سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، 17-12-2017، #پەرلەمانی کوردستان#، بەسەرۆکایەتیی دکتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینکی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و خاتوو بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سکرتێری پەرلەمان و ئامادەبوونی ژمارەیەک له وەزیرانی حکومەتی هەرێم، دانیشتنی ژمارە (3)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.
سەرەتا سەرۆکی پەرلەمان بەرنامەی کاری دانیشتنەکەی خوێندەوە کە لە حەفت خاڵ پێکهاتبوو، خاڵی یەکەمی تایبەتبوو بە خوێندنەوەی یەکەمی پێنج پڕِۆژە یاسا و بڕیار کە پێکهاتبوون لە پڕۆژە یاسای بەپشووی فەرمی نەکردنی ڕۆژی (6-1) کە دەکاتە ڕۆژی دامەزراندنی سوپای عیراق و پڕۆژە بڕیاری ڕۆژانی بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەیی تورکمان و بڕیاری دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و بڕیاری پاکسازی لە لیستی مووچەخۆران، لەگەڵ بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و گەڕاندنەوەی ئه و موڵک و سامانانەی بەناڕەوا بەدەستهاتوون.
خاڵی دووەم تا پێنجەمی بەرنامەی کاریش تایبەتبوو بە جێگرتنەوەی و سوێندخواردنی (ئاری عەبدولەتیف) لە شوێنی ئەندامی خوالێخۆشبوو (د.شوان قەڵادزەیی) و دەستلەکارکێشانەوەی (باپیر کامەلا) لەئەندامییەتیی پەرلەمانی کوردستان و زیادکردنی مستەفا ئەحمەد بۆ لیژنەی ئاسەوار و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و گواستنەوه و گەیاندن و گەشتوگوزار، لەگەڵ بڕگەی هەڵبژارنی ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە لێکۆڵینەوه و بەدواداچوونی ڕاستییەکان بۆ ڕووداوەکانی دووزخورماتوو.
خاڵی شەشەمیش بریتی بوو لە گفتوگۆکردنی پڕۆژە یاسای ڕێکخستن و چاندن و گواستنەوەی ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ، دواخاڵی بەرنامەی کاری دانیشتنەکەش گفتوگۆکردنە لەسەر پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی لەهەرێمی کوردستان.
بەر لەخستنەڕووی بەرنامەی کار، لەسەر پێشنیبازی پەرلەمانتاران، هەردوو خاڵی حەوتەم و شەشەم بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان جێگۆڕکێیان پێکرا. دواتر جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەخێرهاتنی وەزیرانی ناوخۆ و وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی و وەزیری دادی حکومەتی هەرێم بەوەکالەت و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤی کرد کە لە دانیشتنەکەدا ئامادەبوون.
پاشان لەلایەن لیژنەی کاروباری یاسایی پەرلەمانەوە خوێندنەوەی یەکەم بۆ هەر پێینج پڕۆژە یاسا و بڕیارەکانی بەپشووی فەرمی نەکردنی ڕۆژی (6-1) کە دەکاتە ڕۆژی دامەزراندنی سوپای عیراق و پڕۆژە بڕیاری ڕۆژانی بۆنە فەرمییەکانی نەتەوەیی تورکمان و بڕیاری دروستکردنی کارتی ئەلیکترۆنی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم و بڕیاری پاکسازی لە لیستی مووچەخۆران لەگەڵ بڕیاری دەستبەسەرداگرتن و گەڕاندنەوەی ئه و موڵک و سامانانەی بەناڕەوا بەدەستهاتوون کرا و لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش سەرجەم پڕۆژە یاسا و بریارەکانی بەجیا ئاراستەی لیژنەی کاروباری یاسایی و لیژنە پەیوەندیدارەکان و پەرلەمانتاران کران بۆ تەواوکردنی ڕێککارە یاساییەکانیان.
هەر لەدانیشتنەکەدا، ئاری عەبدولەتیف لەشوێنی ئەندامی خوالێخۆشبوو د.شوان قەڵادزەیی سوێندی یاسایی خوارد و بووە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
خاڵی سێیەمیش کە تایبەتبوو بە دەستلەکارکێشانەوەی باپیر کامەلا لەئەندامییەتیی پەرلەمانی کوردستان، بەزۆرینەی دەنگ ڕەتکرایەوه و دەستلەکارکێشانەوەکەی قبوڵنەکرا.
خاڵی چوارەمیش کەتایبەتبوو بە زیادکردنی پەرلەمانتار مستەفا ئەحمەد بۆ لیژنەی ئاسەوار و خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی و گواستنەوه و گەیاندن و گەشتوگوزار، بەزۆرینەی دەنگ پەسندکرا.
پەسندکردنی خاڵی پێنجەمیش بەکۆی دەنگی پەرلەمانتاران بوو، کە تایبەتبوو بە هەڵبژارنی ئەندامانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە لێکۆڵینەوه و بەدواداچوونی ڕاستییەکان بۆ ڕووداوەکانی دووزخوورماتوو.
خاڵی شەشەم کە تایبەتبوو بە گفتوگۆکردنی پڕۆژە یاسای لێبووردنی گشتی لەهەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێشنیازی کرد گفتوگۆکردنی ئه و خاڵە بەشێوەیەکی داخراو بێت و ئه و پێشنیازەش بەزۆرینەی دەنگ (62 دەنگ بەرامبەر 17 دەنگ) پەسندکراو دانیشتنەکە بووە داخراو.
دوای گفتوگۆیەکی چڕوپڕی سەرجەم ماددە و بڕگەکانی پڕۆژە یاساکە و خستنەڕووی سەرنج و تێبنی و پێشنیازی ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرانی ئامادەبووی دانیشتنەکە و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان لەلایەن لیژنەی کاروباری یاسایی پەرلەمانەوە و خستنە دەنگدانیان و پەسندکردنیان، کۆی پڕۆژە یاساکە خرایە دەنگدانەوە و بە کۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو پەسندکرا.
یاسا پەسندکراوەکە زۆربەی ئه و تۆمەتانەی کە لە ماددەی هەشتی پڕۆژە یاساکەدا هاتبوون لە بەدەرکراوەکان ناگرێتەوە لەوانە تیرۆر و ئه و تاوانانەی کە کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی گشتی هەیە و ئەوانەی بە کوشتنی ژنان سزادراون.
ئه و سزادراوانەشی کە بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە سزاکەیان کرا بە 15 ساڵ زیندانی.
17-12-2017