دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوەکانی کوردانی ئێزدی ڕایدەگەیەنێت، شەش هەزار و 417 هاووڵاتی کوردی ئێزدی لەلایەن #داعش#ەوە ڕفێندران و تائێستاش چارەنوسی 3 هەزار و 242 کەس دیارنییە.
حوسێن قائیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕزگارکراوەکانی کوردی ئێزدی کە ڕاستەوخۆ سەر بە نوسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، تاوەکو ئێستا سێ هەزار و 242 هاووڵاتی کوردی ئێزدی بێسەر و شوێنن و ئەوانەشی ڕزگار کراون ژمارەیان بریتیە لە سێ هەزار و 175 کەس.
بەهۆی هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر شەنگال لەڕۆژی 14ی ئابی 2104ەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە شەش هەزار و 417 هاووڵاتی کوردی ئێزدی ڕفێندران، بە پێی ئامارێکی حکومەتی هەرێم ئه و کەسانەی ڕفێندران لە ڕووی ڕەگەزییەوە بەمشێوەیەیە، ژمارەی ڕفێندراوان شەش هەزار و 417 کەس لەوانە سێ هەزار و 547 کەسیان مێ بوون، دوو هەزار و 870 کەسیشیان نێر بوون، هەروەها ئەوانەشی ڕزگار کراون ژمارەیان سێ هەزار و 175 کەسە کە لەوانە هەزار و 124 کەسیان ئافرەت بوون و 335ی دیکەش پیاو بوون، هەرچی ڕێژەی منداڵانیشە 889 کچ و 827 کوڕ بوون.
هەر بەپێی ئامارەکە ژمارەی ئەوانەی ڕزگارکراون بریتییە لە سێ هەزار و 242 کەس کە بەمشێوەیەیە، هەزار و 535 کەسیان لە ڕەگەزی مێ و هەزار و 707 کەسی دیکەش نێرن.
هاوکات خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری کاروباری کوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەکاتی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕەققە کە بە پایتەختی داعش ناسرابوو 20 هاووڵاتی کوردی ئێزدی له و ناوچەیە دۆزراونەتەوە و ڕزگارکراون.
لە بارەی چارەنوسی ئەوانەی تائێستا بێسەروشوێنن و نەدۆزراونەتەوە حوسێن قائیدی وتیشی زانیاریمان بەدەست گەیشتووە کە بەشێک لەوانەی دیار نین لەکوێن و ئێستا بەدوای ڕێگەچارەیەکدا دەگەڕێین بۆ ئەوەی ڕزگاریان بکەین.
دڵنیایشیدا لەوەی، لە دوای نەمانی داعش ئەوان بە هاوکاری سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و خەڵکی دڵسۆز بەردەوام دەبن لە گەڕان لەدوای ڕفێندراوەکان و بێسەر و شوێنەکاندا.[1]
02-11-2017