کردنەوەی هەردوو دەروازەی سنووری #حاجی ئۆمەران# و #پەروێزخان# جووڵەی خستووەتەوە کەرتی بازرگانی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە دەروازەی سنووری پەروێزخان لە یەکەم ڕۆژی کردنەوەی دەروازەکەدا، 500 بارهەڵگر و 35 گەشتیار لەو دەروازەوە تێپەڕبوون.
79 ڕۆژ داخستنی هەردوو دەروازەی پەروێزخان و حاجی ئۆمەران زیانی 42 ملیۆن دۆلاری بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
بەگوێرەی زانیاری خەڵکی ناوچەکە، نزیکەی 20 هەزار خێزان باروگوزەرانیان لەسەر مەرزی پەروێزخان بەڕێوەدەچوو، بەکردنەوەی مەرزەکەش کەسابەتی ئەوان کەوتەوەکار.
لە 15ی ئۆکتۆبەری 2017 مەرزی پەروێزخان بەڕووی هەرێمی کوردستان داخرا، دواتر مەرزەکانی حاجی ئۆمەرانیشی بەدواداهات، ئەمە ڕێڕەوێکی بازرگانی و هاوردەکردنی کاڵای بەسەر هەرێمی کوردستان داخست، ئەمە جیا لە پەکخستنی گەشتیاری و پەیوەندی کۆمەڵایەتی، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکیشی لە چارەسەری پزیشکی لە ئێران بێبەشکرد.[1]
#04-01-2018#