فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پاراستنی گەل (#هەپەگە#) ئاشکرای کرد کە لەماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا هەزار و 484 سەربازی سوپای تورکیا کوژراون و 578 #گەریلا#ش گیانیان لەدەستداوە.
#موراد قەرەیلان#، فەرماندەی گشتیی هەپەگە کە باڵی سەربازیی #پەکەکە#یە، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ میدیای حیزبەکەی ڕوونکردنەوەکانی سەرۆکایەتیی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا و گوتەبێژی حکومەتی ڕەتدەکاتەوە، کە دەڵێن پەکەکە کۆتایی هاتووە.
لە وەڵامدا قەرەیلان دەڵێت: لەماوەی 11 مانگی ئەمساڵدا لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، هەزار و 484 سەربازی سوپای تورکیا کوژراون، لەنێویاندا 24 ئەفسەر بە پلە و پۆستی سەربازیی جیاوازەوە، لەگەڵ 386 بریندار، لەبەرامبەردا 578 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و 30 گەریلاش بەدیلگیراون.
قەرەیلان باسی ئەوە دەکات کە لەم ماوەیەدا خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی وشکانی لەگەڵ سوپای تورکیا دوورخستووەتەوه و دەڵێت: 29 شەڕ و پێکدادانی ڕاستەوخۆمان هەبووە.
فەرماندەی گشتیی هەپەگە دەشڵێت، پارتی دەسەڵاتدار دوای هەوڵی کودەتای سەربازی، بەناوی دژایەتیکردنی گرووپی فەتحوڵڵا گیولەن، لە مانگی ئەیلوولی 2016 دا بزاڤی ئازادیخوازی گەلی کوردستانی کردە ئامانج و سەرکردە و شارەوانییەکان و کوردی دەستگیرکرد.
قەرەیلان شەڕی ئەمساڵ بەرامبەر سوپای تورکیا بە سەرکەوتوو دادەنێت و دەڵێت: ساڵی 2017 شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەکانمان گۆڕیوه و بەهۆیەوە سەرکەوتنی مەزنمان بەدەستهێناوە، سوپای تورکیا لە وشکانی شکستی هێناوە، بۆیە پەنا دەبەنە بەر ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی.
فەرماندەی گشتیی هەپەگە ئاشکرای کرد کە ئەمساڵ سوپای تورکیا 112 ئۆپەراسیۆن، 191 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بە فڕۆکەی شەڕکەر، 97 ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی به هەلیکۆپتەر، 298 جار تۆپباران بە تۆپهاوێژ و هاوەن و تانک ئەنجامداون.
لەبەرامبەردا هەپەگە 657 ئۆپەراسیۆنی ئەنجامداون، 60 زرێپۆش و 20 ئۆتۆمبێلی سەربازی تێکشکاندوون، سێ هەلیکۆپتەر یەکێکیان لە جۆری کۆبرا و دووانیان لە جۆری سکۆرسکی خستوونەتە خوارەوه، لە کۆی گشتیش 47 ئۆپەراسیۆن بەڤیدیۆ وێنەیان گیراوە.[1]
#26-12-2017#