دواڕۆژ، #بەختیار شەریف#
ئەمڕۆ دووشەممە 8ی کانوونی دووەم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەقایمقامیەتی قەزای #چەمچەماڵ# ئامارەکانی ساڵی ڕابردووی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و تەندروستی قەزاکە ڕاگەیەنران.
سەرەتای کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە ڕەمک ڕەمەزان، قایمقامی قەزای چەمچەماڵ وتی سنوری ئیداری قەزای چەمچەماڵ لە 8 ناحیە و 50 فەرمانگە پێکهاتووە، لەڕێگەی فەرمانگەکان و لیژنەکانەوە کاروباری خەڵک بەڕێدەکرێت.
وتیشی لەساڵی 2017دا شارەوانی چەمچەماڵ 450 ملیۆن دینار و فەرمانگەی ئاویش زیاتر لە 300 ملیۆن دینار داهاتیان بووە، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەت بەبڕی 4 ملیۆن و 245 هەزار دینار غەرامەی سەرپێچیکارانیان کردووە.
قایمقامی قەزای چەمچەماڵ ئاماری ئاگرکوژێنەوەی قەزاکەشی ڕاگەیاند و وتی لە ساڵی ڕابردوودا 147 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە کۆنترۆڵکراون و 5 حاڵەتی برینداری ئاگرکەوتنەوە و 3 حاڵەتی خنکانمان هەبووە.
$ئامارەکانی کوشتن و دزی لای پۆلیس:$
هەر له و کۆنگرەیەدا عەمید عادل ساڵح، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ئاماری بنکەکانی پۆلیسی ڕاگەیاند و وتی لەساڵی 2017دا دوو هەزار و 175 کەیس هەبوون، بەراورد بە ساڵی 2016 زیادیانکردووە، بەڵام کوشتن کەمی کردووە بە جۆرێک لە ساڵی ڕابردوودا تەنیا 12 حاڵەتی کوشتن هەبوو، وە لەساڵی 2016دا 15 کەیسی کوشتن تۆمارکراوە.
وتیشی له و 12 حاڵەتەی ساڵی ڕابردوودا 10 حاڵەتیان تۆمەتبار ناسراوە و 5 کەسیان دەستگیرکراون و ڕێوشوێنی یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و ئەوانی تر شوێنیان دیارنیە، هەوڵی خۆکوشتن 24 کەیس بووە و 9 کەسیش لەساڵی ڕابردوودا خۆیان کوشتوە، هەروەها لەساڵی 2017دا هەزار و 240 فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتباران هەبوو، هەزار و 57 کەسیان دەستگیرکران و 183 کەسیش دەستگیرنەکراون.
بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ ئاماری تەقەکردنی ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند لەساڵی 2016دا 205 حاڵەتی تەقەکردن هەبووە، لەساڵی ڕابردوودا کەمیکردووە بۆ 190 حاڵەت، بەڵام حاڵەتی دزی زیادیکردووە بەجۆرێک لەساڵی 2016 تەنها 310 حاڵەت هەبووە بەڵام لە 2017 زیادیکردووە بۆ 326 حاڵەت.
$ئامارەکانی هاتوچۆ:$
عەقید عومەر حەمە عەلی، بەڕێوەبەری هاتوچۆی چەمچەماڵیش لە کۆنگرەکەدا ئامارەکانی هاتوچۆی لەسنورەکە ڕاگەیاند لەساڵی ڕابردوودا 91 ڕووداوی جۆراو جۆری هاتوچۆ ڕوویانداوە کە 39 ڕووداویان پێکدادان بووە، 40 وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل بووە لەگەڵ 11 شێلان.
وتیشی کۆی گشتی ئه و کەسانەی بەڕووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەستداوە بریتی بوو لە 26 مردن کە بەراورد بەساڵی 2016 زیادیکردووە، چونکە له و ساڵەدا تەنها 21 حاڵەتی مردن هەبووە، وە برینداری ڕووداوی هاتوچۆ 151 حاڵەت تۆمارکراوە، زۆرترین ڕووداوی هاتوچۆ لەڕێگەی نێوان چەمچەماڵ – سلێمانی تۆمارکراون.
بەڕێوەبەری هاتوچۆ ئەوەشی ڕاگەیاند 11 هەزار و 181 سەرپێچی لەڕێی کامێراکانی هاتوچۆوە تۆمارکراون لەگەڵ بڕینی 2 هەزار و 608 پسوڵەی سەرپێچی بۆ شۆفێران.
$ئامارەکانی تەندروستی:$
ئەیوب حەمە، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ لەبارەی ئامارەکانی فەرمانگەکەیەوە ئەوەی ڕایگەیاند لەسالی 2017دا 289 هەزار و 469 کەس سەردانی نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانیان کردووە، بەراورد بەساڵی 2016 ڕێژەکە بەرزبۆتەوە کە بریتی بووە لە 269 هەزار و 242 کەس.
راشیگەیاند لەبنکەی پشکنینی بانی مەقان 695 تەن و 60 هەزار و 610 کارتۆن خۆراکی ناتەندروستمان گەڕاندوەتەوە و نەمانهێشتووە بچێتە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانەوە، لەگەڵ دەست بەسەردا گرتنی 5 تەن دەرمانی خراپ و ماوە بەسەرچوودا.[1]
#08-01-2018#