مێوانە بەڕێزەکان
ئامادەبووانی بەڕیز
بەخێربێن بۆ ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانیی ئەمساڵ بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی لە دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان.
ئەمساڵ دەیەمین ساڵە لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دابینکردنی یەکسانی و دادوەریی کۆمەڵایەتی ڕادەگەیەنین.
سەرەڕای ڕووداوە دژوارەکانی ئەم دواییە و دۆخی سەختی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو، هاوشانی حکوومە ت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرانسەری جیهان، ئیرادەی سیاسیمان بۆ دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە.
کاروچالاکییەکانمان بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی لەناو خێزان و کۆمەڵگە و هەموو ناوچەکە زیاتر دەکەین.
جەخت لە ئیرادەی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و یەکسانی و ئاشتی و سەقامگیری دەکەینەوە.
هەرێمی کوردستان ئەمساڵ بە دۆخێکی دژوار و ناهەمواردا تێپەڕ دەبێت، ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە کردەیی دەیسەلمێنن کە گەلی کوردستان گەلێکی ئازادیخواز، کراوە و بەخشندەیە و هەمیشە بەرگری لە خۆی دەکات. هەرگیز توندوتیژی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی مافە بنەڕەتییە سیاسی و مەدەنی و مرۆییەکانی بەکار ناهێنێ، بەڵکوو دەیەوێ بە ئاشتییانە بەو مافانە بگات.
لە هەموو جیهان هەر کاتێک دۆخی سیاسی و ئابووری دەشێوێت، ژنان باجی گەورە دەدەن، نەک تەنیا دەبنە قوربانیی سەرەکیی شەڕ و هێرشەکان، بەڵکوو مافەکانیان و چالاکییەکانیان کەم دەبێتەوە و یەکسانی و دادپەروەری دەکشێتەوە دواوە.
ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە لێناگەڕێین مافەکانتان بچێتە دواوە، جارێکی دیکە ببنە قوربانیی سەرەکیی شەڕ و پێکدادان. بەڵێن دەدەین کە ئەو پێشکەوتنانەی لە 25 ساڵی ڕابردوو بەدەستمان هێناوە، بەردەوام دەبن و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش وەک هەمیشە هاوکاری نزیکتان دەبێت.
لە 25 ساڵی ڕابردوودا کاری جددیمان لەسەر پرسی ژن و سیاسەتی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان کردووە. باوەڕمان وایە دابینکردنی یەکسانی و دادپەروەری دەبێتە بناغەی سەرەکیی کارکردنمان. باشترین دەروازە بەرەو ژیانێکی ئارام و کوردستانێکی ئارام.
لەمبارەیەوە بە ڕاوێژکردن و گوێگرتن لە پسپۆڕ و چالاکوانانی مافی مرۆڤ، کارمان بۆ دابینکردنی یاسا کردووە و لە ساڵانی نۆوەدەکانەوە تائێستا کۆمەڵێک یاسای باری کەسێتی و سزادانی عێراقیمان گۆڕیوە. پەرلەمانی کوردستانیش بە ڕاوێژ و گوێگرتن لە هەموو لایەک، چەند یاسایەکی هاوچەرخ و شارستانیمان دەرکردووە.
لە ساڵی 2001ەوە لە هەرێمی کوردستان کوشتنی ژن بە هەر پاساوێک بێت، وەک هەموو کوشتنێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، نەک بە گوێرەی ماددەکانی یاسای سزادانی عێراقی کە تاوانباران بە کوشتنی ژن، بە سزای سووک سزا دەدران.
بابەتی فرەژنی لە هەرێمی کوردستان بە کۆمەڵێک مەرجی قورس سنووردار کراوە. هەروەها تەمەنی شووکردن بە 18 ساڵییەوە بەستراوەتەوە.
یاسای ژمارە 8ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی ساڵی 2011 هەنگاوێکی گرنگ بوو.
پێشتریش پەرلەمانی کوردستان یاسای تایبەت بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و مۆبایل و ئینتەرنێت دەرکردبوو کە هەوڵێکی سەردەمییانەیە بۆ پاراستنی ئافرەت لە شەڕپێفرۆشتن بە ئافرەتان و هەوڵەکانی ناوزڕاندنی ئافرەتان کە زۆرجار بەداخەوە ئەو بابەتانە کەیسی کوشتنیشیان لێ کەوتووەتەوە.
لە ڕووی سیاسەت و ستراتیژەوە کارەکانمان دەیسەلمێنن لە سەرەتاوە بە شێوەیەکی سیستەماتیک کارمان لەسەر ئەم پرسە گرنگەی کۆمەڵگە کردووەتەوە.
دامەزراندنی چەندین شێڵتەر و داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێکراو و دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و چەندان خاڵی دیکە، هەنگاوی کردەیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە بە ئامانجی بنبڕکردنی توندوتیژی دژی خانمان. خۆشحاڵیش بووم کە ببینم ئەو دەزگایانە ڕۆژانە کاری گرنگ ئەنجام دەدەن.
دوای داعش و گرژییەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی عێراق کردیان، لێنەگەڕان کارەکان لە ئاستی چاوەڕوان کراو بن. سەرەڕای دروستکردنی تەگەرە لەبەردەم دەسەڵاتی جێبەجێکردن، هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، کێشەیەکی گەورەی بۆ هەریمی کوردستان دروست کردووە کە کێشەی ئاوارە و پەنابەرانە کە لە 4 ساڵی ڕابردوودا 2 ملیۆن ئاوارە و پەنابەر داڵدە دراون.
دوای هێرشی هێزەکانی عێراق بۆ سەر کەرکووک و خورماتوو و ناوچەکانی دیکە، زیاتر لە 160 هەزار کەس ئاوارە بوون و ڕاپۆرتەکان پێمان دەڵێن کە کچان و ژنان بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە. ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەم کەیسانە دەکەین و داوا لە هێزە پێشکەوتنخوازەکانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، هاوکار بن بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی ژنانی زیانلێکەوتوو.
ئێمە بڕوامان وایە کە دەبێ لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا هەموو جیاوازییە حزبی و سیاسییەکانمان بەلاوە بنێین و بە باوەڕ و ئیرادەی پتەوەوە پێکەوە کار بکەین، چونکە ئەم پرسە بە تەنیا پرسی ژن نییە، بەڵکوو پرسی هەموو کۆمەڵگەیە، ئاسایشی کۆمەڵگە بە ئاسایشی خێزانەوە بەندە. بە کارکردن لەسەر ئەم پرسە هەستیارە، دەبێ باوەڕی کەسیی خۆمان بەلاوە بنێین و پلانی حکوومەت وەک ئەرک جێبەجێ بکەین.
هەڵمەتی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتێکی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کارکردن بەرامبەر بە ئافرەتان. ژنانی کوردستان دەمێکە ئەو هەنگاوەیان ناوە و بە شێوەیەکی کردەیی بەرەو ڕووی هەموو جۆرە توندوتیژییە جێندەرییەکان بوونەتەوە. ئەم هەڵمەتەی ئەو دواییەی جیهان هێزێکی دیکە بە ئێمە دەدەن. داوا لە دادگاکان دەکەین گوێ لەو ژنانە بگرن و بە دادپەروەری و دادگەریکردن ئەم خەمە کەم بکەنەوە.
هاوسۆزیی خۆمان بۆ دەسەڵاتانی فیدرالی لە عێراق دەردەبڕم، تا ڕێگە بگرن لە بەشوودانی کچان لە تەمەنی 9 ساڵیدا. کچانمان پێویستییان بە سۆزی دایک و باوکیان هەیە تا پەرە بە خوێندن بدەن، نەک ببنە کاڵا و بەشوو بدرێن. هیوادارم هێزە پێشکەوتنخوازەکانی عێراق لێنەگەڕێن ئەم پڕۆژەیە ببێتە یاسا.
ئەم پرسە فرە لایەن و فرە ڕەهەندە و داوای کار و هاوکاریی زیاتر لە سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەم، بە ڕێکخراوە ناحکوومییەکان و ڕاگەیاندن و مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسە گرنگە.
دووپاتی دەکەمەوە کە هەوڵەکانمان بۆ ڕزگارکردنی کچان و ژنانی ئێزدی بەردەوام دەبێت، ئەوان نموونەیەکی زیندووی ئەو تاوانانەن کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە. ئێستاش لە پەرلەمانی کوردستان یاسای لێبووردنی گشتی تاوتوێ دەکرێت، داوا لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم، ئەو لێبووردنە بەهیچ شێوەیەک ئەو سزادراوانە نەگرێتەوە کە تاوانیان بەرامبەر بە ژنان ئەنجام داوە.
بڕوامان بەوە هەیە کە تەنیا بە پەرەپێدانی پرۆسەی دیموکراسی، دەتوانین مافی هاووڵاتییان دابین بکەین و کۆمەڵگە بەرەو پێشەوە ببەین.
لە کۆتاییدا سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم کۆبوونەوەیە دەکەم کە ئەمڕۆ ئەنجامیان داوە، دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان دەکەم. سوپاسێکی تایبەتی لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەم، ئەو بەشانەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان دروستیان کردووە، داوایان لێدەکەم پەرە بە کارەکانیان بدەن و جددیتر بن و کاری ئێمە لێرەدا ناوەستێت.
27-11-2017