دواڕۆژ، #هانا چۆمانی#
کونسڵخانەی ئێران ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، مەرزی #کێلێ# گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر هەوڵدەدات ئەو خاڵە سنورییە بەرەو پێش ببات لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە ساڵانە زیاتر لە 45 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی تیادا دەکرێت.
لەڕاگەیەنراوێکی کونسڵخانەی ئێران لە شاری هەولێر کە ئەمڕۆ سێ شەممە 9ی کانوونی دووەمی 2018 بڵاوکراوەتەوە تیایدا هاتووە، خاڵی سنوری کێلی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی زۆری پێدەدرێت و ساڵی 2016 بەبڕی زیاتر لە 45 ملیۆن دۆلار ئاڵوگۆری بازرگانی تیادا کراوە، ساڵی 2017 بەبڕی %37 ئەو ئالوگۆرە گەشەیکردووە و زیادیکردوە.
هەروەها ئەوەش هاتووە، لەو مەرزەوە ئێران هەناردەی کەلوپەلەکانی خواردەمەنی و شوشە و پلاستیک دەکات، هەروەها لە ساڵی 2017دا بڕی 7 هەزار تەن سێوی ئیرانی هەناردەی کوردستان کراوە بەبڕی نیو ملیۆن دۆلار کە بەراورد بە ساڵی 2016 بەڕێژەی سەدا 60 زیادیکردووە.
کونسڵخانەی ئێران لە هەولێر ئەوەشی خستوەتەڕوو، کۆماری ئیسلامی ئێران گرنگی زیاتر بەو خاڵە سنورییە دەدات بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لەو ناوچە و خاڵە سنورییەدا جگە لەوە ئاڵوگۆڕی ئابوریش پەرە دەسێنێت بۆ هەردولا.[1]
#09-01-2018#