دواڕۆژ، کۆچەر عەلی
دەستەی #گەشتوگوزاری# هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و داخستنی هەندێ ڕێگا هاتنی گەشتیاران لەماوەکانی ڕابردوو زۆر کەمیکردووە.
نادر ڕوستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ئەمڕۆ يەکشەممە 17ی کانونی یەکەمی 2017 بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەپێی ئه و گرێبەست و ڕێککەوتنانەی پێشتر لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە شارەکانی خوارووی عێراق کردوویانە هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
وتیشی، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ماوەی چەند مانگێکە هاتنی گەشتیاران بەشێوەیەکی زۆر کەمبۆتەوە و لە ئاستی خواستەکانی دەستەی گەشتوگوزاردا دانەبووە.
نادر ڕوستی ئاماژەی بەوەشکرد، ماوەی چەند ڕۆژێکە بەهۆی بارینی بەفر لە چیاکانی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک لە گەشتیارانی شارەکانی خوارووی عێراق ڕوویان له و ناوچانە کردووە کە بەفری لێباریووە و بۆتە جێی سەرنجی گەشتیاران و له و نێوەندەشدا هەر تاکێکی گەشتیار ڕۆژانە برێکی باش پارە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساخدەکاتەوە ئەوەش پەرەسەندنێکی باشە بۆ کەرتی ئابووری.
لەبارەی ئاماری گەشتیاران وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وتی، هیچ ئامارێکی فەرمی لەبەردەست نییە، بەڵام ڕێژەی هاتنی گەشتیاران تەواو دابەزیووە و دەستەی گەشتوگوزاریش بەردەوام لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەشتیاری لە پەیوەندیدایە و دڵنیاکراونەتەوە کە هەرێمی کوردستان ئارامە و مەترسی لەسەر گیانی گەشتیاران نییە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی قەدەغەی هاتووچۆ لە هەندێ ڕێگای نێوان حکومەتی عێراقی و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا گەشتیاران زۆر بە زەحمەت دەگەنە هەندێ پارێزگای هەرێمی کوردستان ئەوەش کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی هاتنی گەشتیار هەبووە.[1]
#17-12-2017#