دوای #بوومەلەرزە# بەهێزەکەی مانگی ڕابردوو تاوەکو ئێستا هەزار و 215 بوومەلەرزە لە پارێزگای #کرماشان#ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوویانداوە.
ئێوارەی ڕۆژی شەممە 9-10-2017، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 3.1 پلەی ڕێختەر بە قووڵایی 9 کیلۆمەتر قەسرینی شیرینی سەر بە کرماشانی هەژاند.
دوای بوومەلەرزەکە فەرهاد فرووزی، بەرپرسی ناوەندی تۆمارکردنی بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان ڕایگەیاند؛ لەدوای بوومەلەزرە بەهێزەکەی مانگی ڕابردوو تاوەکو ئێستا هەزار و 215 بوومەلەرزە لە کرماشان تۆمارکراون.
فەرهاد فرووزی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەڤانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە پلەی بوومەلەرزەکان لە ئاستی جیاجیا بووە، بەڵام 45 بوومەلەرزەیان لە سەرووی 4 پلەی ڕێختەرەوە تۆمارکراون. ڕوونیشیکردەوە کە ڕۆژانە 5 بۆ 6 بوومەلەرزە لە پارێزگای کرماشان ڕوودەدەن، بەڵام زۆربەیان لە خوار 4 پلەی ڕێختەرەوەن.
نزیکەی مانگێک پێش ئێستا، ڕۆژی 12-1-2017 بوومەلەرزەیەکی بەهێز هەر چوار پارچەی کوردستانی گرتەوە، زیانەکانیش لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەموو شوێنێک زۆرتر بوون.
رێکخراوی پزیشکی دادی ئێران دوێنێ شەممە ڕایگەیاند، بە ناساندن و دۆزینەوەی 10 تەرمی دیکە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی پارێزگای کرماشاندا گیانیان لەدەستداوە بۆ 579 کەس بەرزبووەتەوە، نزیکەی 10 هەزار کەسیش بریندار یان تووشی گرفتی دەروونی بوون و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
دوای نزیکەی مانگێک لەو کارەساتە، هێشتا هاونیشتمانیانی گوندەکانی سەرپێڵی زەهاو، سەلاسی باوەجانی و داڵەهۆ لە دۆخێکی خراپدا دەژین. ماڵەکانیان وێرانبووە و هاوکارییە مرۆییەکانیش وەک پێویست نیین.[1]
#10-12-2017#