ناو: سەڵاح
ناوی باوک: حسێن ئەفەندی
ساڵی لەدایکبوون: 1951
$ژیاننامە$
لە ساڵی 1951 لە #سلێمانی# لە دایک بووم
قوتابخانەی سەرەتاییم لە سلێمانی تەواو کردووە
1970-1964 لە بەغدا قوتابخانەی ناوەندی و ئامادەییم تەواو کرد
1971 - 1975 کۆلیژی کشتووکاڵیم لە زانکۆی سلێمانی تەواو کرد
1974 - 1975 بەشداریم لە بزوتنەوەی چەکداری کوردا کرد
بە درێژایی ساڵی 1978 لە سوریا و لوبنان بووم
1979 - 2020 لە وڵاتی سوید ژیاوم
سەرەتای 2021 بە ئێجگاری گەڕامەوە بۆ کوردستان و لە سلێمانی نیشتەجێم
هەر لە سەرەتای خوێندی ئامادەییەوە، خولیای خوێندنەوە و تێگەیشتنی بابەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی کەوتە گیانم.
لە نێوان 1971 - 1975 کادیری کۆمەڵەی مارکسی لینینی(ڕەنجدەران) بووم. کە ساڵی 1979، کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستم بە جێهیشت بە تەواوەتی وازم لە کاری سیاسی حیزبی هێنا.
چەند بابەت و ڕوداوی گرنگ لە ژیانمدا پاڵی پێوە ناوم بەردەومبم لە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوە، بە مەبەستی گەڕان بە دوای ڕاستیدا، هۆکارەکانی گۆڕانکاری، دواکەوتن یان پێشکەوتنی کۆمەڵگە، نایەکسانی، بوژاندنەوەی ئابووری و خۆشگوزەرانی خەڵک، ئازادی و مافی دیموکراسی، فرەرەنگی و قبووڵکردنی بیرورای جیاواز، یەکسانی ژن و پیاو…. هەندێک لەو ڕودا و بابەتە ئەمانەن :
کودەتای 1958 لە عێراق و داڕمانی پاشایەتی و قەتڵوعامی بنەماڵەکەیان
چالاکییەکانی پارتی کۆمونیستی عێراق لە ساڵەکانی 1958 - 1961
بزوتنەوەی نەتەوایەتی کورد و کاردانەوەکانی بەسەر ژیان و بیر و بۆچوونی خەڵکدا
زوڵم و ئازاری بێ هاوتای نەتەوایەتی حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی عێراق لەسەر خەڵکانی کوردستان
بەسەربردی شەش ساڵ لە بەغدا یارمەتی دام کە لە نزیکەوە شارەزای ژیان و گرفتەکانی خەڵکی هەژار و بێ دەستەلاتی بەغدا ببم، چونکە زوربەی ئەو کاتە لە گەرەکە هەژارەکاندا دەژیاین. لە نزیکەوە چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناو خەڵکی باشووری عێراقدا ببینم.
ئاشنا بوونم بە چەند هاوڕییەکی ژیان لە بەغدا و دواتر لە سلێمانی، کە بە دڵ و بە گیان تینووی فێربوون و گەڕان بەشوین کلیلی گۆڕانکاری و ئازادی و یەکسانیدا بوون.
سەقامگیری و ئاشتی نێوان ساڵەکانی 1970 - 1974 یارمەتێکی زۆری داین، کە لەسەر خۆ، بگەڕێین بەشوین فێربوون و بەخۆداچوونەوەدا.
بەشداری کردنم لە بزوتنەوەی چەکداری کوردا ساڵی 1974 یارمەتی دام کە لە نزیکەوە ئاگاداری ژیانی خەڵکی لادێی کوردستان بم، کە لەو سەردەمەدا نزیک لە 80٪ ی دانیشتوان بوون. هەروەها زیاتر لە سروشتی سەرکردایەتی و ڕێباز و ڕەفتاری بزوتنەوەکە بگەم، لە نزیکەوە زیاتر لە سروشتی کۆمەڵەی ڕەنجەران تێ بگەم.
ئەگەر چی شکستهێنانی بزوتنەوەی چەکداری کورد ساڵی 1974، لام غەریب نەبوو، بە ڵام وەکو زەنگێک وا بوو کەبەخەبەری هێنام و تێی گەیاندم کە ئاستی تیگەیستن و فێربوون و ئەزموونم چەند نزم بوو.
لە بەر ئەو هۆیانە و بڕوا نەبوونم بە بزوتنەوەی چەکداری و پڕۆگرام و زەمینەی نالەباری سەرهەڵدانی، کە هەڕەشەی گرتنم لە لایەن دەستگا سیخوڕێکانی بەعس هاتە سەر، ناچار بووم لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی تردا وڵات بەجێ بهێڵم.
ئەو کاتە، لوبنان، سەنتەری کۆبونەوەی خەڵکی (شۆرشگێر و ڕۆشنبیر و خەڵکانی ئۆپوسوسیونی) خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بوو، بۆیە بە نیاز بووم لەوێ نیشتەجێ بم و لەوێ بەردەوامی بدەم بە چالاکییەکانم. بەڵام زۆری نەبرد کە بۆم دەرکەوت کە ئەو زەمینەیە، وەکو من چاوەروانم دەکرد هێندە لەبار نەبوو، بۆیە بریارم دا واز لە چالاکی سیاسی بهێنم و ڕووبکەمە ئەوروپا.
بەسەربردنی ئەو ساڵە لە لوبنان و سوریا، یارمەتی دام کە لە نزیکەوە زیاتر شارەزای سیاسەتی هەرێمی و عەرەبی و فەلەستینی و جیهان ببم، زیاتر لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئایدۆلوژی نەتەوایەتی و سوسیالیستی بگەم بە مەبەستی هەڵفڕیواندنی خەڵک و ئامڕازێک بۆ گرتنی دەستەڵات و سەرچاوەی ساماندا.
زیاتر لە بێ توانایی و نەزانیی خۆم تێگەیشتم، زیاتر تینووی کردم بۆ گەڕان بەشوێن ڕاستیدا، لیکۆلینەوە و تۆژینەوە لە سەر بنەمایەکی زانستیانە.
بە جێهێشتنی وڵات و خۆرهەلاتی ناوەڕاست و وازهێنانم لە چالاکی سیاسی، گەورەترین و کاریگەریترین ڕوداو بوون لەسەر ژیانم، بۆ چەندین ساڵ ئازارێکی دەرونی زۆری پێ گەیاندم. بەڵام ژیانم لە سوید و ئەوروپا یارمەتی دام کە فێری ئەوەبم کار بکەم و بە ڕەنجی شانی خۆم، خۆم بژێنم، لە نزیکەوە لە سیستمی ئابووری و سیاسی ئەو وڵاتانە تێ بگەم. چکێک فیری گوێگرتن و دیالۆژی کردم، فێری ئەوەی کردم کە گوێ لە ڕای خەڵک بگرم و قبووڵی جیاوازی بۆچوون و فرە ڕەنگی بکەم.
باری نالەباری ئێستای کوردستان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە هەندێ لاوە، چەقبەستوویی ئابووری و سیاسی و نایەکسانی و گەندەڵی، لاوازی خەڵک و کەمبوونی بڕوا بەخۆبوون و بەرچاوتاریکبوونی هەندێک، سووڕاندندنەوە لە بازنەی ئایدۆلۆژی سیاسی و نەتەوەگەری و ئاینی داخراودا. لە لایەکی ترەوە گۆڕانکاری گەورە لە وڵاتەکەماندا، هاتنی تەکنەلۆژی زیرەک، کردنەوەی قاپی جیهان لەبەر دەماندا، بێزاری زۆرینەی خەلک لەو بارە نالەبارە، هەوڵ و چالاکی ژمارەیەک زۆر لە گەنجان و چالاکەوانی کۆمەلگەی مەدەنی و کاسبکاری پشت بەخۆبەست، بەرچاوم ڕووناک دەکەنەوە.
هەموو ئەمانە هانیان داوم، بەتایبەتی لەم 13 ساڵەی دواییدا، بە بەرنامە دەستکەم بە خوێندنەوە و گەران بە شوین فاکتە و ڕاستیدا، دەست بکەم بە نووسین و تۆژینەوە. ئەم باسانەنەی من پەلامارم داون، لە ڕاستیدا کاری تاکە کەسێک نییە، بەڵکو پێویستی بە کارو هاریکاری چەندین خەڵکی بەتوانا هەیە، یان ئینستتیوتێکی بێلایەن، بۆیە من نوسینەکانم بە مە بەستی فراوانکردن و دەوڵەمەندکردنی باسەکانە، ڕاگۆڕیینەوە و دیالۆگە لەسەریان.[1]