دواڕۆژ، #بیلال ئیسماعیل#- ڕاپۆرت
نەبونی مووچه و قەیرانی دارایی بازاری گەرمی قیست ڕادەگرێت و لە ئێستاشدا ئەوانەی قیستیان لایە ناتوانن لەکاتی خۆیدا بیگێڕنەوە و دوکاندارەکانیش بێتوانایی خۆیان لە پێدانی قیستی زیاتر بەهاوڵاتیان و فەرمانبەران ڕادەگەینن.
رێبوار جەمال کە خاوەنی یەکێک لە پێشانگاکانە، له و بارەیەوە بۆ دوارۆژ وت لەئێستادا 300 هەزار دۆلارمان لەقیستدایە، ڕۆژی 100 دۆلارمان بۆ ناگەڕێتەوە، بۆیە قیستمان ڕاگرتووە، چونکە بەشێکی ئەوانەی قیستمان لایەنە فەرمانبەرن.
وتیشی “چەندین جار پەیوەندیمان بەفەرمانگە کانیانەوە کردووە کە پشتگیریان بۆکردووە، پێیان ڕاگەیاندوین ناتوانن موچەکانیان ببڕن، لەکاتێکدا تەنها بەشی بژێویان دەکات
ئاماژەی بەوەشدا کە بەهۆی ئەو قەیرانەوە تا ئێستا شەش کەس کە وەکو شاگرد لە پێشانگاکەیان کاری کردووە دەریانکردوون و ناتوانن مووچە بدەن.
هاوکات ئارام عبدولکەریم کە خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی ئامێری کارەباییە، بە دوارۆژی ڕاگەیاند وەک خاوەنی کۆمپانیایەک نزیکەی 800 هەزار دۆلارم لە قیستدایە، بۆیە توانای ئەوەمان نییە ئێستا قیست بدەین بە هاوڵاتیان.
دەشڵێت لە ڕاستیدا ئەو کەسانەی کە ڕاستگۆبوون، قەیرانی دارای وای لێکردون بە ناچاری درۆمان لەگەڵدا بکەن، چونک لەباتی ئەوەی قیستەکان بۆ ئێمە بهێننەوە بەناچاری ئەیدەن بەشیر و دایبی و بژێوی ژیانیانی پێدابین دەکەن و لەبەر نەبونی هێنانەوەی قیستەکانی ئێمە پشتگوێ دەخەون.
باران مەحەمەد کە لەسەرەتای ژیانی هاوسەریدایه و پێشتر شمەکی بەقیست بردووە، بەڵام ئێستا توانایی دانەوەی نییە، بە دواڕۆژ وت بەمەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستی ناوماڵ هەستام بە هێنانی ئەو کەلوپەلانە بەقیست، چونکە پارەی حازرەم بەدەستەوە نەبوو، بەڵام پێشتر موچەکەم 700 هەزار بوو و به و مووچەیە دەمتوانی قیستەکان بدەمەوە.
باران ئاماژە بەوەدەکات کە سیستمی پاشەکەوتی مووچە بێ توانایی کردووە لەدانەوەی قیستەکان و بەو 400 هەزارەی کە وەریدەگرێت تەنها دەتوانێت بژێوی خۆی و خێزانەکەی دابینبکات.
باران دەزانێت خاوەن دوکانەکانیش پێویستیان بەپارەیە، بەڵام وەک خۆی وتی موچەکەم دوومانگ جارێک یاخود کەمتر دێت، بۆیە هەتاوەکو باری دارایم باش نەبێت لەتوانامدا نییە قیست بدەمەوە، گەرچی خاوەن قیستیش پێویستی بە پارەیە، بەڵام دوخی ئێمە لەوان زۆر خراپترە، تاکو دۆخەکە وابێت توانای دانەوەی قیستم نییە.
بەوتەی شارەزایەکی ئابوری کاتێک پارە لە خەزێنەی حکومەتەوە نەچێتە گیرفانی هاوڵاتیان، ئەوکات بازار توشی پوکانەوە دەبێت.
مامۆستا موشیر عارف دەرچوی بەشی ئابوری و شارەزایی ئه و بوارە بە دوارۆژ وت هەر لەبنچینەدا سیولە یاخود پارە لە خەزێنەی دوڵەت نەبێت، ئەوە واتا پارە ناچێتە گیرفانی هاوڵاتی و لە گیرفانی هاوڵاتیش ناچێتە بازاڕ، بەمەش ئەو سێکتەرانەی کە پیواندنیان بە پارە یاخود کەلوپەلی هاوڵاتیانەوە هەیە دادەبەزێت و بازاڕ توشی پوکانەوە و هەڵاوسان دەکات.
وتیشی ”ئەم قەیرانە چارەسەری ڕیشەیی دەوێت و لە ئێستادا حکومەت ناتوانێت چارەسەری ڕیشەی بکات، بۆیە باشترە دەستکاری پاشکەوتی مووچەی فەرمانبەران بکات، بۆ ئەوەی ئەو قەیرانەی دروستبووە کاریگەری کەمتربێتەوەو هاوڵاتیان بتوانن قیستەکانیان بدەنەوە.
بەهۆی کێشە دارییەکان و نەهاتنی مووچەوە، لە چوار ساڵی ڕابردوودا چەندین دوکان و بازار و مۆڵی گەورەش مایەپووچبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە.[1]
#08-01-2018#