رێکخراوێکی تایبەتمەندی بواری نەوت و غاز ئاشکرایدەکات بەهۆی ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە حکومەتی هەرێم 500 بۆ 550 بیرە نەوتی لە دەستدا کە داهاتی مانگانەیان 500 ملیۆن دۆلار بووە، دەشڵێت هەرێم دەتوانێت پشت بە غازی سروشتی ببەستێت، شارەزایانیش پێیان وایە نەوتی هەرێم لەسایەی ئەم حکومەتە بوو بە سەرچاوەی نەهامەتی.
رۆژانە بە بەرچاوی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە ژیانی خەڵک لە خراپەوە بەره و خراپتر دەچێت، ئاستی خزمەتگوزارییەکان دادەبەزێت، بێ موچەیی و بێ کارەبایی و سوتەمەنی تا دێت ژیانی هاوڵاتیان قورستر دەکەن، ئەوەی هەموان جگە لە دەسەڵات لەسەری کۆکن ئەوەیە کەکابینەی هەشت شکستیهێناوە، هاوڵاتیان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پارتە سیاسیەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بە دەنگی بەرزتر داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم کابینەیە دەکەن..
رێکخراوی دۆر کە ڕێکخراوێکی تایبەتمەندە بە بواری نەوت و غازی هەرێم ڕاپۆرتێکی لەسەر شکستی حکومەت لە بواری وزە بڵاوکردەوە، ڕاپۆرتەکە دەڵێت کەرتی نەوت و غازی هەرێم کەوتوەتە دۆخێکەوە کە ئەگەر شکستی نەهێنابێت لە لێواری کەوتن نزیکە، و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 دا بەنزیکەیی 500 بۆ 550 بیرە نەوتی لەدەستداوە کە 360 بیریان بەرهەمداربوون و داهاتی مانگانەیان 500 ملیۆن دۆلار بووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە ئێستا بەرهەمی نەوتی هەرێم بۆ 220- تا 250 هەزار بەرمیل دابەزیووە ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر هەناردەی نەوتی هەرێم سەرووی 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە غازی سروشتی خاڵی بەهێزی هەرێمە بەڵام تا ئاسۆیەکی باش بەدی نەکرێت بۆ دەرچوون لە ئابوری عێراق پێویستە هەناردە نەکرێت و لەناوخۆدا بەکاربهێندرێت، چونکە هەناردەی غازی سروشتی هەرێم دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ژێرخانی غاز و لەرووی داهاتیشەوە سودێکی ئەوتۆی بۆ هەرێم نابێت،
شارەزایەکی بواری وزە بە KNN ی ڕاگەیاند ئەگەرچی هەرێمی کوردستان خاوەنی 200 تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتیە کە دەکاتە 5 و پۆینت 7 تریلیۆن مەتر سێجا و 3% یەدەگی غازی جیهان لە هەرێمی کوردستاندایە بەڵام هاوڵاتیان و شارەزایان ترسی ئەوەیان هەیە لەکاتی هەناردەی غازی سروشتیدا بڕی قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم زیاد بکات، ئەوەش بەهۆی گەندەڵی و هەوڵەکانی بەشێک لە دەسەڵاتداران بۆ تێکەڵکردنی هەناردەی غاز و سپیکردنەوەی پارە.
رۆژی 18ی ئەیلولی ساڵی 2013 وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجی و هاوبەشە تورکیە ئەنگلۆکەیدا ئیمزاکرد بۆ دەرهێنانی غازی سروشتی و بەبازاڕکردنی بەڵام دواتر بەبێ ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان هۆکارەکەی ئاشکرابکات کارکردن بە گرێبەستەکە وەستا.
هەرێمی کوردستان کە تا پێش ڕوداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر نەوتی کەرکووک و هەرێمی کوردستانی هەناردە دەکرد، چارەکە موچەی فەرمانبەرانی لەکاتی خۆیدا نەدەدا، له و بارەیەوە شارەزایەکی دارایی دەڵێت حکومەتی هەرێم 84% داهاتەکەی لەنەوتەوە سەرچاوەی گرت بوو ئه و کەرتەش نا شەفاف بوو بۆیە فەرمانبەرانی هەرێم باجی گەندەڵی دەسەڵاتیان دەدا.[1]
03-12-2017