لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
هاوڵاتیانی ئازیزی کوردستان
هەر لە سەروبەندی پڕۆسەی ڕێفراندۆمەوە هەتا ئێستا، باس لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان ئەکرێت. دوا لێدوانیش لەسەر ئەم بابەتە و (ئینقیلاب) لە دژ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەڕێز سەرۆکی پارلەمانی کوردستانەوە درا. ئەم مەسەلانە ئەوەندەی پەیوەندی بە پلە و پۆستی شەخسیەوە هەیە، چارەکە ئەوەندەش پەیوەندی بە بژێوی ژیانی خەڵک و نەهامەتیەکانیانەوە نیە. هەر بۆیەش بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لەو بارەیەوە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا بۆ ڕای گشتی بخەینەڕو
یەکەم: هەل و مەرجی سیاسی، ئابوری، سەربازی هەرێمی کوردستان بە جۆرێکە کە ئەگەر هەردەموچاوێکی تر بێنە شوێنی ئەم کەرەکتەرانەی ئێستا، دەبێت عەسای سیحریان پێبێت… ئەگینا نە ئەتوانن مووچەی تەواوی هاوڵاتیان بدەن، نە کارەبای 24 ژمێری و… نە هیچ یەک لە پێداویستیەکانی تری کۆمەڵگەکەمان. مەگەر وەعد بە کەسێک یان لایەنێکی سیاسی درابێت کە: ئەم حکومەتە بڕوخێنە، ئەوا ئێمە تۆ ئەکەین بە سەرۆکی حکومەت.
دووهەم: دەوڵەتی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەجندایەکی ئەمەریکای ئیمپریالیست و بەریتانیای کۆلۆنیالیست جێبەجێ ئەکەن. لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ئەو ئەجندایەدا، عەقڵی هەندێک سیاسەتمەداری کوردستانیان شتوە و هەندێک کەسیشیان لە ڕێی پارە و ئیمتیازو (بە حساب) مسۆگەر کردنی پۆستی بەرز بۆیان لە بەغدا بەکرێ گرتوە. ئەوەش بە مەبەستی تێکشکاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
سێهەم: بەڕێز سەرۆکی پاڕلەمان مەعجیبە بە دیموکراسیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ڕۆژانە خوشک و براکانی بە بێ تاوان لە سێدارە دەدات، موعجیبە بە دیموکراسیەکەی بەریتانیا کە ئەندازیاری دابەشکردنی نیشتیمانەکەی و داهێنەری سیستەمی نەگریس و دژ بە ئینسانیەت لە خواروی ئەفەریقایە، موعجیبە بە دڕندەیی فەڕەنسا لە وڵاتی جەزایر، موعجیبە بە سیاسەتی وێرانکاری و داگیرکاری ئەمەریکای خوێنمژ لە ڤێتنام، کەچی موعجیب نیە بە میللەتێک و ئەو سیستەمە سیاسیە دیموکراسیە متەوازیعەی، کە بەڕێزیانی لە پاسەوانێکەوە (کەهەموو پیشەیەکی شەرافەتمەندانە جێگەی شانازیە) کردە سەرۆکی پارلەمان. چەند کەس لە ئێران و تورکیا و سعودیە و بەریتانیا و ئەمەریکا، لە پلەی پاسەوانێکەوە بونەتە سەرۆکی پارلەمان؟… دیموکراسی مۆدێلە، ئەم مۆدێلەش بە خۆشحاڵی و بە ڕەغمی هەموو کەم و کوڕیەکیەوە ڕێگە بە ئینسان دەدات کە پاسەوانێکی بەڕێزی ئەم کۆمەڵگەیە ببێتە سەرۆکی پارلەمان
دواجار
فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پارلەمانی کوردستان پشتیوانی تەواوی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی وڵاتەکەمان. تەنیا ئالیاتی دیموکراسی بۆ ئاڵۆگۆڕی دەسەڵات هەڵبژاردنە. هەر کەس و قەوارەی نوێ و کۆنی سیاسی ئەگەر بە نیازبێت بە پارەی داگیرکەر و بێگانە و بە زەبری چەک و چەواشە کردنی خەڵکی کوردستان حکومەتی وڵاتەکەمان داپڵۆسێنێت، ئەوا بەو کەرەسەیەی کە هێرش دەکاتە سەر حکومەت ئێمە ئامادەین بە هەمان کەرەسە بەرەوڕوی ببینەوە. هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت ترسنۆکانە و متەوازیع بێت لە بەرامبەر هێرشی چەکداری داگیرکەر بۆسەر هەرێمی کوردستان لە بەرگی درۆزنانەدا. خەڵکی کوردستان تەنیا لایەنێکن کە مافی سێ و دوو کردن و لێپرسینەوەیان لە حکومەتەکەی خۆیان هەیە، ئیتر ئەوە مافی هیچ داگیرکەرێکی کوردستان بەکرێگیراوەکانیان و، داگیرکەر و ئیمپریالیزمی خۆر ئاوایی نیە
سەرفراز بێت نەتەوەی کورد
ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان
فراکسیۆنی نەتەوەیی لەپارمانی کوردستان
#15-12-2017#