پێچەوانەی زۆربەی ساڵانی ڕابردوو، نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما نەیتوانی ڕێ له پێگەیشتن و ساغبوونەوەی بەرهەمی ئەمساڵی هەناری #پێنجوێن# بگرێت، بەڵکوو هەناری پاییزە بەهۆی زیادبوونی بڕ و تام و چێژە بەتامەکەی، بووەتە هۆی دڵخۆشبوونی جووتیاران و خاوەن باخەکانی هەنار و هاوکات کڕیارێکی زۆریشی هەیە.
کاوە ئیسماعیل، یەکێک لە جووتیارانی گوندی تەڕاتەوەن لە پێنجوێن، بە (باس)ی ڕاگەیاند: ناوچەکەی ئێمەش سەرباری نزمیی پلەکانی گەرما، هێشتا لە ژمارەیەکی زۆر لە گوندەکانیدا، لەمێژەوە باخی هەنار هەیە.
گوتیشی: پێدەچێت ئه و خواستە زۆرەی کە ئێستا لەسەر هەنار هەیە لە بازاڕەکانی کوردستان، بەشێکی سەرەکیی پەیوەندیی بەوەوە هەبێت کە بەردەوام لەم وەرزەدا، پزیشکان و پسپۆڕانی بواری خۆراک و تەندروستی بە شێوەیەکی زیاتر لە هەموو مادە خۆراکی و میوەکانی دیکە، باس لە سوودەکانی هەنار دەکەن لە ڕووی تەندروستییەوە بۆ پێست و لەشی مرۆڤ.
سۆران بابە نووری، کە دوکانی فرۆشتنی میوەی لە بازاڕی پێنجوێن هەیە، گوتی: خاوەن باخی هەنار هەیە لە پێنجوێن، ڕۆژانە چەندین تەن هەنارمان بۆ دێنێت و ئێمەش بە نرخێکی دیاریکراو دەیفرۆشین“.
ئاماژەی بەوەش کرد، ساڵی ڕابردوو بەداخەوە، بەهۆی نەکرانەوەی گوڵەکەیەوە، لە سنووری پێنجوێن، هەنارێکی زۆر لەناو چوو، بەڵام ئەمساڵ ئێستاشی لەسەر بێت ڕۆژانە چەندین تەن هەنار بۆ بازاڕ دەهێنرێت و بە وتەی جووتیاران هەناری ئەمساڵ، سەرما کاریگەریی ئەوتۆی لەسەر نەبووە.
مەجید سلێمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی #ناڵپارێز#ی سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن، ڕوونی کردەوەی: ئێستا کە لەناو وەرزی پاییزداین، هێشتا جووتیارانی سنوورەکەمان، بە بەردەوامی سەرقاڵی لێکردنەوە و خستنە بازاڕی بەرهەمی هەناری ئەمساڵن.
گوتیشی: شارەدێی ناڵپارێز لە پێنجوێن، بەناوبانگە بە هەنار و بەپێی ئه و ئامارانەش کە لەبەردەستماندان، بەرهەمی هەناری ئەمساڵ بۆ یەکەم جارە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زیادی کردووە، بە جۆرێک ئەمساڵ بڕی 215 دۆنم هەناری تێدا کراوە، هەر دۆنمێکیش بە 1300 کیلۆ دانراوە، بۆیە بەرهەمی هەناری ئەمساڵمان کردوویەتە 279 تەن و نیو.
بەرپرسەکەی کشتوکاڵی سنووری پێنجوێن، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ”لە ساڵی 2015 ڕووبەڕی 630 دۆنم زەوی هەناری تێدا کراوە و بەرهەمیش بریتی بووە لە 20 هەزار تەن، هەروەها لە ساڵی 2015، ڕووبەری 500 دۆنم زەوی هەناری تیا کراوە و بەرهەمیش بریتی بووە لە 10 هەزار تەن، چونکە ساڵی ڕابردوو نەخۆشی هەنارێکی زۆری سنوورەکەمانی لەناو بردووه“.
شارۆچکەی پێنجوێن، نزیکەی 96 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە، ئەگەرچی زیاتر بە بەرهەمی شوتی و تەماتە و بەشێک لە میوەکانی دیکە ناسراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لە زۆربەی گوندەکانی شارەدێی ناڵپارێزی سەر بە شارۆچکەکە، وای کردووە کە تەواوی شەقام و ناو بازاڕەکانی ناوچەکە هەنار لەخۆ بگرێت، چونکە هەنار یەکێکە له و میوە پاییزیانەی ساڵانە لەم کاتانەدا پێ دەگات و لەلایەن هاووڵاتییانیشەوە خواستێکی زۆری لەسەرە.[1]
03-11-2017