دواڕۆژ، سامان قوبادی
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەند و ئێران، نەوتی کەرکووک بەڕێگەی سلێمانیدا هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت، لە قۆناغی سەرەتاشدا بڕیارە ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت بە تەنکەر هەناردە بکرێت، هاوکات هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران بە لێدان لە بەرژەوەندییە ئابورییەکانی تورکیا دادەنرێت، بەوتەی ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش بەپێی دەستور هەر پارێزگایەک نەوتی پێدا هەناردە بکرێت، پێویستە پارەی پترۆدۆلاری لە داهاتی فرۆشی نەوت پێبدرێت.
$بڕی چەند هەناردە دەکرێت؟$
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان بەغدا و هەرێم و تاراندا کراوە بەمەبەستی هەناردەی نەوتی کەرکووک بە تەنکەر بۆ ئێران.
ئەحمەد عەسکەری، سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دواڕۆژ باس لەوە دەکات ڕێککەوتن بەمەبەستی هەناردەی نەوتی کەرکووک بۆ ئێران کراوە، بڕیارە لەسەرەتادا ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت.
ناوبراو وتیشی، وەزارەتی نەوتی عێراق ڕێککەوتنەکەی کردووە، بەڵام کاتی جێبەجێ کردنەکەی دیاری نەکراوە.
لەئێستادا هیچ بڕە نەوتێک لە کێڵگەکانی هاڤان و بای حەسەن ڕەوانەی دەرەوە ناکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ تورکیا دەستی بە گفتوگۆ کردووە، تا بەشێک لە نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆری هەرێمی کوردستانەوە بۆ تورکیا هەناردە بکرێت.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکور بۆ دواڕۆژ وتیشی، لەئێستادا ڕۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک دەدرێت بە پاڵاوتگەی بازیان، 40 هەزار بەرمیلیش بۆ پاڵاوتگەی کەڵەک.
$فرۆشی نەوتی عێراق بەڕێژەی 12% زیاد دەکرێت$
چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی ڕەوانەکردنی نەوتی کەرکووک، فرۆشی نەوتی عێراق بەڕێژەی لە 12% زیاد بکات.
بەپێی لێدوانی بەرپرسانی باڵای بەغدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، بە ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و تاران کە له شوباتی ئەمساڵدا کراوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە قۆناغی یەکەمدا نەوتی کەرکووک بە تەنکەر هەناردە دەکرێت، ڕۆژانەش 15 هەزار بەرمیل نەوت بەرامبەر بە یەک ملیۆن دۆلار دەفرۆشرێت، دواتر ئەم ڕێژەیە بۆ 60 هەزار بەرمیل زیاد دەکرێت.
$داهاتی پترۆ دۆلار بۆ سلێمانی$
غالب محەمەد، سەرۆکی لیژنەی سامانە سروشتییەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، نەوتی کەرکووک لە سلێمانییەوە ڕەوانەی ئێران دەکرێت، بۆیە بەپێی دەستوری عێراق هەر پارێزگایەک نەوتی پێدا هەناردە بکرێت، پێویستە پترۆدۆلار بیگرێتەوە، بۆیە بە ناردنی نەوتی کەرکووک لە سلێمانییەوە بۆ ئێران داهاتی پترۆدۆلار لە فرۆشی نەوت بەر سلێمانی دەکەوێت، بەڵام سەرەتا بەهۆی ئەوەی بەتەنکەر دەنێردرێت، بۆیە تەنها گومرگ دەخرێتەسەری.
سەرۆکی لیژنەی نەوت و غاز لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە پارەی پترۆدۆلار، کە بەر پارێزگای سلێمانی دەکەوێت بۆ چاککردنی ڕێگەوبان تەرخانبکرێت.
ساڵێک بەر لە ئێستا بەمەبەستی ڕێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی ئێرانەوە وەفدێکی باڵای ئه و وڵاتە بە ئامادەبوونی نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومی لە هەولێر کۆبوونەوە، بەڵام ئەوکات بەهۆی ڕەوانەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی تورکیا و لاوازی حکومەتی ناوەند ڕێککەوتنەکە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، لەئێستاشدا فرۆشتنی نەوت لەڕێگەی ئێرانەوە بە لێدان لەبەرژەوەندییە ئابورییەکانی تورکیا دادەنرێت لەم ناوچەیە.[1]
21-11-2017