لە ساڵی ڕابردوودا (2017) 569 کەس لەسەر بازرگانیکردن و بەکارهێنان و کڕین و فرۆشتن بە ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، دەست بەسەر 53 کیلۆم گرام ماددەی هۆشبەر و زیاتر لە 16 هەزار پارچە دەرمانی هۆشبەردا گیراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی #هەولێر#، لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماری کار و چالاکییەکانی لە ساڵی 2017 دا خستووەتەڕوو.
بەپێی ڕاگەیێندراوەکە 569 کەس بەپێی ماددەی 14 لە یاسای هۆشبەر دەستگیرکراون و ڕادەستی دادگا کراون. 70 کەس لەوان سزادراون، 112 کەسیان لەبەر کەمی بەڵگەی تاوان ئازادکراون، 134 کەسیشیان بە دەستەبەری (کەفیل) ئازادکراون و پەڕاویان لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، هەروەها 253 یان تاوەکو ئێستا پەڕاویان لەژێر لێکۆڵیەنەوەدایە و کێشەکانیان لە دادگا یەکلایی نەبوونەتەوە.
وەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا ئاماژەی پێدراوە، ساڵی ڕابردوو دەست بەسەر 53 کیلۆ گرام لە ماددە هۆشبەرە جۆراوجۆرەکانی وەک (تلیاک، حەشیش، هێرۆین، شیشە و ماریوانا) دا گیراوە.
ئاماری تۆمەتباران لە ساڵی 2017 بەراورد بە ئاماری تۆمەتباران لە ساڵی 2016 زیادی کردووە، زیادەکەش بریتییە لە 36 کەس، 16 کیلۆ ماددەی هۆشبەریش زیاتر دەستی بەسەردا گیراوە، هەروەها ئاماری دەرمانی پزیشکی هۆشبەر بەگشتی کەمی کردووە و لە ساڵی ڕابردوودا دەست بەسەر 32 هەزار و 47 شیتەدا گیراوە.
لەبارەی دراوی ساختەش ئاسایشی هەولێر ئاشکرای کردووە کە دەست بەسەر 58 ملیۆن دینار، 186 هەزار و 115دۆلار (18 دەفتەر)، 15 هەزار و 600 لیرەی تورکی و 500 یۆرۆی ساختەدا گیراوە.[1]
#03-01-2018#