دواڕۆژ، #کۆچەر عەلی#
بەهۆی خراپی باری داراییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بازاڕی زێڕ بەره و کزی دەچێت و خاوەن دوکانێکی زەڕەنگەریش ئاشکرایدەکات، لە ئێستادا هاوڵاتیان و فەرمانبەران لە بری کڕین، زێڕەکانیان دەفرۆشنەوە، وتەبێژی سەندیکای زەڕەنگەرانیش دەڵێت ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 22 تۆن و 49 کیلۆ زێر هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
کاروان حەمەدی تەمەن 28 ساڵ کە ماوەی سێ ساڵە چۆتە نێو ژیانی هاوسەرگیرییەوه و پیشەی کرێکارە بە دواڕۆژی وت لەبەر نەبوونی کار و خراپی باری دارایی، ئه و زێڕەی پێش سێ ساڵ بۆ هاوسەرەکەم کڕی بوو لە دوکانی زەڕەنگەر فرۆشتمەوە.
وتیشی پێویستە حکومەتی هەرێم لەڕێگەی کەرتی گشتی و تایبەتەوە بتوانێت هەلی کار بۆ گەنجان و هاوڵاتیان دابین بکات، چونکە ناکرێت لە دوای 27 ساڵ لە حکومڕانی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بژێوی ژیانیان بەجۆرێک خراپ بێت وەک سەردەمی ڕاپەڕینەکە خەڵک بێت ماڵ و پێداویستییەکانی خۆی بۆ بەڕێکردنی ژیان بفرۆشێتەوە.
هاوکات هندرێن وەرتی وتەبێژی سەندیکای زەڕەنگەرانی کوردستان لەو بارەیەوە بە دواڕۆژی وت لە ساڵی 2017-دا 22 تۆن و 49 کیلۆ زێڕ هاوردەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کراوە.
وتیشی لەوەتەی گەشتەکانی هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێم لە 28ی ئەیلولی2017 وەستاون، تەنها 49 کیلۆ زێڕ هاوردەی هەرێم کراوە ئەویش لە ڕێگەی تورکیاوە بووە.
هندرێن وەرتی کە خاوەن دوکانی ئاڵوگۆڕی زێڕیشە ئاماژەی بەوەشکرد، وەستانی ئالوگۆڕی زێڕ زیانێکی زۆری لە ئابوری هەرێم داوە، چونکە لەلایەک بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان و لەلایەکی تریشەوە بەهۆی خراپی دۆخی ئابورییەوە هاوڵاتیان خواستیان لەسەر زێر کەمبۆتەوە.
سەباح خۆشناو خاوەن دوکانێکی تری زەڕەنگەر لە شاری هەولێر لەبارەی جموجۆڵی کڕین و فرۆشتنی زێڕ لە ئێستادا دەڵێت قەیرانی دارایی کاریگەرییەکی خراپی کردۆتە سەر ڕەوشی ژیانی هاوڵاتیان و بەم هۆیەشەوە ئەنجامدانی پڕۆسەی هاوسەرگیری ڕووی لەکەم بونەوە کردووه و ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەریی لە سەر سست بونی بازاڕی فرۆشتنی خشڵ و زێڕ دروستکردووە.
دەشڵێت بەر لە قەیرانی دارایی و ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی پارێزگای کەرکووک ڕۆژانە چەندین کڕیار سەردانی دووکانەکەیان دەکردو زێڕیان دەکڕی، کەچی ئێستا ڕێژەی سەردانی هاوڵاتیان بۆ کڕینی زێر زۆر کەمبۆتەوه و جاری وا هەیە بە هەفتە کەس نایەت بۆ زێڕ کڕین، ئەمەش بۆتە مایەی بێزاری بۆ زەڕەنگەرەکان.
سەباح خۆشناو ئەوەشی ئاشکراکرد کە لەگەڵ ئەوەی خەڵک بە کەمی زێڕ دەکڕن لە هەمان کاتدا خەڵکێکیش بۆ دابینکردنی بژێوی ژیان و پێداویستیەکانی ڕۆژانەیان دێن زێڕەکانیان دەفرۆشنەوە.
تەنها قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە نیە بازاڕی ئالوگۆڕی زێڕی تووشی کێشە کردووە، بەڵام زۆری باج لەسەر زێڕی هاوردە بۆتە کێشەیەکی تر لەسەر بازرگانانی زێڕ وتەبێژی زەڕەنگەرانی کوردستان پێی وایە زۆری باج لەسەر هاوردەی زێڕ وا دەکات بازرگانان هاوردە کردنی زێڕ بۆ ناو هەرێم کەمبکەنەوە.
هندرێن وەرتی ئاماژەی بەوەشدا، لە بەرامبەر هاوردەکردنی هەر کیلۆیەک زێڕ لە دەرەوە حکومەتی هەرێم بە گومرگ و پشکنینەوە بڕی 240 هەزار دینار وەک باج لە بازرگانانی زێڕ وەردەگرێت، ئەمەش بۆتە بارگرانیەکی زۆر لەسەر ئەوانەی زێڕ هاوردە دەکەن.
وتەبێژەکەی سەندیکای زەڕەنگەرانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، ئه و زێڕەی لە وڵاتانی تورکیا و ئیمارات و چەند وڵاتێکی ترەوە هاوردە دەکرێت جارێکی تر بە ڕێژەی 70% لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی شارەکانی خوارووی عێراق دەکرێتەوه و حکومەتی عێراقیش لەبەرامبەر یەک کیلۆ زێڕ کە دەچێتە ناو عێراق بڕی 2500 دۆلار وەردەگرێت.
لە بارەی نرخی زێڕیشەوە هندرێن دەڵێت دیاری کردنی نرخی زێر پەیوەندی بە بۆرسەی جیهانییەوە هەیه و ئەوان دەسەڵاتیان بەسەر نرخی کڕین و فرۆشتنی زێرەوە نییە، هەندێ جاریش بە هۆی کێشە سیاسییەکان نرخی دۆلار لەناوخۆدا بەرز دەبێتەوە، ئەوکاتە نرخی زێڕێش بەرزی و نزمی بەخۆییەوە دەبینێت، بەڵام لە ئێستادا نرخی زێڕ جیاوازیەکی وای لەگەڵ پێش داخستنی فرۆکەخانەکانی هەرێم نییە.
لەگەڵ ئەوەی قەیرانی دارایی کاریگەریی خراپی کردۆتە سەر کڕین و فرۆشتنی زێر، بەڵام تا دێت دوکانەکانی زەڕەنگەری ژمارەیان زیاتر دەبێت، بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری لە ساڵی 2017-دا هەزار و 400 مۆڵەتی زەڕەنگەری بەهاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دراوە، هەروەها 120 وەرشەی دروستکردن و چاککردنەوەی زێڕیش لەهەرێمی کوردستان بوونی هەیە.[1]
#09-01-2018#