دواڕۆژ، #عیسا عەبدولقەهار#
#وەزارەتی سامانە سروشتییەکان#ی هەرێمی کوردستان لە مانگی کانوونی یەکەمی 2017، بایی زیاتر 663 ملیۆن دۆلار نەوتی هەناردە کردووە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی مانگانەی گۆشەی ئابووری لە ژووری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان.
ئەمڕۆ شەممە 6ی کانوونی دووەمی 2018، گۆشەی ئابووری لە ژووری توێژینەوەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان بڕی داهات و فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ڕابردوو بڵاوکردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری جیهانەوە بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2017، بریتیی بووە لە 9 ملیۆن و چوارسەد و چل هەزار بەرمیل، هەروەها هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی تانکەرەوە بۆ تورکیا لە بیرە نەوتی کێڵگەکانی شێخان ڕۆژانە 200 تەنکەره و مانگانە دەکاتە یەک ملیۆن و حەفتا هەزار و سەد و بیست بەرمیل.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری و تەنکەر برتییە لە 10 ملیۆن و پێنج سەد و دە هەزار و سەد و بیست بەرمیل و تێکڕای نرخی نەوتی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ مانگی کانوونی یەکەمی 2017 بە 64 دۆلار بووە، بەڵام نەوتی هەرێم بە 8 دۆلار کەمتر دەفرۆشرێت لەبازاڕدا کەواتە نرخی نەوتی هەرێم 56 دۆلار فرۆشراوە.
راپۆرتەکە ئاماژە بەوەشکرد، کە کۆی داهاتی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆڕی و تانکەر پێنج سەدو هەشتاو هەشت ملیۆن و پێنج سەد و شەست و شەش هەزار و حەوت سەدو بیست دۆلار.
لەبارەی فرۆشتنی نەوتی هەرێم بە پاڵاوگەکانی ناوخۆ، هاتووە لە مانگی ڕابروو، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان 75 ملیۆن دۆلار نەوتی بە پاڵاوگە ناوخۆییەکانەوە فرۆشتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، کۆی فرۆشتی نەوتی هەرێم لە مانگی ڕابردوو بریتییە لە 663 ملیۆن و پینج سەد و شەست و شەش هەزار و حەوت سەد و بیست دۆلار بووە.
لەبارەی ئەوەی لە باشماخەوە هەناردەدەکرێت، ڕاپۆرتەکە ڕونیکردۆتەوە کە ئەو نەوتەی لە باشماخەوە هەناردە دەکرێت نەوتی کەرکووکە و لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی دایە و داهات نییە بۆ هەرێم.[1]
#06-01-2018#