دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
#ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان#، بەدواداچوونێکی سەبارەت بە تۆماری دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی کانونی دووەم، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەرده و گەشەپێدان، لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕاپۆرتێکی لەژێر ناوی تۆماری دەنگدەران له نێوان بێگەردی و ساختەکاریدا بڵاوکردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، لە تۆماری دەنگدەراندا کۆمەڵێک کەلێن و کەموکوڕیی بەرچاودەکەوێت، نایشزانرێت کۆمسیۆن لە نوێکردنەوەی تۆمارەکەدا پشت به کامە داتا و بەڵگەنامەکانی وڵات دەبەستێت، چونکە کۆمسیۆن دەبێت لە ئامادەکردن و ڕێکخستن و نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەراندا پشت بە سەرژمێرییەکی پشتڕاستکراوە ببەستێت، بۆ ئەوەی نەبێتە شوێنی تانە لێدان لەلایەن قەوارە سیاسییەکان و چاودێران و ڕێکخراوەکانی بواری هەڵبژاردنەوە.
ئینستتیوتی پەی، ڕایگەیاندووە تائێستا ئامارێکی ورد لەبەردەستدا نییە و نازانرێت هەم ژمارەی دانیشتوانی هەرێم چەنده و هەم چەند کەس مافی دەنگدانی هەیە تا ناوی لە تۆماری دەنگدەراندا تۆمار بکرێت، هەر بۆ ئەم مەبەستەش ژمارەی جیاجیا هەیە.
رێکخراوەکە، ئاشکرایکردووە، جیاوازییەکی بەراوردکاریی لە نێوان ژمارەی دەنگدەر بۆ تۆماری دەنگدەرانی ساڵی 2017ی عێراق لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێم لەگەڵ تۆماری دەنگدەرانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و ڕاپرسی-دا هەیە. تۆماری دەنگدەرانی هەرێم (275423) دووسەد و حەفتا و پێنج هەزار و چوارسەد و بیست وسێ ناوی له و تۆمارە زیاترە کە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە مانگی ئابی 2017 دا بڵاوی کردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا، هاتووە نازانرێت ئەم جیاوازییە زۆرە چیە و پێویستی به بەدواداچوون هەیە، ئەگەرئەم جیاوازییە چارەسەر نەکرێت و وادابنێین بەرکەوتەی هەڵبژاردن بۆ هەر کورسییەک (20000) بیست هەزار دەنگ بێت، ئەوا ئه و ڕێژەیە دەکاتە نزیکەی (13) کورسی ساختە لە هەڵبژاردندا.
لە بەشێکی تری کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا، ئاماژە بەوەکرا، تۆماری دەنگدەران لە هەرێم پشت بە فۆرمی کۆمپانیای خۆراک دەبەستێت و ئەم فۆرمەش لە ساڵی 1996ەوە دروستکراوە بەڵام تا ئێستا ئه و کەسانەی مردوون لە ساڵی 1996ەوە، بە دەگمەن نەبێت، ناویان لە تۆمارەکە نەسراوەتەوە کە بە سەدان هەزار کەس دەخەمڵێنرێن.
ئەوەیشخراوەتەڕوو، تەنها ئه و کەسانەی تەمەنیان لە نێوان (100) تا (164) ساڵدایە، واتە لەدایکبوونیان له نێوان ساڵانی (1853–1918) کە لە تۆمارەکەدا ناویان هاتووە (11799) یانزە هەزار و حەوت سەد و نەوەد و نۆ کەسن لە هەرێمی کوردستاندا، بەم شێوەیە: هەولێر (3499) کەس، دهۆک (2129) کەس، سلێمانی (6171) کەس.
رێکخراوی پەی، لە بارەی ئاماری مردوان، لە بەدواداچوونەکەدا دەڵێت بەپێی ئاماری ساڵی وەزارەتی تەندروستی لە ساڵانی (2001-2017) لە هەرێمی کوردستاندا (217644) کەس مردوون و کەسیان ناویان لە تۆماری دەنگدەراندا نەسڕاوەتەوە. ئەمە جگە لە مردوانی ساڵانی (1996-2001) ناوەکانیان دەستنەکەوتوون و له و ژمارەیەدا نییە.
بەدواداچوونی ڕێکخراوەکە، ئاشکرایشیکردووە، کاتێک وردبینیی لە تۆمارەکە دەکرێت، ژمارەیەکی زۆر ناوی دووباره و سێ بارە و تەنانەت تا بیست باره-یشی تیایە، هەرچەندە کۆمسیۆن پێیوایە ئەم ناوانە لەیەکچوونە نەک دووبارە، بەڵام لەڕاستیدا ناوەکان به هەموو پێوەرەکانی (ناوی سیانی، ساڵ و شوێنی لەدایکبوون، کۆدی پارێزگا و کۆدی دەنگدان-یشەوە) وەکو یەکن، کە ئەمانەش بە نزیکەی سەد هەزار کەس مەزەندە دەکرێن.
رێکخراوەکە، باسی لەوەیشکردووە، ژمارەیەک لە کوردانی باکور (تورکیا) و ڕۆژئاوا (سوریا) و ڕۆژهەڵات (ئێران) فۆرمی خۆراکیان بۆ دروستکراوە، ئەوانەی له هەرێمدا نیشتەجێن و بەپێی یاسا ئیقامەیان هەیە و ڕەگەزنامەیان وەرگرتووە ئاساییە، بەڵام بەشێکیان بەساختە ناسنامەی باری شارستانییان بۆ دروستکراوه و (تعداد الفرعی)یان بۆ کراوه و ناویان خزێنراوەتە نێو تۆماری دەنگدەرانەوە کە لەڕاستیدا مافی دەنگدانیان نییە.
بەشێکی تری ڕاپۆرتەکە تایبەتە بە لیستی تۆماری دەنگدەران، لەوبارەیەوە ئەوە ڕوونکراوەتەوە، دەنگدەرانی تایبەت (لە هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش و پێشمەرگە) کە ژمارەیان بە سەدان هەزار دەخەمڵێنرێت، دوو جار ناویان تۆمار کراوە، هەم لە لیستی تایبەت بەخۆیان (تۆماری دەنگدەرانی تایبەت) دا هەیە و هەم لە تۆمارە گشتیەکەیشدا ناویان نەسڕاوەتەوە و دوو جار دەنگ دەدەن.
راپۆڕتەکە، ئەوەشی خستووەتەڕوو، زیاد لە (184000) کەسە لە هەرێمدا و لەهەمانکاتدا لیستی دەنگدەرانی هەرێم کە لە بەغداوە هاتووە (179000) کەسە، ئەمانەش زۆرینەیان، ئەگەر هەموویشی نەبێت، ناوەکانیان دووبارە بووەتەوە لە تۆماری دەنگدەرانی گشتیدا.
رێکخراوەکە، داوا دەکات پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنێکی تایبەتدا حکومەت و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی بانگهێشت بکات بۆ دانانی ڕێکارەکانی هەڵبژاردن و ئامادەکاریی پێویست، تا وەکو جارەکانی تری ڕابردوو تووشی پەلەپروزێ نەبن و پرۆسەکە به نەنگی و کرچوکاڵی بەڕێوە نەچێت.
دەشڵێت حزبە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بێخەم و خەمسارد بوون لە هەمبەر کەموکوڕی و کارە نایاساییەکانی تۆماری دەنگدەران، هیچ کامیان تا ئێستایشی لەگەڵدابێت، سەرباری ئەوەی ڕاستیەکان دەزانن و بەڵگە و دۆکیۆمێنتەکانی ساختەکاریی تۆمارەکەیان لەبەردەستدایە، کەچی نەک هەر هەوڵی پاککردنەوەیان نەداوە و نایدەن بەڵکو بێدەنگن لەئاستیدا.[1]
#07-01-2018#