دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
بریکاری وەزارەتی #کارەبا#ی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بۆ کۆنترۆڵکردنی بەفیڕۆدانی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیای ئۆسکۆمی تورکی گرێبەستێکیان بەبڕی چوار ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ واژۆکردووە.
هۆگر شاڵی، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 15ی تشرینی دووەمی2017، دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوە لە بارەی ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدانی کارەبا لەگەڵ کۆمپانیای ئۆسکۆمی تورکی گرێبەستی مینی سکادا لەنێوان وەزارەتی کارەبا و کۆمپانیای ناوبراو واژۆ کرا کە بەمەبەست لێی کۆنترۆڵکردنی سیستمی کارەبای هەرێم و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی کارەبایە.
بریکاری وەزارەتی کارەبا وتیشی دوای ئەنجامدانی گرێبەستەکە هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پلاندانان و کۆنترۆڵی کارەبا ڕاسپێردراون کە پابەندی بڕگەکانی ناو گرێبەستەکە بن، بۆ ئه و مەبەستەش وەزارەتی کارەبا ئامادەیی تەواوی هاوکاری و پاڵپشتی سەرکەوتنی پرۆژەکەی نیشانداوە کە بۆ یەکەمین جارە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و ڕۆڵی لەبەڕێوەبردنی سیستمی کارەبا و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی وزەی کارەبا و کێشەی کەوتنی یەکەکانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، مینی سکادا پڕۆژەیەکە بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنی سیستمی کارەبا لەسەر قەرزی جایکای ژاپۆنی بە گوژمەی زیاتر لە 4 ملیۆن و 500 هەزار یۆرۆ ئەنجامدراوە.
روونیشیکردەوە، لەرۆژی دەستبەکاربوونی پڕۆژەکە دەبێت لە ماوەی 9 مانگدا جێبەجێ بکرێت و گرنگی پڕۆژەکەش لەوەدایە کە پەیوەندی نێوان 11 وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا و 12 وێستگەی گۆڕینی کارەبا ڕێکدەخات.[1]
15-11-2017