لە کاتێکدا پشتیوانیی و داکۆکی لەهەر خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەکی جەماوەریی گەلەکەمان دەکەین لەهەر شوێن و جێگەیەکی وڵات بێت بۆ خستنەڕووی داواکاریی خواستە ڕەواکانیان کە دەستور و قانونە کارپێکراوەکانی دەوڵەت بۆ هەر کەسێکی ئەم وڵاتەی زامن و دابینکردوە،لەهەمان کاتدا پێویستیی و گرنگیی پاراستنی سەروماڵی خەڵک و ژیانی هاوڵاتیان لە لایەن هێزە ئەمنیی و حکومییەکان دوپاتدەکەینەوە هاوکات دەبێت خۆپیشاندەران و ڕێکخەرانی خۆپیشاندان و کۆبونەوەکانیش ئەوپەڕی وشیاریی بخەنە کار بۆ ئەوەی ڕێچکەی داواکارییەکانیان بەلادا نەبرێت و موڵکی گشتیی و دامەزراوەکانی حکومەت بپارێزرێن.
لەم کاتەدا کە وڵات و گەلەکەمان بەقۆناغێکی ناسکدا تێپەڕ دەبێت پەرۆشی خۆمان سەرلەنوێ دوپات دەکەینەوە بۆ جێبەجێکردنی سەرلەبەری داوا ڕەواکانی خەڵک لە موچە و خزمەتگوزاریی و دابین کردنی ژیانێکی سەربەرز و دادپەروەرانە بۆ یەک بەیەکی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بێ جیاوازیی و پشتیوانیی تەواوی داوا ڕەواکانیان دەکەین،لە هەمان کاتدا داوالە هەمو لایەک دەکەین نەزم و ئارامیی و ئۆقرەیی بخەنە ڕیزی پێشەوە و ئەوپەڕی توانا بخەنەکار بۆ لەبار نەبردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتیی و ڕوخساری مەدەنییانەی داواکارییەکانیان لەکەدار نەکرێت،داواشمان لە هێزە کانی ناوخۆ و پۆلیس و ئاسایش و ئەوانیتریشە کە وەک چاوەڕێیان لێ دەکرێت بەوپەڕی نەرمونیانیی و بەرپرسیارانەی پیشەیی و ئەمنیی ونیشتمانییەوە، ئەرکەکانیان ڕابپەڕێنن و چاو کراوە و دان بەخۆدا بگرن لە ئاست هەر کاردانەوەیەک و لە چوار چێوەی قانونەکاندا مافی خۆپیشاندەران بپارێزن و ڕێگە نەدەن بە پێشێلکاریی و زیادرەویی لە ڕاپەڕاندنی ئەرکاکانیاندا تا سیمای شارستانیی دەزگا و دامەزراوەکانیان نەشێوێنرێت.
داوا لە هەمو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەکەین لە ئاست ئەم ڕوداوانەدا بەهەستی نیشتمانیی و یەکڕیزییەوە مامەڵە بکەن و هەموان لە خەمی هێور کردنەوە و ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە دا بن و ڕێگە لەهەر تەشەنەسەندن و ئاڵۆزییەک ڕوداوی نەخوازراوی جەرگ بڕی تر بگرن.
دکتۆر #فوئاد مەعسوم#
سەرۆک کۆمار
#19-12-2017#