دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەپێی ئامارەکانی #وەزارەتی کشتوکاڵ# و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، ڕێژەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستاندا، ساڵانە لە 300 ملیمەتر زیاترە و لە کوردستانیش کێشەی کەمی ئاو نیە، بەڵکو کێشەی ئیدارەدانی ئاو هەیە.
ئەنوەر عومەر، بەڕێوبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەپێی ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ لەگەڵ ڕێکخراوی (UNDP) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاسایشی ئاوی هەرێمی کوردستان بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق لە ئاستێکی باشدایە، لەڕووی دابینکردنی تۆڕەکانی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتیان نزیک بۆتەوە لە ستانداردە جیهانییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا ناوچە شارنشینەکانی هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەی لە 95% ئاوی پاک و خواردنەوەیان پێدەگات، لەکاتێکدا گوندنشینەکان بە ڕێژەی 60%، هەرچی ناوچەکاتی تری عێراقە ڕێژەکەی کەمترە.
ئه و بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵ ڕوونیشيکردەوە، کێشەی بوونی ئاو لە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو گرفتەکە لە چۆنیەتی ئیدارەدانی هەیە، وتیشی جگە له و 17 بەنداوە پلانی دروستکردنی 20 بەنداوی تری بچوک و گەورەیان هەیە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد ڕێژەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان ساڵانە لە 300 ملیمەتر زیاترە، بەڵام بەهۆی خراپ بەکارهێنانی ئاوی ژێر زەوی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو ئاوی ژێر زەوی بە ڕێژەی 40 بۆ 80 ملیمەتر کەمیکردووە.[1]
21-11-2017