دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، لە ماوەی 11 مانگی ڕابردوو #بێکاری# لە هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی لە 2% زیادیکردووە و لەو ڕێژەیەش 12% دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانن.
سیروان مەحەمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاماری هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لەماوەی ساڵی 2017 دا، بێکاری لە هەرێمی کوردستان لە 13.3% بەرزبۆتەوە بۆ 15%، بەمەش لە ماوەی ساڵی 2014 بۆ 2017، زیاتر لە 333 هەزار کەس بێکاربوون و، له و ڕێژەیەش لە 12%یان دەرچووی زانکۆو پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستانن.
بەڕێوبەری ئاماری هەرێم، ئاماژەشی بەوەکرد، به پێی ئامارەکان قەیرانی دارایی کاریگەریی لەسەر زۆربەی بوارەکانی ژیانی هاووڵاتییان هەبووە، چونکە تەواوی کەرتەکانی گرتووەتەوه، بە تایبەت کەرتی تایبەت.
ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو، لە ساڵی 2013 بێکاری لە هەرێمی کوردستان کەمترین ڕێژەی تۆمارکردووە لە 6.6% بووە، بەڵام لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان 15%ی دانیشتوانەکەی بێکارن و هیچ کارێکیان نییە.
وتیشی، ڕێژەی بێکاریەکە زۆرترینی لەناو توێژی گەنجانە، ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 18 بۆ 35 ساڵە.[1]
21-11-2017