کوردستان ڕوو لە هەڵدێر، هاوارێک بۆ ڕزگاری
بەرەیەک بۆ فۆرمێکی نوێی حوکمرانی
باشوری کوردستان لەقەیراندا خنکاوە، کەوتۆتە ژێر قەرزو ڕێکەوتننامەی مەترسیدار، لەگەمەیەکی ناسیاسیانەدا نیوەی خاکەکەی دۆڕا، جارێکی تر کوردستان بەرەو گەڕانەوەیە بۆ دۆخی سەدەی بیستەم و لە دەستدانی پشتیوانی نێودەوڵەتی. لە سەدەی نوێدا (9) نەتەوەی جیاواز بەرەوە بە دەوڵەت بوون هەنگاویان نا (جگە لە کورد و تامیل کەهەردوولایان سەرکردەکانیان گەندەڵ و نەشارەزا بوون)، بۆیە ئاسۆی چارەسەری نەک دیارنییە بەڵکو دۆخەکە لە ڕووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، نیشتمانی ودیپلۆماسی، گەیشتوە بەبنبەست و هێشتاش لە پاشەکەشەشدایە وستراتیجیەک بەدی ناکرێت. هەلومەرجەکە بەجۆرێکە پرۆژە چاکسازیەکانیش بون بەبەشێک لە پتەو کردنی گەندەڵی، سەرباری ئەوەش سەرکردەکانی ڕیفراندۆم دۆسیەیان لای ووڵاتە گەورەکانی وەک ئەمریکاو بەریتانیاو یەکێتی ئەوروپا و زۆر ووڵاتی تر داخراوەو مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت و لەقۆناغی سزادایە، لەناو عێراق ودەوروبەریش مەرجی قورسیان خراوەتە سەرو ئەمەش بارگرانی بۆ خەڵک دروست کردوە، ئەوانیش ئەو ویژدانە نیشتمانیە یان نییە خۆیان جێگا و پۆستەکانیان چۆل بکەن بۆ دەستێکی ئەمین وشارەزاتر، بە پێچەوانە هەروا لە خەمی خۆیان و ئەو توێژە گەندەڵەن کە لەدەوریانن ولەخەمی میللەت نین، بۆیە کاتی ئەوە هاتوە چیتر ڕێگە نەدرێت بەناوی حکومەت وکوردایەتی و نیشتمانەوە، یەکریزی دۆسیەی بەرەی گەل وبەرەی گەندەڵی تێکەڵ بکرێت، ئەو جۆرە گەمەیەی ئۆپۆزیسۆن و ئیئتڵاف و تێکەڵی کۆتایی پێبهێنرێت، واتە واباشترە تەنها دووفراکسیۆن دروست بێت لە پەرلەمان یەکەمیان نوێنەرایەتی بەرەی گەلی ستەملێکراو بکات وفراکسیۆنی دوەمیش بانوێنەری بەرەی گەندەلکارانی ستەمکار بکا، هەرکامیشیان لەهەلبژاردنێکی ڕاستەقینە دەرچوون با ئەو حوکم بکات، ئەوی تر ببێتە ئۆپۆزیسۆن، ئەزمونی ئەو 20ساڵە بەڕوونی پێمان دەلێت ئەو فۆرمە حوکمڕانیە شکستی هێناو کە نارازییەکان بەناوی شەراکەت و بەشداریکردنەوە ببنە بەشێک لەو حوکمرانییەی ئامادەی گوێگرتن نییە، لەم فۆرمە حکومرانییە گەل و نیشتمان زیان وگورزی سەختی بەرکەوتەو دۆخەکەی گەیاندوە بە دووڕیانی ژیان ونەژیان، بەتەنها ئەوەی قازانجی کردوە ئەو توێژە دەسترۆیشتوە حوکمرانە گەندەڵە بێویژدانە دیاریکراوە بوە کە دەستی لە کورسی دەسەڵات نابێتەوە.
ئێستا کاتی ئەوە هاتوە فۆرمێکی نوێ لەحوکمڕانی جیاوازو پێکبێت، فۆرمێک کە کەسانی شارەزاو دەستپاک لەپشتیەوە بن و لە بەرەیەکی فراوانی نیمچە میللی- حزبی دامەزرێت و لەبەرەکەدا بوار برەخسێنرێت تا دامودەزگای مەدەنی بەڕاستی نوێنەرایەتی بەرەی گەل لەو بەرەیەدا بکات، بە ئاسۆیی وبەستونی، دەرگا بەرووی هەرهێزو لایەن و گروپ ودەزگاو کەسایەتیەکی تری سیاسی و کۆمەڵایەتی، کە هەمان هەڵوێست و گوتاری هەبێت بکرێتەوە و بوار بدرێت بە ئەندازەی بوونی خۆی بتوانێت بەشداری ئەو بەرە و هاوپەیمانیە بکات تەنانەت ئەگەر تاکە کەسایەتیش بێت. ئێمە وەک ڕۆشەنبیران ونوسەرو چالاکوانان، پاڵپشتی خۆمان بۆ پێکهێنانی ئەو بەرەیە ڕادەگەیەنین، چونکە دڵنیاین لەوەی بەرەیەکی لەو جۆرە دژ بە هیچ حزب ولایەنێکی ترنییە بەڵکو بە پێچەوانەوە سودمەندیشە بۆ ئەولایەنانەی لەدەرەوەی بەرەو هاوپەیمانیەکە دەمێننەوە.
لێرەوە ئێمە ڕایدەگەیەنین بەپشتیوانی هەموو ئەو دۆست و برادەرانەی لەماوەی ڕابردوو پێکەوە چەند کارێکمان بەو ئاراستەیە ئەنجامداوە، ئامادەسازی ئەکەین تا لە کۆنفرانسێکدا پرۆژەو پشتیوانی خۆمان بۆ پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانیەتە بخەینە ڕوو، هەروەها بەپێویستیشی ئەزانین داوا لەهەمو ئەو کەسایەتی ودامەزراوە مەدەنیانە بکەین، کە خواستی ئەوەیان هەیە بەشداربن و ڕۆڵیان هەبێت لە دیاریکردنی ستراتیژی پرۆژەکە، ئاگادارمان بکەنەوە تاپێکەوە لەو دەرگایە بدەین کە بەکردنەوەی دەسترادەگات بە چارەسەری زۆر کێشەو گرفت کە ئێستە یەخەی خەڵکی کوردستانی گرتوە.
#مەسعود عەبدولخالق# و #کەمال ڕەئوف#
#07-01-2018#