بۆ بەڕێز کاک #مەسعود بارزانی#
وەک چۆن مانەوەی بەڕێزتان لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا، ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانی لێکەوتەوە، ئومێدەوارم دەست لەکارکێشانەوەکەتان ببێتە مایەی ئاشتەوایی نێو ماڵی کورد و ئاسودەیی و سەقامگیری بۆ گەلەکەمان بگەڕێتەوە.
دەستخۆشیت لێ دەکەم کە ئەگەر لە دوا دەرفەتیشدا بووبێت کۆتاییت به و گاڵتەجاڕییە هێنا و ئه و ڕێگەیەت هەڵبژارد کە خەڵکی کوردستان چوار ساڵە داوای دەکەن و چاوەڕوانن. بەم هەنگاوە هیچ نەبێت نیشانتاندا کە بەهای خۆتان بۆ مانەوە لە پۆستێکی ماوە بەسەرچوودا کەمتر ناکەنەوە.
بەبیری بەڕێزتان دەهێنمەوە کە پۆستی سەرۆکی هەرێم و پرسی ماوەی ویلایەتەکەی ئێوە، قەیرانێکی گەورەی لە هەرێمەکەماندا خوڵقاند کە سەرباری قەیرانی دارایی، کارەساتێکی سیاسی نەخوازراویشی بەدوای خۆیادا هێنا و نێوماڵی سیاسی کوردستانی توشی داڕمان و لێکترازان کرد و پێگەی هەرێمەکەمانی لەبەرچاوی دنیادا هێنایە خوارەوە.
بۆیە دوای ڕازیبونتان بە کۆتاییهاتنی ماوەی ناشەرعی دەسەڵاتەکەتان، ئیتر ئومێدەوارم بیر لە سیناریۆی تر نەکەنەوە و دنەی گەڕێکی تری شەڕی ناوخۆ نەدەن، و لەجیاتی ئەوە با هەموو لایەکمان پێکەوە بتوانین برینی چەند ساڵەی ئه و کارەساتە سارێژ بکەین. دڵنیابن تەنیا تیمارێک لەم دۆخەدا فریامان بکەوێت، ئاشتیی نێوماڵی خۆمانە. هەر بۆ زانینی بەڕێزتان، گەلەکەشمان بەوپەڕی ئەمەکدارییەوە، پاش ئه و هەموو قوربانی و سەبر و لەخۆبوردوییەی، تەنیا داوای ئەوەمان لێدەکات.
بۆ ئەوەی ڕاستییەکانیشمان بیر نەچێت، بیرتان دەهێنمەوە کە بەڕێزتان تەنیا ڕۆژێک دوای ڕیفراندۆم، و لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی ئەوە بوون کە دەنگەکانیان بگەیەننە ئەنجام و سەربەخۆیی کوردستان ڕابگەیەنن، کەچی لە پەیامی ڕۆژی 26 ی 9 ی 2017 دا وتتان: ئەم ڕیفراندۆمەی ئەنجام دراوە نە بۆ فەرزکردنی ئەمری واقعە و نەبۆ دیاریکردنی سنوورە و داواتان کرد بەڕێز حەیدەر عەبادی گفتوگۆتان لەگەڵ بکات. هەر له و ڕۆژەوە بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم شکستە، ئێوە هاتن و باسی خیانەتی لایەنێکی دیاریکراو و لێدانی خەنجەری ژاراوی دەکەن. ڕاستیان وتووە سەرکەوتن باوکی زۆرە و شکست بێ خاوەنەوە. بەڵام بۆ کەسێک لە پێگەی ئێوەدا، جوانتر بوو ئۆباڵی ئه و شکست و کارەساتە مێژووییەتان هەڵگرتبا که به ناوی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، بەسەر دۆزی ڕەوای کورد و چارەنووسی سەربەخۆیی کوردستانتان هێنا.
ئەگەر ئێمە بە شوێن خیانەت و خەنجەرە ژاراوییەکانی سەر جەستەی کوردەوە بین لە 63، لە هەکاری، لە شنۆ و مەریوان و نەغەدە، لە 84، لە شەڕی ناوخۆ، لەهەولێر، و لە ڕۆژئاوای کوردستان، و دوا خەنجەریش لە پێگەی یەکێتیی و کوردستانیبونی کەرکووک و... ئەوا برینەکان شایەتی دەدەن کە ئەو خەنجەر بەدەستانە، کێن و چین. بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەو برینانە ساڕێژبن و لە جەستە و مێژووی کوردا، کاڵببنەوە. لەپێناو ئەم ئامانجە باڵایە و بۆ پاراستنی ئاشتی و تەبایی ناو ماڵی کورد بێدەنگیمان هەڵبژاردووه. دەمانەوێت لەبری ئەوەی بەوتۆمەتە پوچانەوە سەرقاڵ بکرێین، بە هەموومان خەریکی خۆ دەربازکردن بین لەم دۆخە ناهەموارەی بۆ گەلی کوردستانتان دروستکردووە. ئەمە ئەرکی ئێستا و پێویستیی قۆناغە تازەکەمانە.
بەڵام نابێت بێدەنگیی ئێمە لێکدانەوەی هەڵەی بۆ بکرێت و جورئەتی دەسکراوەیی بدات بە ئێوە کە هەرچیتان پێخۆش بوو بەرامبەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بیکەن، هەر گۆڕێکتان پێ خۆشبوو بۆی هەڵکەنن، و هەر چیرۆکێکیان بۆ نووسین، لە دژی پێشمەرگە و شەهیدانی یەکێتیی و بۆ چەواشەکردنی مێژوو، بە لاوازیی بیهۆننەوە. بە حەق ئەمە کەمتەرخەمیی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە کە لەئاست ئه و دەسدرێژییە مێژووییەدا، بێ دەنگە و ورتەی نایەت. ئەگەر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی، ڕاگەیەندراوی یەکێتیی و وتەبێژی حزبی شەهیدان، لەسەر خوێنی سەدان شەهید و بریندار و کارەساتەکەی ڕیفراندۆم و کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان و پەیامەکەی بارزانی نەیەنە دەنگ، ئەوا سبەی ناچار دەبن باجی گەورەتر بدەن و لەبەردەم دادگەریی خودا و گەل و دایکانی جەرگ سوتاوی کوردستاندا، وەڵامبدەنەوە.
لە کۆتایی نامەکەدا پێویستە ئەوەش بڵێم ئێستا که بەڕێزتان کایەی حوکمڕانیی کوردستان جێ دەهێڵن، زەمینەیەک بۆدروستکردنەوەی متمانه لەناو خەڵک و بونیادنانی حوکمڕانییەکی تەندروست هاتۆتە پێشەوە و پاراستنی ئاشتەوایی و ئاسایشی کوردستان ئەرکی مێژوویی هەموولایەکە، بەڵام مێژووی یەکێتییش بەخوێن دروستکراوە و هەرکەس لەئاست پاراستنی ئه و خوێنەدا نەبێت، شایستەی سەرکردایەتیکردنی یەکێتیی و کوردستان نییە و زوو یان درەنگ، ئەویش وەک جەنابتان دەبێت بڕوات.
#لاهور شیخ جەنگی#
30-10-2017