دواڕۆژ، هۆگر کەمال
رێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان، لەژێر ناونیشانی (نەوت و غازی کوردستان ڕووە و هەوراز)، ڕاپۆرتی ساڵی 2017ی لە بواری نەوت و غازی هەرێم بڵاوکردەوە، تێیدا ئاشکرایکردووە کە هەرێمی کوردستان لە 50%ی سەرچاوە نەوتییەکانی لەدەستداوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە کەرتی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە دۆخێکەوە کە ئەگەر شکستی نەهێنابێت دۆخەکەی لە لێواری کەوتن نزیکە، بڕواشیوایە، کە هێشتا چەندین خاڵی گەش ماوە کە هەرێمی کوردستان کاریان لەسەر بکات.
بەپێی ئه و ئامارانەی ڕێکخراوەکە بڵاویکردوەتەوە هەرێم لەساڵی 2017 دا بەنزیکی 500 بۆ 550 بیری نەوتی لەدەستداوە کە 360 یان بیرە بەرهەمدارەکانی (ئاڤانا و بای حەسەن) بوون واتە بەکۆی گشتی هەرێم %50ی سەرچاوە نەوتیەکانی لەدەستداوە کە بەپێی ئامارێک داهاتەکەیان 500 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە.
وریا هەورامی، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دۆر بۆ زانیاری نەوتی کوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند دۆخی کەرتی نەوت و غازی هەرێمی بۆیە توشی ئەم کارەساتەبوو، چونکە حکومەتی هەرێم سیاسیەتێکی ناڕوونی پەیڕەوکرد و داهاتی نەوتی بەکارنەهێنا بۆ بوژاندنەوەی کەرتەکانی دیکە.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە ئێستا بەرهەمی نەوتی هەرێم لە سەرو 700 هەزار بەرمیلەوە هاتووەتە سەر 220 بۆ 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، کە داهاتەکە لەنێوان 450 بۆ 500 ملیۆن دۆلاری مانگانەدایە.
وریا جەخت لەسەر ئەوەدەکاتەوە ئێستا جگە لەوەی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ عێراق و کەرتی نەوتی و غازی خۆی لەڕێگەی عێراقەوە پەرەپێبدات هیچ ڕێگایەکی لەبەردەم نەماوە دەشڵێت پێویستە هەرێم هەناردە نەوتی خۆی ڕادەستی سۆمۆ بکات، بەڵام نابێت قوفڵی نەوت تەسلیم بکات، هەوڵيشبدات شایستە و قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکان بخاتە سەر شانی عێراق.
هاوکات ڕاپۆرتەکە، ستراتیژی وزەی جیهانی بۆ ساڵی 2040 بڵاوکردەوەتەوە و تێیدا گۆڕانی نەخشەی وزەی جیهانی ڕووندەکاتەوە بڕوایوایە تا ساڵی 2040 ئەمریکا شۆڕشی نەوت و غازی بەردینی دەگاتە بەرهەم ئەمریکا لە وڵاتێکی بەکاربەرەوە دەبێتە وڵاتێکی بەرهەمهێنەر و چین دەبێتە بەکاربەر، هاوکات بەشێوەیەکی خێرا غازی سروشتی گەشەدەکات لەبەرهەمهێنانی کارەبا بەڕێژەی %40 بەشی زۆریشی لە پیشەسازیدا لەبەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێت.
ڕێکخراوی دۆر دوو ئەگەر بۆ غازی سروشتی هەرێمی کوردستان لەبەرچاودەگرێت و بڕوای وایە غازی سروشتی هەرێمی خاڵی بەهێزی ئەم هەرێمەیە، یەکەمیان گرنگە هەرێم فۆکەسی خۆی بخاتە سەر غازی سروشتی و گەشەی پێبدات هاوکات لەم قۆناغەدا تا ئاسۆیەکی باش بۆ دەرچوون لە ئابووری عێراق بەدیدەکات هەناردە نەکرێت لەناو خۆدا بەکاری بهێنێت بۆ پەرەپێدانی کارەبا، چونکە هەناردەکردنی غازی سروشتی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە ژێرخانی غازی و لەڕووی داهاتەوە سودێکی ئەوتۆی بۆ کوردستان نابێت.
بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دۆر جەخت دەکاتەوە کە ئه و ڕاپۆرتەکەیان کۆمەڵێک پێشنیار و سیناریۆی لەبارەی کەرتی نەوتەوە لەبەرچاوو گرتووە کە دەکرێت بۆ ئایندەی ئەم کەرتە سودی لێوەربگیرێت، دەشڵێت گرنگە بۆ هەرێمی کورستان لەم ساتەدا فۆکەس بخاتە سەر ئەوەی کە نەوت و غازی سروشتی خۆی لەبەکاربردنی ناوخۆدا چڕبکاتەوە بەشێک لەنەوتی خۆی بۆ ئه و مەبەستە تەرخان بکات.[1]
03-12-2017