دواڕۆژ، بورهان یەحیا
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی #دهۆک# ڕایدەگەیەنێت، ڕێژەی توشبوون بە نەخۆشی #شەکرە# لە دهۆک لە هەڵکشاندایە و لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا زیاتر لە 21 هەزار کەس توشی نەخۆشی شەکرەبوون و لە نەخۆشخانە تۆمارکراون.
حەمزە ڕەزیکی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ڕێژەی توشبووان بە شەکرە ڕۆژبەڕۆژ لە زیادبووندایە لە دهۆک بەشێوەیەک لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا واتە، لە بەرواری 1ی کانونی یەکەمی 2017 تاوەکو بەرواری 14ی تشرینی دووەم، 16 هەزار و 792 هاوڵاتی نیشتەجێی دهۆک توشی نەخۆشی شەکرە بوون و لە نەخۆشخانەکاندا بە توشبووی ئه و نەخۆشییە تۆمارکراون.
وتیشی هاوکات لەناو ئاوارەکانیشدا کە لە کەمپەکانی دهۆک نیشتەجێن لەماوەی ئەم ساڵدا چوار هەزار و 342 کەس توشی نەخۆشی شەکرە بوون.
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆک ئەوەشی خستە ڕوو لەبەر هەڵکشانی ڕێژەی ئەم نەخۆشییە لە دهۆک ئەمساڵ لە ڕۆژی جیهانی شەکرەدا کە دوێنێ 14ی تشرینی دووەم، بوو کەمپین بۆ هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان بەڕێوەچوو، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەدرێژای ئەمساڵ کەمپین بۆ هۆشیارکردنەوەی و بەرگرتن لە توشبوون بەم نەخۆشییە بەڕێوەچووە. لە ئێستاشدا لە هەوڵی ئەوەداین ڕێژەی توشبوون بەم نەخۆشییە کەمبکەینەوە، چونکە سەرجەمی ئامارەکان لە دهۆک دەگەنە 21 هەزار و 134 توشبوو لەماوەی ئەمساڵدا.[1]
15-11-2017