لەکاتێکدا سەدان ئافرەتی عێراقی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە بەدیلگیراون، بەدەیان هەزار ئافرەت و منداڵەکانیان لە کەمپەکان ژیان بەسەر دەبەن، هەزارانی تریشی هاتەسەر کە بەهۆی هێرشەکانی #حەشدی شەعبی# لە #کەرکووک# و دوز#خورماتو# و #جەلەولا# و #خانەقین# و ناوچەکانی تر ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و ئاوارەبوون، وڵاتیش بەدەست ئاسەوارەکانی وێرانکاریی بەردەوام و قەیرانی سیاسی و ئابووری خنکێنەرەوە دەناڵێنێت کە هەڕەشە لە بوونی دەکات، سەدان هەزار لاو لە هەردوو ڕەگەز بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنن و ڕێژەیەکی زۆر لە دانیشتووانیش بەدەست هەژاری و نەدارییەوە دەناڵێنن، کێشە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر و زیاتر هەڕەشە لە ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی دەکەن، لەم کاتەدا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی گفتوگۆ لەسەر بابەتی یاسایەک دەکات کە باری ژنان و منداڵانی بەدیلگیراوی دەستی داعش قوورستر دەبێت.
ئایا باشترنەبوو لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران پرۆژەی گرنگتر بخرایە بەرباس بۆ چارەسەرکردنی وێرانکاریی بەربڵاو لە هەموو ڕوێکەوە لەهەموو ئاستەکاندا، ڕووبەرووی عێراق بۆتەوە، یاخود خۆی ئامادە بکات بۆ تێکشاندنی زیاتر و زیاتری ئافرەت و منداڵانی عێراق و بێبەشکردنیان لە گشت مافە مرۆڤایەیتییەکانیان؟.. ئایا ئەنجومەنی نوێنەران ئاگای لەو کارەساتە نیە کە دەخرێتەسەر زنجیرەی ئەو کارەساتانەی بەردەوام ڕووبەرووی وڵاتەکەمان دەبنەوەو لەم دە ساڵەی دواییدا ڕوو لە زیادبووندان ؟
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و جەماوەری ژنانی کوردستان، پرۆژەی هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی عێراقی ڕەت دەکەنەوە، کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ڕەزامەندی دەربڕیووە لەسەر ئەوەی بخرێتە نێو خشتەی کارەکانی ئەنجومەن، چونکە ئەم پرۆژەیە مەترسی جددی هەیە لەسەر ئەو بڕەی ماوەتەوە لە مافەکانی مرۆڤ لە عێراقدا، بەتایبەتیش مافەکانی ژنان و منداڵان و ئایندەی کۆمەڵگە بەگشتی بەهۆی قووڵکردنەوەی لەتکردنی کۆمەڵگەو ناکۆکبوونی لەگەڵ بەندەکانی دەستووری عێراقی کە بەدەست پێشێلکردنی بەردەوام دەناڵێنێت، ئەگەر ئەو پرۆژەیە پەسند بکرێت، دەبێتە پێشێلکارییەکی ترسناک بۆ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی عێراق کە ئیمزای لەسەر پەیماننامە و ڕێککەوتننامە تایبەتەکان بە مافەکانی مرۆژڤ، بەتایبەتیش مافەکانی ئافرەتان و منداڵان کردووە وەک (مافەکانی مرۆڤ، سیداو، بریاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لائیحەی مافەکانی منداڵان،.. هی تر).
لێرەوە داوا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەین ئەو پرۆژە کارەساتبارە لە خشتەی کارەکانی دەربهێنێت و ئاوڕێک لە گیروگرفت و پرسە ڕاستەقینەو ترسناکەکانی وڵات بداتەوە. لەهەمان کاتیشدا ڕۆلی بزاڤ و کەسایەتییەکانی کۆمەڵگە لە دژی پرۆژەکە بەرزدەنرخێنین و هاوسۆزی خۆمان و هاوبەشەکانمان دووپات دەکەینەوە لە ڕەتکردنەوەی پرۆژەکەدا، هەروەها داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، بەتایبەتیش نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەوەی گوشار بخەنە سەر حکومەتی عێراقی و ئەنجومەنی نوێنەران و دادگای فیدراڵی، بۆ ڕێگەگرتن لە تێپەڕبوونی ئەو پرۆژەیەو ڕێزگرتن لە پابەندبوونەکانی دەوڵەتی عێراق بە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ئافرەتان و منداڵان.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
11-11-2017