لە نۆ مانگی ساڵی 2017دا لە هەرێمی کوردستان حەوت هەزار و 445 تووندوتیژی دژی ژنان و ئافرەتان تۆمارکراون. لەو ماوەیەدا 38 حاڵەتی کوشتن، 166 خۆسووتاندن و 95 حاڵەتی ئەشکەنجە و سکاڵا هەبوون.
زیادبوونی تووندوتیژی لە ساڵانی ڕابردوودا، حکومەتی هەرێمی کوردستانی ناچارکرد بیر لە ڕێگەچارەیەک بۆ کەمکردنەوەی بکاتەوە. ساڵی 2007 حکومەت هەنگاوێکی بۆ ئەو پرسە هاویشت، لە وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندار بەو پرسەری کردەوە، کە لە 2012ەوە ناوەکەی لە بەدواداچوون بۆ بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان گۆڕدراوە، لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان نووسینگەی کردووەتەوە. دواتر بە هەوڵی حکومەت و پەرلەمان و ڕێکخراوەکانی ژنان یاسایەک لە پەرلەمان بەنێو یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی دەرچوو.
سەرەڕای هەوڵەکانی حکومەت و ڕێکخراوەکانی ژنان، ئامارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەریدەخات هێشتان تووندوتیژی بەردەوامە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، ئاستی تووندوتیژی بە هەموو جۆرەکانییەوە لەماوەی نۆ مانگی 2017دا بەڕێژەی 28.9% لەچاو نۆ مانگی ساڵی 2016 زیادیکردووە.
ئاماری تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە نۆ مانگی ساڵی 2016 بەمجۆرە بووە:
- کوشتن 30 حاڵەت
- خۆکوشتن60 حاڵەت
- سووتان169 حاڵەت
- خۆسووتاندن 72 حاڵەت
- ئەشکەنجە و سکالا4814 حاڵەت
- دەستدرێژی سێکسی77 حاڵەت
ئاماری تووندوتیژی دژی ئافرەتان لە نۆ مانگی ساڵی 2017 بەمجۆرە بووە:
- کوشتن38 حاڵەت
- خۆکوشتن 58 حاڵەت
- سووتان 166 حاڵەت
- خۆسووتاندن95 حاڵەت
- ئەشکەنجە و سکاڵا 6987 حاڵەت
- دەستدرێژی سێکسی 101 حاڵەت
تەشەنەکردنی تووندوتیژی دژی ئافرەتان بووەتە کێشەیەکی جیهانی، بەتایبەتی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا. بەگوێرەی ڕاپۆرتی سندووقی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA)، لە هەر سێ ژن لە سەرانسەری جیهاندا ژنێک دەکەوێتە بەر تووندوتیژیی ئەندامانی بنەماڵەکەی.[1]
25-11-2017