دواڕۆژ، بیلال سەنگەری-راپۆرت
تا دێت قەیرانی دارایی زیاتر نەنگ بە هاوڵاتیان دەچنێت، وەک عومەر حەمەکەریم، تەمەن 44 ساڵ دەڵێت بەمووچەی 300 هەزارییەوە، نەک ناتوانم خانووەکەم تەواو بکەم، بەڵکو بەشی خەرجی مانگانەی خێزانەکەشم ناکات، ئیتر بە من چی نرخی کەرەستەی بیناسازی دابەزیوە.
لەدوای قەیرانی دارایی و وەستانی پێشینە و قەرزەکان نیشتەجێبوون و کەمکردنەوەی مووچە و وەستاندنی پرۆژەکانی حکومەت، خواست لەسەر کەرەستەی بیناسازی بەڕێژیەکی بەرچاو دابەزیوە.
بێستون ئەحمەد، خاوەنی کۆمپانیای بێستون بۆ کەرەستەی بیناسازیی بەدواڕۆژی وت خواست لەسەر کەرەستەی بیناسازی بەڕێژەی 80% دابەزیوە، لە پێش ئەم قەیرانەدا ڕۆژانە نزیکەی 2000 هەزار تەن شیش و چیمەنتۆمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا فرۆشمان بۆ 200 تەن دابەزیوە.
وەک خاوەنی ئەو کۆمپایایە دەڵێت وەستانی پرۆژەکانی حکومەت و ئەو قەیرانە داراییەی کە هەیە، وایکردوە هاوڵاتیان نەتوانن بینادروست بکەن، بەمەش ئاستی داخوازی لەسەر کەرەستەی بیناسازی کەمیکردوە، وتیشی لەئێستادا ئێمە 80%ی ئەو کەرەستانە ڕەوانەی شارەکانی عێراق دەکەین.
خاوەنی کۆمپانیایەکی دەرگاوپەنجەرە دەڵێت پێش دروستبوونی قەیرانی دارایی و ڕیفراندۆم، ڕۆژانە بە بەهای 100 هەزار دۆلار مامەڵەمان کردوە، بەڵام ئێستا ئەو ڕێژەیە بۆ 1000 هەزار دۆلار دابەزیووە.
حاجی ئەحمەد شاسوار، خاوەنی کۆمپانیای ئەحمەد شاسوار بۆ کەرەستەی دەرگاو پەنجەرە بۆ دواڕۆژی وتی لەئێستادا خواست لەسەر کەرەستەی بیناسازی زۆر کەمبۆتەوە، ئەگەر پێش ڕیفراندۆم پێنج کەس هاتبن بۆ کڕینی کەرەستەی بیناسازیی، لەئێستادا تەنیا کەسێک دێت.
وتیشی پێدانی قیستیمان بە هاوڵاتیان وەستاندوە، چونک مووچە نیە، هاوڵاتی ناتوانێت قیستەکەی لەوادەی خۆیدا بهێنێت، ئەو هۆکارانە وایکردوە خواست لەسەر کەرەستەی بیناسازیی کەمبێتەوەْْ.
وەستایەکی دانانی دەرگاو پەنجەرەش باس لەوەدەکات ئێستا بێکاربووە، هیچ پرۆژەیەک نیە ئیشی تێدا بکات، هاوڵاتیانیش خانوو دروست ناکەن.
عومەر محمد، وەستای دانانی دەرگاو پەنجەرە بۆ دواڕۆژ باسی لەوەکرد پێش دروستبوونی ئەم قەیرانە ڕۆژانە بە 50 هەزار دینار کاری دەکرد، بەڵام ئێستا نەک ڕۆژانە بەڵکو هەفتانەش ناگات بەو پارەیە، کاری ئێمە بەتەواوی وەستاوە و بێکاربووین.
جگە لەوەی حکومەتی هەرێم هیچ بودجەکی بۆ پرۆژەکانی وەبەرهێنان تەرخان نەکردوە، هەزاران پرۆژە بەنیوەچڵی وەستاوە، ئەوەندەی دیکە کاریگەری لەسەر بازاڕی کەرەستەی بیناسازیی دروستکردوە.
وتەبێژی بەڵێندەرانی سلێمانیش دەڵێت نزیکەی 4000 هەزار پرۆژە ڕاوەستاوە بەهۆی ئەوەی حکومەت ناتوانێت پارەی بەڵێندەران دابین بکات، تەنها 20 پرۆژە کارکرد تێیدا بەردەوامە.
میران کامیل، وتەبێژەی بەڵێندەرانی سلێمانی بەدواڕۆژی وت کاتێک هیچ پرۆژەیەک نەبێت خواست لەسەر کەرەستەی بیناسازیی کەم دەبێتەوە، ئێمە لەئێستادا سەرجەم کارەکانمان ڕاگیراوە، بەهۆی ئەوەی حکومەت پارەمان بۆ دابین ناکات، تا بتوانین پرۆژەی پێ تەواو بکەین، بازاڕی کەرەستەی بیناسازی ببوژێنینەوە.
عومەر حەمه کەریم، ئه و هاوڵاتیەی کە دوو مناڵی نەخۆشی درێژخانی هەیە، بەردەوام دەبێت دەرمانیان بۆ بکرێت بۆ دواڕۆژ وتی ماوەی دوو ساڵە خانوویەکمان هەیە توانامان نییە تەواوی بکەین، بەهۆی ئەوەی پارەمان نییەو بارودۆخی ژیانمان زۆر خراپە، ئیتر چۆن بتوانین خانوو تەواو بکەین، بۆیە چەند نرخی کەرەسەی بیناسازی دابەزێت، خانووەکە بۆ تەواو ناکرێت.[1]
#05-01-2018#