ئەمڕۆ شەممە #09-12-2017# بەڕێز #حەیدەر عەبادی# سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کاتێکدا کۆتاییهاتنی شەڕی دژی #داعش#ی لە عێراق ڕاگەیاند، پیرۆزبایی له هەموو هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد و ناوی هێنان، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناوی #پێشمەرگە#ی نەهێنا و هیچ ئاماژەیەکی بۆ ڕۆڵ و قارەمانیەتیی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعشدا نەکرد.
بەداخەوە بەڕێز عەبادی جارێکی دیکەش نەیتوانی وەک سەرۆک وەزیرانی وڵات مامەڵە بکات و ڕۆڵی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان پشتگوێ نەخات، لە کاتێکدا جیهان شاهیدە که یەکەمجار پێشمەرگە بەر لە هەموو هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراق کە ئه و ناوی هێنان و پیرۆزبایی لێکردن، ئەفسانەی داعشی تێکشاند و ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە هیچ دوور نەبوو ئێستاش داعش نیوەی جوگرافیای عێراقی لەژێر دەستدا نەبێت.
بەڕێز عەبادی کە ئەمجارەش نەیتوانی ڕق و قینەی خۆی بۆ پێشمەرگە بشارێتەوە، نازانین و قەت لەوە تێناگەین چۆن وێژدانی ئارام دەبێت؟، چی بە منداڵان و خانەوادە و کەسوکاری (1824) پێشمەرگەی شەهید و زیاتر لە (10) هەزار پێشمەرگەی بریندار دەڵێت کە خۆی بە سەرۆک وەزیرانیان دەزانێت و لەپێناو شکاندنی داعشدا شەهید و بریندار بوون؟! ئیتر بە چ ڕوویەکەوە لە وان و لە گەلی کوردستان چاوەڕوان دەکات ئینتیمایان بۆ عێراق هەبێت، لە کاتێکدا ئەمە حاڵ و مامەڵەی سەرۆک وەزیرانەکەی بێت؟!.
پێگە و ڕێز و خۆشەویستیی پێشمەرگە و خانەوادە سەربەرزەکانیان لەناو گەلی کوردستان و لە جیهانیشدا زۆر لەوە گەورەترە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێویستی بە پیرۆزباییی بەڕێز عەبادی و هەموو ئەوانە بێت کە بەم شێوەیە بیر دەکەنەوه و ڕەفتار دەکەن، بۆیە پێشمەرگە نە چاوی لێیە، نە پێویستی به و پیرۆزبایی و پشووە هەیە کە بەم بۆنەیەوە ڕاگەیەنراوە، بەڵام هەموومان بەداخەوەین کە ڕۆژانە دەبینین لە جیاتی هەوڵی زەمینەخۆشکردن بۆ گفتوگۆ و چارەسەرکردنی کێشەکان، جەنابی سەرۆک وەزیران پێچەوانە دەجوولێتەوه!.
وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە
09-12-2017