تا دەڕوات ئاستی بێکاری لە پارێزکای #سنە# زیاد دەکات و بەرپرسانی حکومی لەبارەی ڕێژەی #بێکاری# لەو پارێزگایە ئاماری جیاواز بڵاودەکەنەوە.
چارەسەرکردنی پرسی بێکاری پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە و بەگوتەی جێگرێکی سەرۆککۆماری ئێران 4 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار بودجە پێویستە، بەڵام تەنیا 153 ملیۆن دۆلار بۆ ئەم پارێزگایە تەرخانکراوە. یەکێکی دیکەش لە گرفتەکانی ئەم پارێزگایە نەبوونی کارگەی پیشەسازی گەورەیە.
جەمشید ئەنساری، جێگری سەرۆککۆماری ئێران، ژمارەی بێکارەکانی پارێزگای سنەی بە 92 هەزار کەس ڕاگەیاندووە. واتە 16.3%ی کۆی دانیشتوانی ئەم پارێزگایە.
ئامارێک کە نوێنەرانی پارێزگای سنە ڕەتیدەکەنەوە، ئەوان دەڵێن، ژمارەیان زۆر لەوە زیاترە. ماوەیەک پێش مەنسوور مورادی، نوێنەری مەریوان گوتی: ئامارەی بێکاری زۆر زیاتر لەوە و زیاتر لە 48% دانیشتووانی ئەم پارێزگای بێکارن.
پێشتریش مەهدی فەرشادان، نوێنەری سنە، گوتی ڕێژەی بێکاری لە یەک ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە زیاتر بووە.
نەهێشتنی بێکاری پێویستیی بە وەبەرهێنانی گەورە هەیە، بەگوتەی جەمشید ئەنساری، زیاتر لە چوار ملیار و 200 ملیۆن دۆلار. لە حاڵێکدا ئەمساڵ حکومەت بۆ سەرتاسەری ئێران چوار ملیار و 700 ملیۆن دۆلاری بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی کار تەرخان کردووە. پشکی پارێزگای سنە لەم بڕە پارەیەش نزیکەی 153 ملیۆن دۆلارە.
بەگوتەی جەمشید ئەنساری، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری پارێزگای سنە ئەگەر بێتوو وەبەرهێنەران 45%ی پارەی سەرمایەگوزاری دابین بکەن، نزیک بە دوو ملیار و 300 ملیۆن دۆلاری دەبێت بانکەکان دابینی بکەن.[1]
#05-01-2018#