ڕۆژنیوز، #جیهاد هەورامی#
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای #هەڵەبجە#، بەهۆی ڕوداوەکانی ئاگرکەوتنەوەوە لە ساڵی 2017دا زیانی زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بە سروشت و ژینگەی ناوچەکە گەیشتوە و حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوەش لە چاو ساڵی 2016 زیادیان کردوە.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەڵەبجە ئاماری ساڵی ڕابردووی بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرا کرد و داوای دابینکردنی کارمەند و چەند پێداویستییەکی تایبەت بە چالاکیەکانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوەی کرد.
نەقیب زانیار عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەڵەبجە بە ڕۆژنیوزی وت: ئه و ڕووداوانەی کە لە ساڵی 2017 لەسنوری پارێزگای هەڵەبجە تۆمارمان کردوە 559 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە بوە، کە 109 حاڵەتیان تایبەت بوە بە دوکان و خانوی ماڵان بوە، 410 ڕوداویش تایبەت بوە بە ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و پوش و پاوان و باخەکانی سنورەکە، دوو حاڵەتیش ئاگری ئۆتۆمبیل بوە، شەش ڕوداوی لاوفاو و پێنج حاڵەتی بومەلەرزەش تۆمار کراوە، ئەم ڕێژەیەش لەچاو ساڵی 2016 زیادی کردوە کە ڕووداوەکانی ئه و ساڵە 295 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بوون.
وتیشی:بەهۆی ئه و ڕووداوانەوە بڕی 501 ملیۆن و 53 هەزار دینار زیان بە ژینگە و سروشت و شوێنە گشتییەکانی پارێزگای هەڵەبجە گەیشتوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: لە ساڵی 2017دا 475 پشکنینمان بۆ شوێنی بازرگانی و بینای دوکانەکان کردوە بە مەبەستی پێدانی مۆڵەتی کارکردن و هەبونی مەرجی بەرگری شارستانی، کە لە چاو ساڵی 2016 زۆر زیادی کردوە، چونکە له و ساڵەدا 172 پشکنینمان ئەنجام داوە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی پارێزگای هەڵەبجە، باسی لەوەش کرد: ماوەی ساڵێک دەبێت کە بە تەواوەتی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی دابڕاوین و هیچ پەیوەندیەکمان پێیانەوە نەماوە و بوینەتە بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆ، بەڵام هێشتا لە ڕووی کارمەندەوە پێویستمان بە دامەزراندنی کارمەندی نوێ هەیە لەگەڵ دابینکردنی چەند ئامێرێکی پێویست بە چالاکیەکانمان بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە، هەرچەندە چەندین جاریش داوامان کردوە بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی تائێستا بۆمان جێبەجێ نەکراوە.[1]
#05-01-2018#