ناو: حەوێز
ناوی باوک: حسێن
نازناو: کوێخا حەوێزی #شاخەپیسکە#
ناوی تەواوی(حەوێز حسێن عوسمان حەسەن)نەوەی(قۆجە)یە، لە تیرەی(زەند)ە، خەڵکی گوندی شاخەپیسکەی ڕۆژئاوای کۆیەیە، مێژووی لەدایکبوونی زانراو نییە، پیاوێکی گەورەی قەڵەوی کەڵەگەتی چوارشانە بوو، ڕیشی ئەهێشتەوە، لەش و چاو و ددلنێکی ساغی هەبوو، ڕەنگی مەیلی سووری هەبوو، میوان دۆست و گفتوگۆ شیرین و قسەخۆش بووە، حەزی لەخواردنی خۆش و گۆشتی قەڵه و پاک و خاوێنی بووە، ڕقی لە پیاوی خۆهەڵکێش و درۆزن دەبۆوه، لەسەر درۆزنان وتویەتی: پیاوی درۆزن خۆشی ئەززانێ قسەکەی درۆیە بەڵام خەڵک بەکەر ئەزانێ بۆیە ئه و درۆیانەت بۆ ئەگێڕێتەوە.
لە ژیانی کۆمەلایەتیدا(7)جار هاوسەرگیری کردووە(39) کوڕ و کچی لێیان هەبووە، کوڕ و براکانی لە گوندەکانی(تەکەور و #بانەقەڵات#)بوون، لە شەڕە عەشیرەتا زۆریکردووە، تفەنگ هاوێژێکی چاک بووە زۆر لەگەڵ(حەمە ئاغای غەفوری) گەڕاوه، دۆستی ئاغاکانی شێخ بزێنیش بووە، لەگەڵ شەریف ئاغای شێخ بزێنی ژنیان خوشک بووە، مەلای گەورەی کۆیەش خۆشی ویستووە و وتویەتی: بریا قسەکانی کوێخا حەوێز هەمووی بنوسرایەوه.
مەلا حەسەنی محەمەد لە خەڵکی کەرکووک بووە ماوەیەک لە گوندی شاخەپیسکە لەلای مامۆستا مەلا عەبدول عەزیز کە پێش نوێژ و مودەریسی مزگەوتی شاخەپیسکە بووە خوێندویەتی، دەڵێ مەلا گەورەی کۆیە ئه و چوارینەی لەسەر کوێخا حەوێزی شاخەپیسکە داناوە:
شەڕی کوێخا حەوێزی شاخەپیسکە
لەگەڵ شێخا لە سەر ساوار و نیسکە
کوێخا حەوێز ئەڵێ شێخ فاتیحەی ڕەوان بێ
مەرج بێ من ئەیدەمێ کاوڕ لەگەڵ گیسکە
مامۆستا مراد شاخەپیسکەیی دەڵێت: پیاوێکی نان بدە و لە دەست هاتوو بوو لەوانەیە بتوانم بڵێم لە وڵاتی کۆیە لە پاش حەمە ئاغای غەفوری ئەوبوو.
کوێخا حەوێز لە تەمەنی هەشتا ساڵیدا لە گوندی شاخەپیسکە دا ماڵئاوایی دەکات و لە گۆڕستانی شێخ محەمەدی لە پشتی ئاواییەکەوە بەخاک سپێردراوە.
سەرچاوە: #خەم ڕەوێن، بە سەرهات و قسە خۆشەکانی کوێخا حەوێز شاخەپیسکەیی#، نوسینی: مراد شاخە پیسکەیی، هەواێر، چاپخانەی شارەوانی هەولێر، ساڵی 1976ز.
بەداخەوە ئەم کەسایەتییە وێنەی نییە.[1]