ەناوی خوای گەوره و میهرەبان
جەماوەری بەشەرەف و خۆڕاگری گەلی کوردستان
کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە ئازاو جوامێرەکان
سڵاوێکی گەرم...
لەم ساتەوەختەدا کە من ئەم نامەیەتان ئاراستە دەکەم لەسەر تەختی چارەسەرکردنم، کە بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستیمەوە دووچارم هاتووە، بەداخەوە بۆ ماوەیەک لێتان دوورکەوتوومەتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەمیشە دڵم لەلاتانه و لەگەڵ مەینەتی ژیان و ئێش و ئازارەکانتان دام، هەر لێرەوەش سوپاسی یەکەبەیەکەتان دەکەم، چونکە لە هەواڵپرسی و نواندنی دڵسۆزی خۆتان درێغیتان لە ئاست ئێمەدا نەکردووە، بۆیە لەناخی دڵمەوە هیوای تەمەن درێژی و لەشساغی بۆ هەمووتان دەخوازم و خوای گەورە لە هەر دەرد و بەڵایەک بتانپارێزێت، هەروەک سوپاس زۆریشم ئاراستەی هەموو ئه و بەڕێز و تێکۆشەرانەش دەکەم کە چ بەناوی کەسایەتی خۆیان یان بەنوێنەرایەتی حزب و ڕێکخراوەکانیانەوە لە هەواڵ و تەندروستیان پرسیوین.
بەڕێزان لەم چەند ڕۆژەدا کە گەلەکەمان و بەتایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجه و گەرمیان و پشدەر و بیتوێن و ناوچەی کۆیەش لە ئەنجامی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی خەڵک لە ئاست بێ دادی و نەبوونی مووچە و کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییەکان هاتۆتە پێش، کە بەداخەوە کاری تووندوتیژی و چەندین شەهید و برینداریشی لێکەوتۆتەوە، من دەمەوێت لێرەدا بەراشکاوی ئەوە ڕابگەیەنم کە ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندانی مووچەخۆران و کۆمەڵانی خەڵک بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان پێویست و ڕێزلێگیراوە و مافێکی سەرەتاییشە، بەڵام زۆر پێویستە ئه و جەماوەرە خۆڕاگرە خۆیان لە ئاژاوەگێڕ و دەستی تێکدەرانەی ئەملاو ئەولا بژار بکەن و نەهێڵن کە ئامانجەکانیان بەلاڕێدا ببرێت و زیان بە بارەگاو دام و دەزگا حکومی و شوێنە گشتییەکان بگەیەنرێت، چونکە ڕێگا ڕاستەکە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی هێمنانە و مەدەنیانەیە، نەک ئەوەی کە ئێستا دەگوزەرێت.
ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە کە بەهاوبەشی و هەماهەنگی دەزگا شەرعییەکانی تری هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنی گونجاوی بێ تووندوتیژی بگرنەبەر بۆ ئارامکردنەوەی بارودۆخەکە و کار بۆ دابینکردنی داخوازییە ڕەواکانی خەڵک بکەن، هەروەها ئەرکی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکانیشە کە بەشێوەیەکی شارستنیانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن و سەروماڵی هاووڵاتیانیش بپارێزن، لە هەمان کاتدا پاراستنی دام و دەزگاو شوێنە گشتییەکانیش لە ئەستۆ بگرن.
کوردستانیانی ئازیز...
ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەخت و دژوار تێدەپەڕێت، لەلایەک ناحەزانی گەلەکەمان بۆ دژایەتی ئەزموونەکەمان هەموو ناکۆکییەکانی خۆیان وەلاناو لە ئاست دژایەتی گەلەکەمان دەنگ و هێزی خۆیان یەکخست، بەڵام جێگای داخە کە هەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان لە ئاست پێداویستی قۆناغەکەدا نییە و ڕیزەکانمان پەرتەوازەیە، هەر ئه و نارێکییەی خۆمان کاریگەری خراپ لەسەر هەڵوێستی نەرێنی دۆست و هاوپەیمانەکانمان لە ئاست سادەترین مافەکانمان خوڵقاند. بۆیە زۆر پێویستە هێزە سیاسییە کوردستانییەکان هەموو کێشه و ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و بەگیانی یەکترقبوڵکردن و لێبووردەیی لە تەک یەکتردا مامەڵە بکەن و کار بۆ یەکڕیزی نیشتمانی و یەکخستنی خیتابێکی سیاسی نیشتمانی بکەن، خۆ ئەگەر وانەکەین بەم شێوازەی ئێستا پەرتەوازه و لێکترازاو بمێنینەوە ئەوا چارەنووسی ئەزموونەکەشمان بە ناڕۆشنی دەمێنێتەوه و بەره و داهاتوویەکی نادیار دەمانبات.
هەر لە دوو توێی ئه و نامەیەداو لە سەروەختی بۆنەکانی سەری ساڵ و لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح (ر.خ) پیرۆزبایی گەرم لە تەواوی گەلی کوردستان بەگشتی و خوشک و برا مەسیحی و یەزیدی و شەبەک و کلدان و ئاشووری و سابیئەی مەندائی دەکەم و هیوادارم ساڵی نوێمان ببێتە ساڵی ئاشتی و پێکەوەژیان و بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانی گەلەکەمان.
#کۆسرەت ڕەسول# عەلی
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی
#یەکێتی نیشتمانی کوردستان#
بەرلین
#24-12-2017#