لە ناوەڕاستی مانگی 11دا کۆمپانیای #ڕۆزنەفت#ی ڕووسی گرێبەستەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. بەرپرسێکیش ئاشکرای دەکات، لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانیدا کۆمپانیاکە یەک ملیار دۆلار دەدابە حکوومەت.
د. ئاراس خۆشناو، سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژیی کوردستان تایبەت بە (باس)ی ڕاگەیاند: ”بەپێی پلان و ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، لە ناوەڕاستی مانگی 11دا گرێبەستی ڕۆزنەفت لە بواری نەوت و گاز لە کوردستان و کردارەکانی ڕێککەوتنەکە و ناوەڕۆکی گرێبەستەکە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە“.
ئاماژەی بەوەش دا، وێڕای ئەو کێشانەی لەدوای ڕیفراندۆم و پاش 16ی ئۆکتۆبەریش هاتنە پێشەوە، بەڵام کۆمپانیاکە و حکوومەتی ڕووسیا جێبەجێکردنی گرێبەستەکانیان دووپات کردەوە، گوتیشی: ”بەپێی گرێبەستەکە، سەرەتا کۆمپانیاکە یەک ملیار دۆلار دەداتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پارەکەش لە مانگی 11دا دەدرێت“.
بەپێی زانیاریەکان وێڕای ئەو ملیار دۆلارە دوو ملیار دۆلاری تریش بەپێی گرێبەستەکە دەبێت لە لایەن ڕۆزنەفت بدرێتە هەرێمی کوردستان، کە بەشێک لەو پارەیە دەدرێتە بانکەکان و بەشێکی تریش بۆ پڕۆژە و قەرزەکان دەبێت.
خۆشناو پێی وایە: ”لە ڕووی ئابووری و سیاسی و نێودەوڵەتیدا هاتنی کۆمپانیای ڕۆزنەفت و مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە لایەن هەر کۆمپانیایەکی تری بیانی بۆخۆی مانایەکی گەورە دەبەخشێت و مانەوەی شەرعییەتی هەرێمی کوردستانە“.
کۆمپانیای ڕۆزنەفت لە مانگی شوباتی 2017 لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕێککەوتنی واژۆ کردبوو بۆ کڕینی نەوتی خاو لە هەرێم، پاشان لە مانگی 6ی 2017 هەردوولا گرێبسەتێکیان ئەنجام دا، بەپێی گرێبەستەکە کۆمپانیاکە بۆڕیی نەوت و غاز ڕادەکێشێت و کاریش لە چەند کێڵگەیەکی نەوت ئەنجام دەدات.
سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوە و زانیاریی ستراتیژیی کوردستان جەخت دەکاتەوە، ئەو گرێبەستە نەوتییانەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی داون دەستووری و یاسایین، گوتیشی: ”53 گرێبەستی گەورەی نەوتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون، کە تیایاندا زیاتر لە 40 وڵاتی جۆراوجۆر هەیە و زۆربەشیان بەردوامن لە کارەکانیان“.
ئەو ڕاشی گەیاند، هەندێک بەرنامەی تریش هەیە لە مانگی 11 و مانگی 12 دوو گرێبەستی تری نەوتی ئەنجام بدرێن.
بەپێی گرێبسەتەکان، ڕۆزنەفت بۆڕیی غازی هەرێم بۆ بەکارهێنانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و سەرجەم کارگە ناوخۆییەکانی هەرێم دابین دەکات و لە چەند ساڵی داهاتووشدا غازی هەرێم بە بڕی پێویست بۆ بازاڕەکانی تورکیا و ئەوروپا هەناردە دەکات. هێڵی بۆڕییەکە لە توانایدایە زیاتر لە 30 ملیار پێی سێجا غازی سروشتی هەناردە بکات، سەرەڕای دابینکردنی غاز بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی.[1]
31-10-2017