دواڕۆژ، بیلال سەنگەری
لەچەند ساڵی ڕابردوودا #ئاوارە#یەکی زۆر بەهۆی شەڕی داعش لەناوچە جیاجیاکانی عێراقەوە ڕوویان لەهەرێمی کوردستان کرد، زۆربەیان لەنێو شارەکانی هەرێم نیشتەجێبوون، بەوتەی بازرگانان و فرۆشیارەکانی ناوبازاڕ، ڕۆیشتنەوەی ئاوارە عەرەبەکان کاریگەری نەرێنی دەخەنەسەر بازاڕ.
محەمەد عەزیز کە خاوەنی فرۆشگای گوڵی شارە لە#سلێمانی# بەدواڕۆژی وت پێشتر لێرە ڕێژەیەکی زۆر عەرەبی ئاوارە هەبوون، بەڵام ئێستا زۆربەیان ڕۆیشتوونەتەوە، ئەو دەڵێت دوو دوکانداری دراوسێم کە عەرەب بوون ئەوانیش ڕۆشتوونەتەوە، بەڕاستی تا ئەوان لێرەبوون بازاڕمان باش بوو، چونکە ئەوان هەرچەندە ئاوارەبوون، موچەکەیان لەبەغداوە بۆ دەهات و لێرە شتومەک و خۆراکیان دەکڕی.
ئاوارەبوونی ئه و ژمارە زۆرەی عەرەب بۆ کوردستان لەکاتێکدا بوو کە هەرێم تووشی قەیرانی دارایی ببوو کاریگەری خراپی کردبووە سەر گیرفانی بەشێکی زۆری هاوڵاتیان و موچەخۆران، بەڵام گیرفانی پڕ و موچەی بەردەوامی ئاوارە عەرەبەکان ببووە هۆی جوڵەیەکی باش لەنێو بازاڕەکانی هەرێمدا، چونکە ئاوارە عەرەبەکان سەرباری کۆمەککردنیان، مانگانە موچەکانیشیان بۆ دەهات.
هاوکات فرۆشیارێکی ئامێرە کارەباییەکان لەبازاڕی سلێمانی باس لەوەدەکات، زۆرترین کڕیارەکانم کڕیاری عەرەب و ئاوارەکان بوون.
ڕۆژگار عەباس کە چەندین ساڵە کاری فرۆشتنی ئامێرە کارەباییەکان دەکات لەبارەی کڕیارە عەرەبەکان و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان دەڵێت لەڕاستیدا زۆرترین کڕیاری من عەرەب بوون، ڕۆژانە بەلای کەمەوە 30 پارچە شتومەکی کارەباییم دەفرۆشت، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لەئاوارەکان ڕۆیشتوونەتەوە، بازاڕم زۆر سست بووه و 50%ی موشتەرییەکانم لەدەستداوە.
کاریگەری ئاوارە عەربەکان لەسەر جموجۆلی کەرتی ئابوری هەرێم، تەنها لەسەر دۆخی بازاڕ نەبووە، بەڵکو کاریگەریی لەسەر نرخی کرێی خانوو و شوقەش دروستکردووە.
خاوەنی نوسینگەیەکی بەکرێدانی خانوو لە سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات کە لەئێستادا لەماوەی یەک مانگدا تەنها دوو خانووی بەکرێداوە کە کرێچییەکانیش کورد بوون.
ئەحمەد عەبدوڵا کە خاوەنی نوسینگەی بەکرێدانی خانووە بۆ دواڕۆژ باس لەوەدەکات کاتێک ئه و ئاوارانە هاتنە سلێمانی، زۆربەیان هاتنە لای ئێمە بۆ بەکرێگرتنی خانوو، چونکە باری داراییان باشتربوو، بۆیە لەکەمپەکان نەمانەوە، ئەمەش جوڵەیەکی باشی بۆ بەکرێدانی خانوو دروستکردبوو، بەڵام دوای ڕۆیشتنەوەی بەشێکی زۆریان، ماوەی یەک مانگ دەبێت تەنها دوو خانووم بەکرێداوە.
ئەحمەد عەبدوڵا وتیشی تا ئاوارەکان لێرەبوون بۆ ئێمە سودی زۆریان هەبوو لەڕووی ئابورییەوە، چونکە ئەوان پارەیان پێبوو، بازاڕی ئێمەش باشتربوو، بەڵام ئێستا ئیشوکاری ئێمەش زۆر کەمبووەتەوە.
بەپێی ئامارێکی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەرانی سلێمانی لەماوەی ڕابردوودا 65 هەزار ئاوارەی عەرەب لەسنوری پارێزگای سلێمانی هەبوون، بەڵام لەئێستا نزیکەی 10 هەزاریان گەڕاوەتەوە.
لەبارەی کاریگەریی گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکان لەسەر جموجۆلی بازاڕەکانی هەرێم، پسپۆڕێکی ئابوری جەخت لەوه دەکاتەوە کە گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی هەرێم دەبێت، چونکە هاوڵاتیانی کورد بەهۆی قەیرانی داراییەوە گیرفانیان بەتاڵه و ئاوارە عەرەبەکانیش گیرفانیان پڕ.
مامۆستا ئەحمد ئیسماعیل پسپۆڕی بواری ئابووری بو دوارۆژ دەڵێت بەدڵنیاییەوە هاتنی ئاوارە عەرەبەکان کاریگەری خۆی هەبووە، ئیجابیاتی هاتنی ئەم ئاوارانە ئەوەیە کە زۆربەیان فەرمانبەر بوون و موچەیان لەکاتی خۆیدا پێدەدرا و دەنێردرا بۆیان، ئەوانیش لەبازاڕەکانی هەرێمدا خەرجیان دەکرد، بۆیە جوڵەیان خستبووە بازاڕەوه و ئێستا بەرۆشتنەوەیان کاریگەری نەرێنی دەکەنەسەر بازاڕ. [1]
#09-12-2017#