دواڕۆژ، #کۆچەر عەلی#
خاوەن نوسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی ڕایدەگەیەنن، چەند ڕۆژێکە نرخی زەوی بەڕێژەی 10% بۆ 20% ڕووی لەبەرزبوونەوە کردووە و ئابووریناسێکیش پێیوایە نزیکبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان #هەولێر#و بەغداو هەواڵی ناردنی موچە لەلایەن بەغداوە جوڵە دەخاتە نێو بازاڕ بە گشتی.
لەدوای هەڵگیرسانی شەڕی داعش لەساڵی 2014دا نرخی خانوو و زەوی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی بەجۆرێک بازاڕی کڕین و فرۆشتن وەستا و نرخی خانوو و زەوی بەڕێژەی 70% دابەزینی تۆمار کرد.
بایەزید کەریم، خاوەن نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو زەوی لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند ماوەی چەند ڕۆژێکە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زەوی جوڵەی تێکەوتووەو ڕۆژانە خەڵک سەردانی نوسینگەکان دەکەن بۆ پرسینی نرخی خانوو و زەوی و هەندێ لەو خەڵکانەش زەوی دەکڕن.
ئەو خاوەن نوسینگەیە وتیشی لەماوەی چوار ڕۆژی ڕابردوودا لەکەرتی هەشتی حەسارۆک کە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر پارچە زەوییەکی 250 مەتری لە هەزار تا چوار هەزار دۆلار نرخەکەی بەرز بۆتەوە، بەڵام هەرچی خانووە، نرخەکەی کەمتر بەرەو بەرز بوونەوە چووە.
هاوکات سێبور خالید، خاوەنی نوسینگەی کڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی لە ڕۆژئاوای هەولێر بۆ دواڕۆژ وتی لەسنورەکەی ئەوان زەوییەکی 300 مەتری کە هیچ خزمەتگوازرییەکی بۆ دابین نەکراوە، پێشتر بە شەش هەزار دۆلار بوو، بەڵام تا ڕۆژی یەکشەممە7ی کانونی دووەم، نرخەکەی بۆتە حەوت هەزار و 500 دۆلار.
ئەوەشی خستەڕوو، بەگشتی ئەو زەوییانەی پێشتر نرخیان بە 10 هەزار دۆلار بووە لە دوای ئەو کرانەوەیەی نێوان هەولێرو بەغدا ئێستا نرخیان بۆتە 13 هەزار دۆلارو هەندێکی تر لە زەوییەکان کە نرخیان بە 15 هەزار دۆلار بووە نرخەکەی بەرز بۆتەوە بۆ 19 هەزار دۆلارو هەرچی ئەو زەویانەشە کە نزیک سەنتەری شاری هەولێرن و 250 مەتری و 300 مەترین پێشتر نرخەکەیان بە 30 هەزار دۆلار بوو ئێستا بۆ 35 هەزار دۆلار.
سێبور خالید، ڕوونیشیکردەوە، بە کۆی گشتی بەرز بوونەوەی نرخی زەوی بە سێ شێواز نرخەکەی بەرز بۆتەوە بەجۆرێک لە 10% و 15% تا 20% نرخی زەوی بەرز بۆتەوەو گەر پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا بەرەو باشتر بڕوات و بەغدا مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، ئەوە بە دڵنیاییەوە نرخی زەوی و خانوو زیاتر بەرز دەبێتەوە.
سەبارەت بە نرخی خانووش، بایەزید کەریم، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، نرخی خانوو وەک زەوی زۆر بەرز نەبۆتەوە، بەڵام بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانووش تۆزێک جوڵەی تێکەوتووەو بە ڕێژەی 5% بەرز بۆتەوە.
ئابووریناسێک پێیوایە گەر حکومەتی عێراقی پابەند بێت بە چارەسەر کردنی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، لەماوەیەکی کەمدا جوڵەیەکی تەواو دەکەوێتە ناو بازاڕ.
خورشید مەولود دزەیی، مامۆستای بەشی ئابووری لەزانکۆی سەڵاحەدین لەلێدوانێکی تایبەتدا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بەرزبوونەوەی نرخی زەوی و خانوو پەیوەندی بە کۆمەڵێک پرسی گرنگ هەیە کە هاوتەریبن لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، لەوانە ئارام بوونەوەی ڕەوشی سیاسی ناوچەکە بەتایبەت چارەسەر بوونی کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداو ناردنی بەشە بوجەی هەرێم.
ئەو ئابووریناسە دەشڵێت ئەگەر حکومەتی هەرێم بتوانێ لەگەڵ بەغدا لەبەر موچەو بوجەی کار پێکەر ڕێکبکەوێت و وەک ساڵانی بەر لەشەڕی داعش پڕۆژە خزمەتگوازری و ئابوورییەکان بە گەڕ بخاتەوە، ئەوکاتە ژیانی خەڵک بەرەو باشتر دەچێت و هاوڵاتیان ڕوو دەکەنە کڕینی زەوی و خانووی لەسەر دروستدەکەن.
خورشید مەولود دزەیی، پێشیوایە ئەگەر دۆخەکە بەرەو چارەسەری بڕوات نرخی خانوو و زەوی وەک پێش قەیرانی دارایی بەرز نابێتەوە، چونکە ئەوکات خەڵک خانوویەکی زۆری دروستکرد بۆ ئەوەی بەکرێی بدات، بەڵام ئێستا بەهۆی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان خانووێکی زۆر بە بەتاڵی دەمێنێتەوەو ئەمەش وا دەکات خەڵک زۆر ڕوو لە خانوو دروستکردن نەکات.[1]
#11-01-2018#