بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
(ۆيَوْمَئِذٍ يَفْرَحُ الْمُؤْمِنُونَ بِنَصْرِ اللَّهِ ۚ يَنصُرُ مَن يَشَاءُ ۖ ۆهُۆ الْعَزِيزُ الرَّحِيمُ)
هاوڵاتیانی خۆشەویست
زەوییەکانتان بە تەواوەتی ڕزگارکران، وە شار و گوندە داگیرکاوەکان گەڕانەوە باوەشی نیشتمان، خەونی ڕزگارکردن هاتە دی.
پێکەوە بە یەکگرتوویی وەک یەک میللەت،بە پیشتوانی خوای گەورە، بە قارەمانی هێزە سەربازییەکان و خۆڕاگری هاوڵاتیانمان بە خوێنی بریندارەکانمان و شەهیدەکانمان توانیمان سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار بکەین، کە هەموو گەلی عێراق و نەوەکانمان شانازی پێوەبکەن.
ئەمڕۆ، ڕایدەگەیەنین بۆ گەلی عێراق و هەموو جیهان، هێزە قارەمانەکانمان گەیشتنە دوا شوێنی #داعش# و ئاڵای عێراقیان تیا بەرزکردەوە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئەنبار کە تاقە زەوی عێراقی داگیرکراوبوو. ئەمڕۆ، ئاڵاکەمان بەرز ئەشەکێتەوە بەسەر هەمووو ناوچە عێراقییەکاندا و دوورترین ناوچە سنووریەکانیش.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، هێزە قارەمانەکانتان شارۆچکە بە شارۆچکەیان ئازادکرد، بە شێوەیەک کە دوژمنی تۆقاند، هاوەڵی دڵخۆشکرد، وە جیهانی سەرسام کرد، ئەمەش ڕووی ڕاستەقینەی عێڕاقیەکانە، کە توانای سەرکەوتنیان هەیە بەسەر بەربەست و ڕێگرییەکاندا لە سەخترین کاتدا.
هاوڵاتیانی خۆشەویست
ئەمڕۆ، مافی خۆتانە شانازی بەم سەرکەوتنەوە بکەن، ئەم سەرکەوتنە دەستەبەرکرا بەهۆی یەکگرتن، قوربانی و کارکردنی بەردەوام، پارێزگاری لەم دەسکەوتە گەورەیە بکەن، بەردەوام یەکگرتووبن و نیشتمانتان بپارێزن. پیشتوان بە خوای گەورە، دەست بکەن بە داهاتوویەکی نوێ و گەش لە پێناو عێراقێکی ئارامدا.
لەم ساتە مێژووییەدا، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی هەمووو کۆمەڵانی خەڵک و جەنگاوەرە قارەمانەکانمان دەکەم. ئەمڕۆ، دەبێت هەموومان ئاهەنگ بگێڕین بە بۆنەی بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە مەزنە، وە هەموو ساڵێک ئەم یادە بەرز ڕاگرین.
لەم ڕۆژەدا بە خێزانی شەهید و بریندارەکان دەڵێم: خوێنی ڕۆڵەکانتان بە هەدەر نەچوو، سەربەرز بن، چونکە ڕۆڵەکانتان سەری عیێراقییەکان و عێراقیان بەرزکردەوە.
مێژوو شاهیدی ئەو هەڵوێستە مێژووییەی مەرجەعی ئایینی باڵای ڕێزدار بەڕێز علی سیستانی و فەتوا مێژووییەکەی بۆ جیهاد دەبێت، بۆ پاراستنی زەوی و مقەدەساتەکان، ئەو فەتوایەی کە پیر و گەنج بەرەو پیری هاتن لە گەورەترین هەڵمەتی خۆبەخشیدا، کە پشتگیری کرد لە هێزە چەکدارەکانمان لە شەڕی دژ بە تیرۆر، دوا بە دوای ئەوە گۆڕا بۆ جەنگێکی نیشتمانی فراوان کە کەمجار شتی ئاوها ڕووبدات، کە بەهۆیەوە حەشدی شەعبی و هێزی تری خۆبەخش پێکهات.
هاوڵاتیانی خۆشەویست
ئەم سەرکەوتنە دەستەبەربوو بە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراق کە لە لێواری دابەشبووندا بوو، سوپاس بۆ خودای گەورە کە عێراق سەرکەوتوو و یەکگرتوبوو، وە بە هەمان نەفەسی خۆڕاگری و هێزەوە بەردەوام دەبین بۆ خزمەتکردنی هەموو ڕۆڵەکانی عێراق بەبێ جیاوازی و پاراستنی سامانی نیشتمانی و گەشەپێدان و چەسپاندنی دادپەروەری و یەکسانی، ڕێزگرتن لە ئازادی و بیروبۆچوونەکان و جیاوازییە ئایینیەکان و قەومی و مەزهەبی و فیکری کە هۆکاری جوانی وڵاتەکەمانە. هەروەها پاپەندبوون بە یاسا و کارکردن لە ژێر چەتری دەستووردا لە سەرانسەری وڵاتدا.
ئەمڕۆ، ئێمە لە قۆناغی دوای داعشین، ئەو قۆناغەی تیرۆریستان و گەندەڵکاران لێیدەترسن، بەڵام ئێمە و میللەت وەک ئاسۆیەکی گەش ئەڕوانینە ئەم قۆناغە تازەیە.
ئامانجی داهاتوومان تەنها دووبارە بینیاتنانەەوەی ناوچە ئازادکراوەکان نابێت، بە پێچەوانەوە، هەموو شارو شارۆچکەکانی عێراق دەگرێتەوە کە ڕۆڵەکانمان گیانی خۆیانیان فیداکرد لە پێناو ڕزگارکردنی نیشتمانەکەیان.
داوا لە سیاسەتمەداران دەکەم، کە هەستی بەرپرسیارێتیان هەبێت بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایش و ڕێگری بکەن لە دووبارە گەڕانەوەی تیرۆر، وە دوووربکەونەوە لە ووتاری تائیفی کە هۆکاری سەرەکی هەموو ئەو تراژیدیا مرۆییانە بوو، وە ڕێگە خۆشکەربوو بە هاتنی داعش، کە بووە هۆی داگیرکردنی شارەکانمان و وێرانکردنیان و ئاوارەکردنی ملیۆنان عێراقی، لە پاڵ هەموو ئەو قوربانیانە و هەروەها لە ناوچوونی سامانی وڵات.
هەڵگرتنی چەک دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتدا و بە پێی یاسا بێت، تەنها ڕێگەیە بۆ بنیاتنانی وڵات و بەدیهێنانی دادپەروەری و یەکسانی و ئاسایش.
شەڕی دژ بە گەندەڵی پڕۆسەیەکی سروشتیە دوا بە دوای ڕزگاریکردنی خاکمان و هاوڵاتیانمان دێت. شوێنی گەندەڵکاران نابێتەوە لە عێراق، هەروەک چۆن داعش جێیان نەبۆوە لێرە. ئەمە شەڕێکی ترە کە دەبێت هەموو بەشداربن تێیدا هەر یەکە و لە بواری خۆیدا و تەنها چاودێر مەبن، چونکە ئەم بەرپرسیارێتیە ئەکەوێتە سەر ئەستۆی هەموو لایەک نەک تەنها کەسێک یان لایەنێک.
وڵاتەکەتان گەڕایەوە بۆ دۆخی سروشتی خۆی، پەڕەیەکی نوێی هاوکاریمان کردۆتەوە لەگەڵ هەموو وڵاتە عەرەبییەکان و دراوسێکانمان و وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە سیادەت و بەرژەوەندی هاوبەش و دەست تێنەوەردان لە کاروباری ناوخۆیی.
سڵاو ئاڕاستەی هەموو سەرکەوتوان دەکەم، هێزە قارەکانەکانمان لە سوپا، پۆلیس، دەزگا ئەمنیەکان، حەشدی شەعبی، دەزگای دژە تیرۆر، هێزی ئاسمانی، پێشمەرگە، وە هەموو هێزە چەکدارەکانمان بە هەموو چین و توێژەکانەوە. هەروەها سڵاو لە ستافی ئەندازیاری، پزیشکی، فریاگوزاری، عەشرەتەکان، هاوڵاتیانی ناوچە ئازادەکان دەکەم، کە هاوکار بوون لەگەڵ هێزەکانماندا. سڵاو بۆ هەموو وەزارەت و دامودەزگا حکومییەکان کە ماندوبوون و پاڵپشت و یارمەتیدەربوون بۆ دووبارە گێڕانەوەی ژیان و بیناسازی و خزمەتگوزاریە سەرەکیەکان. دەمەوێت سڵاوی خۆم ئاڕاستەی هەموو ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و ڕووناکبیران بکەم و هەروەها هەر کەسێکیش کە بە وشەیەکیش پشتگیری لە میللەت و هێزەکانمانی کردبێت لە کاتی پڕۆسەی ڕزگاریکردندا.
خەونی داعش کۆتایی پێهات، دەبێت هەموو ئاسەوارەکانیان لا ببرێت، ڕێگە نەدەین بە تیرۆر بگەڕێتەوە جارێکی تر. میللەتی ئێمە باجێکی قورسیدا لە ڕووی ئەمن و ئاسایش و خوێنی لاوەکانمان و پیاو و ژن و ئاوارەبوونی ملیۆنان خێزان. ئەم پەڕەیە دەبێت دابخرێت هەتا هەتایە و ڕێگە نەدەین دووبارە ببێتەوە.
سەرەڕای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی کۆتایی بەڵام دەبێت وریا بین و ئامادەبین بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەوڵێکی تیرۆریستی ڕووبەڕوی میللەت و وڵاتمان ببێتەوە. تیرۆر دوژمنێکی بەردەوامە و جەنگ لەگەڵ تیرۆردا بەردەوامە، لەبەرئەوە پێویستە پارێزگاری لەم یەکگرتوویە بکەین کە داعشمان پێبەزاند، ئەمە نهێنی ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بوو.
دەمەوێت سوپاسی هەموو میللەتان و دەزگا ناحکومیەکان و دەزگا مرۆییەکان بکەم، کە پاڵپشتی عێراق بوون لەم شەڕەدا.
سڵاو لەهەر تاکێکی عێراقی کە چەکی هەڵگرت لە پێناو پاراستنی نیشتماندا. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدەکانمان، بریندارەکانمان، وە خانەوادەکانیان، کە بە قوربانیەکانیان یەکپارچەیی و گەلی عێراقیان پاراست.
بژی عێراقی سەرکەتوو، هیوام سەلامەتی و خۆشگوزەرانی هەموو هاوڵاتیانە.
سوپاس بۆ خوای گەورەو میهرەبان.
دکتۆر #حەیدەر عەبادی#
سەرۆک وەزیران
فەرماندەی هێزە چەکدارەکان
#09-12-2017#