بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
بەپێی دەستووری عێراق، کە باڵاترین یاسایە لە عێراق و پێویستە لە هەموو وڵات پەیڕەو بکرێت بەبێ جیاکاری و بۆ جێگیرکردنی دەسەڵاتی فیدڕاڵی و یاسا لە هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاکاری، بەڕێزان کە ناویان لای خوارەوە هاتووە و نوێنەرانی حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان) لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا لە ڕێکەوتی 29/10/2017 کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر ئەو خاڵانەی کە دواتر باس دەکرێن.
$نوێنەرانی حکوومەتی فیدڕاڵ:$
فەریق یەکەم ڕوکن عوسمان عەلی فەرهوود غانمی، سوپاسالاری عێراق (سەرۆکی شاند)
فەریق دکتۆر موەفەق عەبدلهادی تۆفیق، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بۆ کاروباری پۆلیس
فەریق ڕوکن مەناف عەباس عەلی، دەزگای نەهێشتنی تیرۆر
بەڕێز حەمید ڕەشید فلەیح، بریکاری سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی
لیوا ڕوکن سەعد مزهر ئەلعەلاق، بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازی
$نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان:$
بەڕێز کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان - وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت
بەڕێز جەعفەر مستەفا، فەرماندەی یەکەی 70
فەریق شێروان عەبدلڕەحمان عەلی، ئەندامی فەرماندەیی پێشمەرگە
لیوا عەزیز وەیسی فەرماندەی هێزی زێرەڤانی
لیوا زرار حەمەساڵح، سەنتەری هەماهەنگی و هاوپەیمانی هاوبەش/هەولێر
عەمید بروسک قەساب، بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری پێشمەرگە
$ئەو خاڵانەی لەسەریان ڕێککەوتووین:$
1- پابەندبوون بە سنووری ئیداری ئەو پارێزگایانەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیدارەیان دەکات، بەپێی ماددەی 53 ی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە هێشتا کاری پێدەکرێت لەسەر بنەمای سنووری دیاریکراوی ڕێکەوتی 19/3/2003 بەپێی مادەی 143 ی دەستووری عێراق، هاوکات حکومەتی ئیدارەی خۆجێی و پۆلیسی خۆجێی دەمێننەوە، بەمەرجێک پێچەوانەی دەستوور و یاسا فیدڕاڵییەکان نەبێت.
2- دووبارە بڵاوبوونەوەی هێزە فیدراڵییەکان لە هەموو ناوچەکانی دەرەوەی سنووری ئیداری پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەو مەرجەی بوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ڕەمزی بێت و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی دیکە جیاواز بێت بەپێی بڕیاری فەرماندەی فیدڕاڵی و وەک لە نووسراوەکاندا ڕوونکراوەتەوە.
3- هێزەکانی سنوور و هێزە فیدڕاڵییەکان ناوچەی پێشخابوور کۆنترۆڵ دەکەن، چونکە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە بۆ بەشداریپێکردنی هیچ هێزێکی دیکە جگە لە هێزە فیدڕاڵییەکان و هێزی ئەمنی خۆجێی، مەگەر لە دۆخێک نەبێ ئەویش ئەگەر هێزی پێشمەرگە بە بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق هەژمار کرا، لەو دۆخەش پێویست دەبێت هێزی پێشمەرگە پابەندی فەرمانەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بێت.
4- فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن تەنیا لە دەسەڵاتی هێزە فیدڕاڵییەکان دەبێت لەو ناوچانەی کە دووبارە هێزە فیدڕاڵییەکان تێیاندا بڵاودەکرێنەوە.
5- فەرماندەکانی فیرقەکان و فەرماندەی یەکەکانی هێزە فیدڕاڵییەکان و بەرپرسانی میحوەرەکانی پێشمەرگە پلانێک دادەڕێژن بۆ بەسەرکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە هێزە فیدڕاڵییەکان دووبارە تێیاندا بڵاودەبنەوە و پرۆسەی ڕادەستکردنی سەنگەرەکانی تێدا ئەنجامدەدرێت.
6- ڕێککەوتنەکە لەو ناوچانەش جێبەجێدەکرێت کە هێزەکانی سنوورپارێزی سەر بە هەرێمی کوردستان لێیان دەکشێنەوە دوای واژۆکردنی ئەم ڕێککەوتنە.
7- ئەم ڕێککەوتنە لە ڕۆژی 10/2017 واژۆکرا.
$هاوپێچەکان:$
هاوپێچی (أ)
هاوپێچی (ب)
بەڕێز کەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت
فەریق یەکەم ڕوکن، عوسمان عەلی فەرهوود غانمی سەپاسالاری عێراق
---------
بە ئاماژەکردن بە نووسراوەی کە لە لایەن تیمی سەربازی دانوستاندنکاری سەر بە حکومەتی ناوەندی فیدڕاڵ پێشکەشکراوە و دوای لێکۆڵینەوە لە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە لە نێوان هەردوولا، پێمان باشە ڕێککەوتنەکە بەم شێوەیە بێت:
رەشنووسی ڕێککەوتنەکە
بەپێی ماددەکانی 110 و 114 و 115 ی دەستووری عێراق تایبەت بە دەسەڵاتەکانی دەسەڵاتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتی هاوبەش لە نێوان دەسەڵاتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و تایبەت بە دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان و گەڕاندنەوەی دۆخی ناوچەکە بۆ دۆخی سرووشتی، لە ژێر ڕۆشنایی دەستوور هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر ئەمەی لای خوارەوە:
ئەو خاڵانەی کە ڕێککەوتنیان لەبارەوە کراوە:
1- ماددەی 53 ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت، کە بەندکراوە بە ماددەی 140 ی دەستوور کە دەقەکەی دەڵێ: (دان بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەنرێت کە حکومەتێکی فەرمییە لەو ناوچانەی کە ئەو حکومەتە ئیدارەیانی دەکرد لە پارێزگاکانی دهۆک و هەولێر و سلێمانی و کەرکووک و دیالە و نەینەوا).
2- بەپێی ماددەی 140 ی تایبەت بە چارەکردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان و لە ژێر ڕۆشنایی ماددەی 58 ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت تایبەت بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بە ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە تاوەکو بەدیهێنانی دادپەروەری و خواستی دانیشتوانی ئەو ناوچانە و نەهێشتنی کاریگەری سیاسەتی ستەمکارانەی حکومەتەکانی پێشوو، ئەو ناوچانە لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەدەبرێن بە هاوکاری و هەماهەنگی و هاوبەشی، چونکە ناوچەی کێشە لەسەرن تاوەکو ماددەی 140 جێبەجێدەکرێت و دەبێتە هۆی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی دانیشتوان بەپێی پرەنسیپەکانی دەستوور و ماددەکانی.
3- دەروازەی پێشخابوور لە ڕۆشنایی بڕگەی یەکەمی ماددەی 114 ی دەستوور بەڕێوە دەبرێت لە ڕووی بەڕێوەبردنی هاوبەشی گومرک، پاراستی ئاسایش لە دەروازەکە بە هێزێکی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزی فیدڕاڵی و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستپێردرێت. لە کاتێکدا ناوچەی پێشخابوور لە چوارچێوەی دەسەڵاتی ئیداری هەرێمی کوردستانە، بەپێی ماددەی 53 ی یاسای ئیدارەدانی دەوڵەت کە گۆڕاوە بۆ ماددەی 140 ی دەستوور.
4- لیژنەی هاوبەشی هێزە فیدڕاڵییەرکان و هێزی پێشمەرگە پلانێک دادەڕێژن بۆ بەسەرکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە دووبارە هێزە هاوبەشەکان تێیاندا بڵاودەکرێنەوە.
بۆچوونی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ڕەشنووسی پێشنیازکراوی حکومەتی عێراق
سڵاوتان لێبێت
دوای ئاگاداربوون لە چۆنییەتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆ تەکنیکییەکان، وەڵام و بۆچوونی خۆمانتان لەبارەی بابەت و ڕێگەی گەیشتن بە چارەسەریی هەمیشەیی دەنێرین.
1- وەستاندنی گشتگیری شەڕ، بە واتای ڕاگرتنی شەڕ و جیاکردنەوەی هێزەکان لەسەر هێڵی ئێستای بەرەکاندا.
2- کارکردن بۆ گەڕانەوەی میکانزمە ئەمنی و سەربازییە هاوبەشەکان لە نێوان سوپا و پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعشی تیرۆریست، کە تاوەکو ئێستا هەیە.
3- ڕێزگرتنی سنووری وەستانی شەڕ، هێزە سەربازییە هاوبەشەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بن، تا ئەو کاتەی کێشەی ئەو ناوچانە بە دەستووریی چارەسەردەکرێن.
4- دەستکردن بە دانوستاندن لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بە بەشداری هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و پێکهێنانی لیژنەی سیاسی، کارگێڕی، یاسایی و سەربازیی هاوبەش، لەسەر بنەمای دراسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و چارەسەرکردنیان.
5- بۆ دەستکردن بە نیازپاکی و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو و دەستکردن بە دیالۆگی سیاسی ئەرێنی، هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی ڕایدەگەیێنێت، بۆ دانانی ڕێککاری تایبەتی و هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقی و نوێنەرایەتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە پێشخابوور، لەسەر هەبوونی هێزی سەربازی سنووردار و کاتی، تاوەکو دۆخەکە بەپێی دەستوور دەگەڕێتەوە باری خۆی.[1]
30-10-2017