بۆ نۆژەنکردنەوەی ب#ەنداوی دەربەندیخان# و چاککردنەوەی ئەو کەموکوڕییانەی بەهۆی #بوومەلەرزە#کەوە لە بەنداوەکەدا دروستبووە، داوای پارە لە هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کورستان کراوە.
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان لە هەرێمی کوردستان بە (تۆڕی میدیایی ڕووداو)ی ڕاگەیاند، چاککردنەوەی ئەو کەموکوڕییانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە بەنداوی دەربەندیخان دروستبوون، ناتوانرێ دوابخرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغداش بەڵێنیانداوە پارە بۆ ئەو مەبەستە تەرخانبکەن.
بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکان داوای17 ملیۆن دۆلاریان لە بەغدا و چوار ملیار دیناریشیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
ئەکرەم ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، بەغدا بڕیاریداوە وەک قۆناخی یەکەم بڕی سێ ملیار دینار دابینبکات، دواتر قۆناخ بە قۆناخ پارەی دیکەش بۆ چاککردنەوەی بەنداوەکە تەرخاندەکات. دەشڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕیاریداوە پارە بۆ نۆژەنکردنەوەکە تەرخانبکات.
بوومەلەرزەکەی شەوی یەکشەممە 12-11-2017 زیانی بە بەنداوی دەربەندیخان گەیاند، بەجۆرێک بەنداوەکە بە درێژایی و بە پانی چەندین درزی تێدا دروستبووە.
بەنداوی دەربەندیخان دوو ملیار و600 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت، ئێستا نزیکەی یەک ملیار و 400 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە، ئەو زیانەش کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە بەر بەنداوەکە کەوت، بەرپرسانی ناچارکرد 100 ملیۆن مەترە سێجا ئاوی بەنداوەکە بەردەنەوە.
لە هەرێمی کوردستاندا 17 بەنداوی گەورە و بچووک هەن، هەریەک لە بەنداوەکانی دووکان و دەربەندیخان بە بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان هەژمار دەکرێن. بەنداوی دووکان نزیکەی حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت.[1]
19-11-2017