دواڕۆژ، #ئاوارە حەمید#
داواکاری گشتی ئاماری کار و چالاکیەکانی ساڵی 2017ی ڕاگەیاند و بە پێی ئامارەکە لەساڵی 2017 زیاتر لە 2200 زیادەڕەوی بۆ سەر موڵکی گشتی ئەنجامدراوەو بەراورد بە 2016 دوو هێندە زیادیکردووە.
دلشاد نافز وتەبێژی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێم لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند زیاتر لە 2200 زیادەڕەوی بۆ سەر موڵکی گشتی ئەنجامدراوە.
وتیشی لەساڵی 2016 کەمتر لە 1000 زێدەرەوی تۆمارکراوە بۆ سەر موڵکی گشتی، بەڵام بەداخەوە لە 2017 زیاتر لە 2200 زیادەرەوی تۆمارکراون و داواکاری گشتی سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون دژ بە هەموو ئەو کەسانەی کە زێدەڕۆیان ئەنجامداوە.
لای خۆشیەوە بۆتان بەکر، سکرتێر و بەڕێوەبەری دەستەی مافی گشتی لەسەرۆکایەتی داواکاری گشتی ڕونیکردەوە، کە دەستەی وردبینی لەسەرۆکایەتی داواکاری گشتی بەدواداچوون و بەوردبینی و دەربرینی ڕاوسەرنجی لەسەر 1179 تاوان دەربڕیوە کە لە دادگاکانی هەرێم هەبوون و سزاکانیان بریتی بووە لەسزای هەتاهەتایی و لەسێدارەکان.
باسی لەوەشکرد، کە دەستەکە وردبینی و ڕاو سەرنجی لەسەر 818 تاوانەکانی نەوجەوانان دەربڕیوە کە ڕەوانەی دادگای تەمیزکراون.
ئاماژەی بەوەکرد، دەستەی ڕاوێژکاری زیاتر لە 68 ڕاوێژی بۆ کەیسەکان کردووە.[1]
#07-01-2018#