هاوڵاتیانی خۆشەویست، وەک ئاگادارن چەند ساڵێکە لە ئەنجامی ڕاگەیاندنی سیاسەتی ئابوری سەربەخۆی ناشەفاف و شاراوە و دواتر شکستی پێکهێنانی دەوڵەتی کوردیدا، ئێمەی مامۆستایان و فەرمانبەران و خەڵکی ئەم هەرێمە بووینەتە قوربانی...
دوابەدوای سیاسەتی برسیکردن و پەرواێزخستنی داواکارییەکانمان، ئێمەی مامۆستایان چەندینجار بەشێوەی جۆراوجۆر و بەڕێگەی مەدەنی داواکانمان گەیاندۆتە حکومەت، بەڵام لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێم ڕاستگۆ نەبوو لەگەڵ هاووڵاتیانیدا و خۆی ئەدزێتەوە لەمافەکانمان و ڕۆژ بەڕۆژ ژیانمان سەختر دەبێت و پروسەی پەروەردەش لەلێواری مەرگدایە..
بەداخەوە ئەمجارە دوای دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانمان، لەجیاتی ئەوەی چارەسەرێک بدۆزرێتەوە بۆ ژیانی ناهەمواری خەڵک و فەرمانبەران، کەچی شار و شارۆچکەکان کراوەتە مۆڵگەی کۆکردنەوەی هێزێکی زۆر و تاڕادەی شەهیدکردنی هاوڵاتیان بەدەستی ئەم هێزانە و دەستگیرکردنی مامۆستایان و خەڵکی ئەم هەرێمە...
بۆیە داواکارین:
1- پێویستە ئەم هێزانە بگەڕێنەوە شوێنەکانی پێشتریان و بەهیچ شێوەیەک لولەی تفەنگەکان بەئاڕاستەی خەڵکی هەژار و برسی ئەم هەرێمە نەکەن و مامەڵەی مەدەنیانە بکەن لەگەڵ خۆپیشاندەران.
2 - داوای دەستبەجێ ئازادکردنی گیراوەکان ئەکەین لەخەڵکی ئازادیخوازو مامۆستایان، کە لەلایەن هێزه ئەمنیەکانەوە دەست بەسەر کراون..
3-بەردەوامی خۆپیشاندانەکان بەشێوازی مەدەنی و دوور لە توندوتیژی مافێکی سروشتیە و پێویستە فەرمانگە حکومی، بارەگاکان و دامەزراوەکان وەک لایەنێکی گرنگی ئەم هەرێمە سەیر بکرێ و پارێزراوبن.
لەکۆتایدا..ئەم ڕەوشەی ئێستا وامان لێناکات بێ دەنگ بین بەرامبەر بە خواردنی مافی فەرمانبەران و مامۆستایان و پێمان وایە ئەم نارەزاییانە بە جۆرێک کۆتایی دێت ژیان و گوزەرانی خەڵک چاک بکرێت و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان باشتر بکرێن ئەگەر ئەمانە نەکرێن باشترین چارەسەر وازهێنان و دەستبەردار بوونی ئەم دەسەڵاتەیە لە حکومڕانی..
سەرکەوتوو بێت ئیرادەی بەرزی مامۆستایان
#21-12-2017#