەمی هەموو ئەو کەسایەتی و هێز و لایەن و چین و توێژانەی کوردستانیش لەو کۆستەماندا دەرخەری ئەوەبوو کە (عەلی عەبدوڵڵا) بەتەنیا موڵکی بنەماڵەکەی و پارتی نەبوو بەڵکو تێکۆشەر و خەباتکارێکی تەواوی کاروانی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان بوو.
مامۆستا(عەلی عەبدوڵڵا) نموونەی خەباتگێڕێکی نەتەوەیی و نەیشتمانپەروەر بوو، هەوڵ و کۆشش و جێپەنجەی دیاربوو لە یەکخستن و یەکگرتنی ڕیزەکانی گەل و لێکنزیک کردنەوەیان بۆ بەدیهاتنی مافی گەلەکەمان و دوورکەوتنەوە لە دووبەرەکی و ناکۆکی ناوخۆیی.
جارێکی دیکە سوپاس و پێزانینمان بۆ گشت لایەک و داواکارین لە خوای گەورە گەلەکەمان لە مەینەتی بەدوور بێت و هەموو لایەک هەر ساغ وسەلامەت بن و گیانی کۆچکردوویش بەبەهەشتی بەرین شاد بێت.
(هەڵمەت و هێرۆ و هەوری)
کوڕ و کچانی مامۆستای کۆچکردوو عەلی عەبدوڵڵا
30-10-2017