ڕۆژنیوز - زۆسک باڵەک
کاریگەرییەکانی داخستنی مەرزی نێودەوڵەتی #حاجی ئۆمەران# تا دێت زیاتر دەردەکەوێت لەسەر کاسبکارانی دەروازەکە، کاسبکارانیش دەڵێن مانەوەی گومرگەکە بە داخراوی ئەگەری کۆچکردنی خەڵک و چۆڵبوونی ناوچەکەی لێ دەکەوێتەوە، چونکە بەشێکی زۆری خەڵک ژیانیان لەسەر ئەو مەرزە نێودەوڵەتیبەیە.
لە ڕۆژی 24/9ی ئەمساڵ، ئێران هەموو سنوورەکانی بەڕووی هەرێمی کوردستاندا داخست، لەگەڵ ئەوەی دواتر دەروازەی سنووریی باشماخی کردەوە، بەڵام تا ئێستا دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران بە داخراوی ماوەتەوە.
هاوکار ستار، شۆفێری بارهەڵگر لە گومرگی حاجی ئۆمەران بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: داخستنی دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر ژیانی ئێمەی شۆفێری بارهەڵگر دروستکردووە، ئەوە نزیکەی مانگ و نیوێک دەبێت ئێمە بێکارو کاسبی لە ناوچەکە ماوینەتەوە.
ئەو شۆفێرە دەشڵێت: جموجۆڵی بازرگانی ئاسایی بوو ئێمە لە هەفتەی دوو بار تا سێ بارمان هەبوو کە ئەمەش بەشێکی زۆر لە بژێوی خۆمان و ماڵ و کەسوکارمانی دابین دەکرد، بەڵام ئێستا ئەو داخستنە کاریگەرییە خراپەکەی دەرکەوتووە، ئێستاکە تا دێت بار و گوزەرانی شۆفێران و کاسبکارانمان خراپتر ئەبێت.
وتیشی، داواکارین لە حکومەتی هەرێم و لایەنی پەیوەندیدار هەوڵێکی جدی بدەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات گومرگەکە بکرێتەوەو جموجۆڵی بازرگانی ئاسایی ببێتەوە لە سنورەکە، ئەگەرنا ناچارین بۆ دۆزینەوەی کاری تر بژێوی خۆمان ناوچەکە جێبێڵین و بەرەو شوێنێکی تر بڕۆین، چونکە ئۆتۆمبێل هەیە ژیانی سێ تا چوار خێزانی لەسەرەو هەر خێزانێکیش کۆمەڵێک خوێندکار و کۆمەلێک منداڵی هەیە کە هەموویان لەسەر داهاتی ئەو ئۆتۆمبێلە بەرێوەدەچن.
ئاکۆ تاهیر ئەنجومەنی گشتی شۆفێرانی بارهەڵگری گومرگی حاجی ئۆمەران بە ئاژانسی ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بەشێکی زۆری خەڵک و شۆفێر ژیانیان لەسەر ئەم گومرگەیە کە بەتەنیا شۆفێرانی بار هەڵگر کە لە خەتی گومرگی حاجی ئۆمەران کار ئەکەن بە شێوەی فەرمی (633) شۆفێرە کە ئەمەش ئێستاکە هیچ کارو کاسبییەکیان نەماوە.
هەروەها وتیشی: ئەگەر داخستنی سنورەکە بە بەردەوامی بمێنێتەوە، ناچار شۆفێران دەبێت ئۆتۆمبێلەکانیان بە زەرەر بفرۆشنەوە و لەو ناوچەیە کۆچ بکەن بۆ شارێکی تر و کارێکی تر بدۆزنەوە، ئەوەش دووبارە (تەرحیل)کردنەوەیەکی تری باڵەکایەتییە و چۆمان لە شارۆچکەیەکی گەورەوە دەکاتە شارەدێیەکی بچوک و بێ داهات.
ئەو ئەنجومەنە وتیشی، ئێستا شۆفێران زۆربەیان قەرزدارن، بەهۆی ئەوەی لەسەر داوایەکی ئیران ئۆتۆمبێلەکانیان گۆڕی لە تاک بۆ کەپس یان بۆ جۆرێکی گەورەتر کە هەندێکیان کەموکوڕیان هەبوو، بەڵام لەگەڵ ئەو داخستنە ئێستا بە پلەی یەک ئەو شۆفێرانەن کە زیانی زۆریان بەرکەوتووەو قەرزێکی زۆریان دەکۆڵدا هاتووە و ئێستاش بێکارن.
لەبارەی کردنەوەی مەرزەکەش وتی، ئەوەی ئێمە ئاگاداربین لە پەرلەمانی ئیران بڕیاردرا هەردوو مەرزی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان پێکەوە بکرێنەوە، بەڵام تا ئێستاش هەر داخراون، بۆیە پێمانوایە داخستنی مەرزەکە سیاسییە.
دەشڵێت، مەرزی حاجی ئۆمەران جگە لەوەی بەشی هەرە زۆی خەڵکی ئەو سنورە بەرژەوەندیان لەگەڵ ئەو مەرزەدایە، بەڵام لە پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خەڵکێکی زۆر ژیانیان لەسەر ئەو مەرزەیە کە بەس کرێکاری پیرانشار ژمارەیان پێنج هەزار دەبێت و ڕۆژانە لەو مەرزە کاردەکەن، بەڵام ئێستا ئەوانیش بێکارن، بۆیە داواکارین ئەو مەرزە بکرێتەوەو خەڵک و شۆفێران و کاسبکارانیش بکەونەوە سەر بارو گوزەرانی ئاسایی خۆیان.
ژیار دڵشاد، ئابوریناس لەو بارەیەوە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: داخستنی گومرگی حاجی ئۆمەران کاریگەریی نەرێنی بەتەنیا لەسەر شۆفێران یان پیلەوەر یان کارمەندان و بازرگانانی ئەو سنورە دروست نەکردووە، بەڵکو بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لەسەر 70%ی خەڵکی ئەو سنورە بە گشتی و بەشێک لە ناوچەکانی تری دروستکردووە.[1]
19-11-2017